لە روناکییەو بۆ تاریکی .! بەشی-3-4

‌رزگار عه‌زیز - پۆڵا


سایتی‌ وێستگه‌ نیوز، سه‌رجه‌م یاداشته‌كانی‌ ڕزگار عه‌زیز- ناسراو به‌ پۆڵا  له‌رێگه‌ی‌ چه‌ند به‌شێكه‌وه‌ ڕۆژانه‌ بڵاوده‌كاته‌وه‌.

پۆڵا یه‌كێكه‌ له‌و زیندانیانه‌ی‌ توانیویه‌تی‌ ژیانی‌ زیندانیكردنی‌ وه‌ك خۆی‌ به‌بێ‌ هیچ رتوش و پێوه‌نانێك بگێڕێته‌وه‌.

پۆڵا یه‌كێكه‌ له‌و كه‌سایه‌تییه‌ زیندانیانه‌ی‌ كه‌ له‌زیندانی‌ ئه‌بو غرێب وه‌ك كۆنترین زیندانی‌ سیاسی‌ هه‌ژمار ده‌كراو هیچ لێبوردنێكی‌ به‌ر نه‌ده‌كه‌وت هه‌تاوه‌كو چه‌ند رۆژێك نزیك روخانی‌ به‌عس.

پۆڵا چیرۆكه‌كانی‌ ئه‌شكه‌نجه‌دان و ژیانی‌ زیندانیانی‌ سیاسی‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ ساده‌و ساكار ده‌گێڕێته‌وه‌.



بەشی-3-4
ھەرلە دەرگاکەوە، کورێکی ئەسمەری خوێن گەرم، بەخەندەوە پێشوازی لێکردم وچووە ژێرباڵم، بەسێ پێپلیکانەدا سەری خستم، بردمیە ناو ژورێکی زۆر خاوێن، قەرەوێڵەیەکی تیادا ئامادە کرابوو بۆ من، دوای ئەوەی لەسەر قەرەوێڵەکە دانیشتم، گوتی من ناوم کەیفیەو کوڕی ئایشەخانم.

ماڵی ئایشە خان خەڵکی شاری قەڵادزێ بوون، بەڵام بەهۆی کاری هاوسەرەکەیەوە، کاک حەمەڕشید کۆرەکانی کەبازگان بووە لەبازاڕی شۆڕیجەی شاری بەغداد، بەخێزانەوە لەوێ ژیاون، دوای کۆچی دوایی کاک حەمەرشید بەڕوداوی هاتووچۆ، دوای ساڵێک ئەمانیش گەراونەتەوە بۆ سلێمانی.

ئایشە خان شەش مناڵی هەبوو دارا، ئەوکاتە ئەو لە دەرەوەی وڵات دەژیا، دانا، قوتابی زانکۆ بوو لە بەغداد، زانا(ڕێزان)فەرمانبەربوو، ئامانج و کەیفی و نەوروز٫ قوتابی بوون.

یەکەم جاربوو بۆ من لەدوای ئەوەی بووم بەپێشمەرگە، لە شوێنێکی ئاوا خاوێندا بژیم، ھەموو پێداویستیەکیان بۆ دابین کردم، خۆشتن، جلی پاك، خواردن، لەگەڵ ئەوەی ئازاری برینەکەم زۆر بوو، بەڵام باری دەرونیم بەبەردەوامی بەرەو باشتر دەچوو، ئەتوانم بڵێم کەبە تەنها خۆشتنەکە، ئارامیەیەکی زۆری دا بەدەرونم، چ جای ئەو مامەڵە پڕ ڕێزو خۆشەویستیەی کەلەم خانەوادیەوە پێم بەخشرا. زیاتر لە مانگێك بوو جەستەم ئاوی بەرنەکەوتبوو، نزیکەی بیست رۆژ بوو لەگردەلانکێ، سەرئاوم مەینەتیەکی گەورە بوو، کایان بۆ ئەکردمە تەشتێکەوە و بۆیان ئەھێنامە ژورەوە هەتا پیسایی تیادا بکەم.

پرسیارم کرد، بۆ کەسوکارەکەم دیار نیین؟ گوتیان با تۆخۆت بشویت، دوای ئەوە ئەوانیش دێن.

کاتژمێر نزیکی چواری دوای نیوەڕۆ، زانا (ڕێزان) لە کارەکەی ھاتەوەو بەخێر ھاتنی کردم وگوتی کەفارەتت بێ .شەو داھات ماڵەوەمان ھاتن، کەش و ھەوایەکی خێزانی زۆر خۆش دروست بوو بۆ من، داوای ھەندێک دەرمان وکەرەستەی پاکردنەوەی برین و برین پێچیم کردبوو، بۆیان ھێنام، من بۆخۆم ھەندێ شارەزاییم ھەبوولە کاری تەندروستی، ئاخر کاتی خۆی ماوەیەک لەکەرکوك، دوای قوتابخانە، لە دەرمانخانەی فەخری کارم دەکرد، ناوی زۆربەی دەرمانەکانم دەزانی، هەروەها لە پێشمەرگایەتیدا خولێکی تەندروستیم کردبوو، هەروەها پێشتر جارێکی دیکە بریندار بووبووم، وابەباشم زانی خۆم چارەسەری خۆم بکەم.

ماوەیەکی باش لەماڵی ئایشە خان مامەوە، تا توانیم بەلایەنی کەمەوە، لەسەر پێیەکانم بڕۆم، بێگومان بەشەلەشەل.

لەم ماویەدا گفتوگۆ(مفاوضات) لەنێوان یەکێتی و رژێمی بەعسدا دەستی پێکرد، پێشمەرگەی یەکێتی بە کاغەزی لوجنەی تەنسیق، بەئاسایی لەناوشاردا ھاتووچۆیان دەکرد، ئەمە بۆ من باش بوو، ئاخر توانیم بەهۆی ئەو بارودۆخەوە ئارامیەی ناوشارەوە، ماڵی ئایشەخان جێ بهێڵم، هەرچەندە من بەبەردەوامی سەردانم دەکردن، لەوکاتەدا پەیوەندی خۆشەویستی لەنێوان من وزانادا دروست بوو.

لەو ماوە کورتەدا توانیم کۆمەڵێک پەیوەندی دروست بکەم، یەکێک لەوانە، هاوڕێ خالید بوو، کەماوەیەک پێشمەرگەبوو، بەناوی هەڵمەت، دوای ماوەیەک هاتبوەوە ناو شار وخێزانی پێکهێنابوو، هاوسەرەکەی ناوی نەجیبە خان بوو، هاوڕێ خالیدو نەجیبەخان لەکانێسکان دەژیان.

وردەوردە قاچم بەرەو باشتر ئەڕوات، ئیتر کاتی ئەوە هاتووە بڕۆمەوە بۆ شاخ، بۆ مەڵبەندی سلێمانی -کەرکوك، کە ئەو کاتە لە کەڕەجاڵ بوو، لە بناری سورێن، من بەشدار بووم لەدروستکردن ودامەزراندنی ئەو بارەگایەدا، من خۆم پێشمەرگەی لقی شوان بووم (لقی شەھید بکر تەلانی)٫ مانگی یەکی ساڵی١٩٨٣، من و مام سەعید تورکمان باغی و شوانەی کوڕی وهەروەها شەهید ھەژار، بەڕێکەوتین بۆ مەڵبەندی خۆمان کە لە حاجی مامەند بوو، مام سەعید خاوەنی کومەڵێک شەھید بوو، کەلەداستانەکەی بۆڵقامیش لە ١٩٨٢/٤/٢ شەھید بوون.

مام سعید کێشەی ھەبوو لەگەڵ چەند تاوانبارێك، کەلەوکاتەدا پێشمەرکەی یەکێتی بوون، ئەو لە ڕێگای حزبەوە سکاڵای تومارکردبوو لەسەر تاوانبارەکان، ئێمەش بۆ لێکولێنەوە لە دادگای شورش بەڕێگاوە بووین بۆحاجی مامەند، مەڵبەندی یەکێتیش لەوێ بوو، لەڕێگامان بەرەو حاجی مامەند، ئێوارەیەك لاماندا لە گۆندی ھەڵەدنی دۆڵی جافایەتی، کە بارەگایەکی یەکێتی لێ بوو، ناوچەیەکی ئازادکراوبوو، بارودۆخ زۆر ئاسایی بوو، ئێمە دابەش بووین بەسەر دووماڵدا، من و مام سەعید پێکەوە چوینە ماڵێک ، هێشتا لەنانخواردن تەواو نەبووین، دوو پێشمەرگە ھاتن بۆ ئەوماڵەی کەئێمەی لێ بووین، ھەر بەوەستانەوە گوتیان، کاك جەبار فەرمان دەڵێت، حەزدەکەم چایەك بخۆنەوە لەلای من، ئارەزویەتی ھەندێک ھەواڵتان لێ بپرسێت، منیش گوتم، کەنانەکەمان تەواوکرد خۆمان دێین، گوتیان ئێمەلەدەرەوە چاوەڕێتان دەکەین، نانمان خواردو بەڕێکەوتین بەرەو ئەو ماڵەی کە، شوانەو ھەژاری لێبوو، بەڵام پشمەرگەیەکیان گوتی ھاوڕێیانتان پێش ئێوە لەمیوانداری کاك جەبارن.

گەیشتینە ماڵەکە، سەرکەوتینە سەرخانەکە، دوو دەرگای لەسەر بوو بۆ دوو ژوری جیاواز، فەرمووی دەرگای لای چەپیان لێکردین، کەچوینە ژورەوە پڕبوو لەپێشمەرگە، ئەوان ھەستانە سەر پێ و تەوقەمان کرد، دوای ئەوەی فەرموویان لێکردین، ئێمەش دانیشتین، لەگەڵ دانیشتنمان ھەرھەموویان بەیەكجار چەکەکانیان خستە سەرپێ، لەسەرسەریان داناین، لەوکاتەدا من ویستم دەست بۆ نارجۆکێك(رمانە) بەرم٫ لە ھەموو لایەکەوە پەلاماریاندام و قوڵبەستیانکردم، ھەرئەوەم بۆمایەوە چنێو بارانیان بکەم، ھەرچیم بەدەمدا هات لەوشەی ناشرین، درێغیم نەکرد، دوای ئەوە بردیانم بۆ ژورەکەی دیکە، چەندکەسێک دانیشتبوون، یەک ژنیان لەگەڵدا بوو، جبار دەستی درێژکرد تەوقە بکات، تەوقەم لەگەڵ نەکرد، لەبارێکی زۆر ھیستێریدا بووم، ئامادە بووم لەوکاتەدا، ھەرکارێکی شێتانە هەیە بیکەم، وتووێژێکی زۆر توند لە نێوانماندا ڕویدا، وادیاربوو ھەندێک رووداو لەناوچەی ھەولێر رویدابێت و ئەمانی ناڕەحەت کردبێت، بۆ بەیانییەکەی چەکەکانیان داینەوە، بەڵام نەمانزانی ھۆکارەکەی چی بوو! ئێمە بەڕێکەوتین بەرەو گوندی حاجی مامەند.
دوای چەند رۆژێك گەیشتینە مەڵبەند لەگوندی حاجی مامەند، مەڵبەندی حزب لە بەشی سەروی گوندبوو، لێپرسراوی سیاسی مەڵبەند، بەھادین نوری و لێپرسراوی سەربازی مەلا عەلی(عەبدوڵای ملافەرەج)بوو.
مەڵبەندی یەکێتیش لەبەشی خواروی گوند بوو، ئەوکاتە مەلا بەختیار لێپرسراوی مەڵبەندبوو.

بە بۆچونی ئێمە ئەوکاتە، کارەکەمان دوو سێ ھەفتە زیاتری نەدەخایاند، بەڵام وا دەرنەچوو، بەبیانوو پاساوی جۆراوجۆر، دوایان دەخست، یان راستییەکەی نەیان دەویست تاوانبارەکان دادگایی بکەن. بارەگای مەڵبەند ھەمیشە پڕبوو لە پێشمەرگە، ھات و چۆی زۆری بەسەرەوە بوو، نە خوشخانەیەکی تیابوو، دکتور دڵشاد و ھاوسەرەکەی دکتورە ڕوناكی کچی شەھید سەلام عادل، خزمەتی خەڵکی گوندو پێشمەرگەیان تیادا دەکرد، خەڵکی گوندەکان زۆر سودمەند بوون لەو نەخۆشخانەیە.

مانەوەی ئێمە لەگوند لە چەند ڕوژێک و میوانی دەرچوو، لەوکاتەدا پەیوەندی بێسیمی (لاسلکی) نێوان مەڵبەندو بارەگای قۆپی قەراغ نەمابوو٫ بەهۆی تێکچونی ئامێری بێسمەکەوە٫ ئەوکاتە ھاورێ ڕێباز مخابری مەڵبەند بوو، خۆ نەئەکرا شوێنەکەی خۆی بەجێ بهێڵێت، بڕوات بۆ قۆپی قەرەداغ ئامێری بێسیمەکە چاک بکاتەوە، وای بەباش زانیبوو وە پێشنیاری بۆ هاوڕێیان کردبوو کە پۆڵا دەتوانێت بچێت ئەو ئامێرە چاکبکاتەوە، ئاخر من بۆخۆم دەورەی بێسیمیم بینیبوو پێشتر، ئەوکاتەی حزب ئێزگەی دامەزراند، من یەکەم مخابری ئێزگە بووم.

حیزب ھەر لەسەرتاوە سستێمێکی پەیوەندی باشی دامەزراند، هۆکاری یەکەم ئەوەبوو لەسەرو بەندی ڕوخانی ڕژێمی پاشایی ئێران حزب کۆمەڵی ئامێری بێسیم و تەلەفونی سەربازی دەستکەوت، بەتایبەتی ئامێری(ج ر س ٩) کە پەیوەندی نێوان ولاتانی زامن دەکرد، ھەرچەند مودێلەی کۆن بوو، دەگەڕایەوە بۆ ساڵانی پەنجاکان، ھۆکاری دووەم ھاوڕێ ئەبو شاخەوان بوو، خەڵکی عینکاوە بوو، هاوڕێ شارەزاییەکی باشی ھەبوو، ھەر زوو خولی فێربوونی بۆ کومەڵێکمان کردەوە، فێری شفرەو مورسی کردین. بەراستی زۆر ماندوو دەبوو. ھاوڕێیان داویان کرد من بڕۆم بۆ قۆپی ئەوکارەیان بۆ ئەنجام بدەم، ئەوەبوو رۆیشتم و ئامێرەکەم چاککردەوە، هەربەو هۆیەوە بەئامێری ژمارە دە، کەبە پشت ھەڵدەگێرا توانرا جارێکی دیکە پەیوەندی دەسپێبکەنەوە لەگەڵ مەڵبەند.

دوای ئەنجامدانی کارەکەم گەرامەوە بۆ مەڵبەند. ھاورێیانی گەرمیان دوو ئەڵمانیی وەهەروەها ئۆتۆمبیلەکەیان، کەلە کۆمپانیایەک کاریان دەکرد، دەستبسەر کردبوو، ھێنایانن بۆ مەڵبەند، بۆ ئاسانکاری ناوەکانیان گۆڕین بۆ(سوران و بادینان).

ھاوڕێ بەھادین نوری ژورێکی ھەبوو خۆی وئاسۆی برازای لێی دەنوستن، ئەگەر جێگام نەبوایە منیش لەوێ دەنوستم.

لەمانگی یەکەوە پەیوەندی نێوان حزب و یەکێتی گرژی و ئاڵوزیی زۆری تێکەوت، بەڵام لێرە باشە، مەلا بەختیار سەر پەرشتی شاڵاوێك دەکات دژی پارتی، ئەمەوێت بڵێم ھەستم دەکرد جورێك لە ھاوکاری تایبەتی ھەبوو، بۆ مەبەستێکی دوورتر، نە سەکردایەتی حزب ئاگاداربوو، نەسەرکردایەتی یەکێتی، ئەوەمان لەبیرنەچێت باڵێكی ھەبوو لە ناو یەکێتیدا بەناوی عێراقچییەکان، لەهەمان کاتدا بەھادین نوریش پیلانی دووری خۆی هەبوو.

کارەساتی پشتئاشان رویدا، ئێمە لێرە ھیچ فەرمانێکمان نادرێتێ، بێجگە لەوەی ئەیبستین لە ئێزگەکەی یەکێتی ،ھیچ بەرچاو روونییەكی نییە، کۆبونەوە و ھاتووچۆ بەردەوامە لەنێوان بەھادین نوری، مەلا عەلی، مەلا بەختیار و ئەوانی دیکە، بۆ شەو لەمەڵبەندەوە بڕیار درا، ئەو بارەگایانەی کەلە شارباژێڕن بکشێنەوە بەرەو شارەزوور، لێپرسراوێتی سەربازی بارەگای مەلبەندیان دا بەمن، بەیانی ڕۆژی دوایی دەستمان کرد بەجوڵە، شەوەکەی لە شارەزوور بوین، ھیچ ھێزیکی یەکێتی لە شارەزوورو قەراغ نەبوو، ھاورێیان چەن کادرێکی یەکێتیان لەملاو ئەولا گرتبوو، ئازاد کران.

ماوەیەك ھەر ئێمەو سۆشیالست لە ناوچەکە بووین، تا دانیشتنی دیوانە کە ھاوڕێیان ناویان نا(کامپ دێوانە)٫ لەسەر ناوی(کامپ دێڤد) رێکەوتننامەی نێوان ئیسرائیل و مصر، زوربەی ھاورێیان ئەم دانیشتن و ڕێکەوتنەیان پێ قبووڵ نەبوو، بە تایبەتی ھاوڕێیانی گەرمیان.

بریار درا مەڵبەند لە بناری سورێن بێت، بارەگای بەتالیونی حەوت لە کەرجاڵ بوو، مەڵبەند بەرەو بناری سورین ئاراستە کرا، ئێمە بەرەو ھەزارئستون، لەدواییدا لە کەرەجاڵ بارەگای مەڵبەند پێکهێنرا، لەسەرو بەتالێونی حەوتەوە.
دوای ماوەیەك من و مام سەعید و شوانەی کوری و شەھید ھەژار، گەراینەو بۆ لقەکەمان لقی شەھید( بکر تەلانی).

به‌شی‌ یه‌كه‌م و دووه‌م




PM:02:03:19/02/2020

ئه‌م بابه‌ته 3844 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی