لەڕوناکییەوە بۆ تاریکی !

‌رزگار عه‌زیز - پۆڵا


سایتی‌ وێستگه‌ نیوز، سه‌رجه‌م یاداشته‌كانی‌ ڕزگار عه‌زیز- ناسراو به‌ پۆڵا  له‌رێگه‌ی‌ چه‌ند به‌شێكه‌وه‌ ڕۆژانه‌ بڵاوده‌كاته‌وه‌.

پۆڵا یه‌كێكه‌ له‌و زیندانیانه‌ی‌ توانیویه‌تی‌ ژیانی‌ زیندانیكردنی‌ وه‌ك خۆی‌ به‌بێ‌ هیچ رتوش و پێوه‌نانێك بگێڕێته‌وه‌.

پۆڵا یه‌كێكه‌ له‌و كه‌سایه‌تییه‌ زیندانیانه‌ی‌ كه‌ له‌زیندانی‌ ئه‌بو غرێب وه‌ك كۆنترین زیندانی‌ سیاسی‌ هه‌ژمار ده‌كراو هیچ لێبوردنێكی‌ به‌ر نه‌ده‌كه‌وت هه‌تاوه‌كو چه‌ند رۆژێك نزیك روخانی‌ به‌عس.

پۆڵا چیرۆكه‌كانی‌ ئه‌شكه‌نجه‌دان و ژیانی‌ زیندانیانی‌ سیاسی‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ ساده‌و ساكار ده‌گێڕێته‌وه‌.

به‌شی‌ 1 و 2

لە تەلەفزیون چەند کاتژمێرێکە ھەر قورئانە، هیچ جەژنێك بەوجۆرە نەبووە، دوای ماوەیەک هەر لەتەلەفیزیونەکەوە ڕاگەیەندرا، کە وەزیری بەرگری(دیفاع) (عدنان خێرواللە تولفاح) مردووە.

ڕۆژێک پێشتر، وەزیری بەرگری بە یاوەری صدام لە گەشتێک بوون بۆ موصل، ئەوەبوو لە تەلەفزیونەوە وێنەو فیلمی گەشتەکەیان نمایش دەکرا، لەهاوینە هەوارەکانی دهۆک، وەک ڕاگەیەندرا، ڕۆژی دوایی وەزیری بەرگری لەکاتی گەڕانەوەی لە موصلەوە بۆبەغداد، بەڕوداوی کەوتنە خوارەوەی هیلکوپر مردووە، کە گوایە ڕوداوەکە بەهۆی گەردەلولێکی خۆڵاویەوە بووە.

بێگومان ئەمە ھەواڵێکی خۆش بوو بۆ ئێمە، هەرچەندە ئێمە بۆخۆمان شیکردنەوەی جۆراوجۆرمان هەبوو بۆ ڕوداوەکە، من بزانم تائەمرۆ یەکلایی نەبووەتەوە، کەئەو ڕوداوە پلان بوو لەلایەن صەدامەوە بۆ لەناوبردنی یاخود، هۆکارەکەی خراپی کەش و هەوا بوو.

نانی نیوەرۆمان خوارد، من ئەبێت خۆم ئامادەکەم بچمە دەرەوە، چاوپێکەوتنم ھەیە لەگەڵ (زاهیر٫ برای شەھید ئەکرم حەداد)
شەهید ئەکرەم لە سلێمانی لەگەڵ شەھید مام عوسمان گێران و لە سێدارە دران. بێجگە لەشەهید ئەکرەم، برایەکی دیکەیان لەسێدارەدرا، ئەگەر هەڵە نەبم ناوی سەلام بوو، هەروەها برایەکی دیکەی پێشمەرگەبوو.

زاهیر چەند ساڵێك پێشمەرگە بوو، تسلیم بوەوە، دوای ئەوە خێزانی شەھید ئەکرەمی برای ھێنایەوە، کاری ئاسنگەری دەکرد، زاهیرکاری رێخستنی نە دەکرد، بەڵام وەك بنەماڵەیەکی شیوعی، جێگای متمانە بوون لای من، ماڵەکەی لەکۆلانەکانی پشتەوەی باغی گشتی بوو، من سەردانی مالیانم چەند جارێک کردووە.

ماوەیەك لەوەو پێش، مناڵیان بوو، منداڵەکە پێوستی بە ھەندێک دەرمان بوو، پێکەوە لەگەڵ زاهیر چوین بۆ بنکەیەکی تەندروستی، لە گەرەکی عەقاری، دەرمانەکانمان پەیاکرد بۆ منداڵەکەی.

ڕۆژێك پێشتر بەڕێکەوت، لە کانیسکان زاهیرم بینی، زۆر بێتاقەت بوو، ناڕەزاییەکی زۆری دەربڕی بەرامبەر غەمساردی حیزب، ئەو گوتی ئەو ناپاکەی کە شەهید ئەکرەمی برامی بەگرت داوە، بەبەرچاومدا دێت ودەچێت، حزب ھیچی لێناکات !!

منیش پێم گووت، خۆت چاک دەزانیت ئێستا بارودۆخەکە چۆنە، ئەی تۆ خۆت بۆ شتێك نایکەیت، لەجیاتی ئەوەی یەکێکی دیکە ئەو کارەت بۆ بکات، خۆت شارەزایت و پێشتر پێشمەرگە بوویت، زاهیر گووتی چەکم نییە، منیش پێمگوت، بەیانی کاتژمێری پێنجی ئێوارە، وەرە بۆ گەڕەکی بەرانان، لای مزگەوتی( شێخ فەرید) جێگای وەستانی پاسەکە، دەمانچەیەکی مەکارۆڤت بە دوو یەدەکەوە بۆ دێنم، کارەکەی پێ ئەنجام بدە.

وائێستا من خۆم ئامادە دەکەم بۆ ئەو دیدارە، دەماچەو یەدکەکان، وە ھەندێک بلاوکراوەو راگەیاندن، هەموویم پێچایەوە لە ناو کیسەیەکدا، پێم باش بوو بڵاوکراوەکان لای زاهیر بێت، ئاخر لەوێوە ئاسانتر دەبێت بۆ دابەشکردنی.

کارکردنی من لە ناو شار لە دوای ئەنفالەوە نییە، کارکردنم بەم شێوەیە دەستی پێکرد، لە مانگی یازدەی ساڵی١٩٨٣، ھێزێکی ھاوبەشی ئێمەو سوشیالست کەوتینە شەرەوە لەگەڵ یەکێتی لە گوندی (بۆریجە)، من لەو شەرە بریندار بووم، دوای شەڕەکە لەڕێی ھەولێرکەرکوك پەرێنەوە، ھاوڕێیان منیان لە ماڵێك دانا لە گوندی گرد لانکێ، ماڵی ئاغای دێیەکە سەربەسوسیالیست بوون، وە لەهەولێر دادەنیشتن، بەلام عەلی کوریان سەربازی ھەڵاتوو بوو، لەگەڵ خوشکێکیدا بۆ خزمەتکردنی ئەو گەڕبونەوە گوندەکەی خۆیان، دایکشیان پێیەکی لە ھەوڵێر بوو، پێیەکی لەگوندێ.

ھاورێیان منیان لێرە جێهێشت بۆ یەك دوو شەو، بەڵام ھەواڵیان نەما، ئەبوایە خەلکی گوندەکە ئاگاداری بوونی من لێرە نەبن، من لەژورێکدا بووم، تازە دروستکرابوو، سەرەکەی دارەڕابوو، بەحەسیر داپۆشرابوو، بەڵام هێشتا گڵ ڕێژنەکرابوو.

عەڵی کوڕێکی زۆر جوامێر بوو، ھەمو جارێك دەیگوت، خەمت نەبێت، ئەگەر جەیش و جاش ھاتن، من ماتوڕێکم ھەیە ئەتخەمە پشتی خۆمەوە، خۆشکەکەی زۆر خانەدان بوو، بەروێکی خۆشەوە خزمەتی ئەکردم، دایکیان ھەرجارێك لەھەولێرەوە بھاتایە، پێش ھەمو شتێك ئەھات بولای من، سۆزی دایکی ئەدامێ.

من لەشەڕەکەدا بەگولەی قناس برینداربووم، ئێسقانی قاچی راستم شکابوو، ھیچ چارەسەرێکم بۆ نەکرابوو، تەنھا دکتور رەشیدی سوشیالست، دەرزییەک دژی خوینبەربونی لێدابووم، وەهەروەها برینەکەی پێچایەوە.

رۆژێک دایکی عەلی لەھەولێرەوە ھات، یەکەم جار سەردانی منی کرد، گوتی دەرمانێکی زۆر باشم بو ھێناویت، قوتویەکی دەرھێنا زۆر کۆن بوو، گوتی دایکم بەڕەحمەت بێت ئەم دەرمانەی دروستکردووە، زۆر بەبایەخە لام، هەرلەبەئەوە بۆتۆم هێناوە، بۆ ئەوەی برینەکەتی پێ چارەسەر بکەیت.

برینەکەی بۆ کردمەوەو گوتی دەی لێیدە، من بۆخۆم هیچ بڕوام بەدەرمانەکە نەبوو، ئاخر دایکی زۆر دەمێک بوو لەژیاندا نەمابوو، لەوانەیە چەند ساڵێکیش پێش مردنی دروستی کردبێت، هەربۆیە لەڕوی زانستیەوە ماوەکەی بەسەرچوو بوو، بەڵام لەبەر دڵی ئەو، بەودڵسۆزیەوە ئەو دەرمانە بەنرخەی بۆ من هێناوە چۆن لێی نادەم.

وا دوو ھەفتەیە لەم ژورەم، بە برینداری و ئازارەوە، لەگەڵ ئەوانەشدا بەنهێنێ، لەم ماڵە میهرەبانەدا چاوەڕێی هاوڕێیانم دەکەم، بەڵام هیچ هەواڵێکیان نییە، ئاگادار بووم کە هاوڕێیان دوای شەڕی (پۆریجە) بڕێکی کەم فیشەک و تەقەمەنییان پێمابوو، لەهەمان کاتدا بارەگاکانمان دوورە دەست بوون، یەکێتیش دوای سەرکەوتنیان لەشەڕی بێتواتە، هەموو هێزەکانیان هێنابووە خوارەوە، کەبیرم لەوهۆکارانە دەکردەوە، بەتەواوی بێ ئومێد دەبووم لەهاوڕێیان، بیرم لەوە کردەوە خۆم بەدوای چارەسەرێکدا بگەڕێم، هەتا بتوانم خۆم دەربازبکەم.

گەردەلانکە، نزیکی جادەی ھەولێر پردێ بوو، هەربەهۆی نزیکیەوە، زور ئاسایی وەهەروەها ئاسان بوو هاتوو چۆی هێزەکانی ڕێژێم، هەرکاتێک بیانویستایە، بێگرفت لەوێ بوون، داوام لەعەلی کرد، یەکێک بدۆزێتەوە کەبتوانێت بڕوات بۆ کەرکوک. بۆ ئەوەی نامەیەکم بۆ بگەیەنێت بەماڵەوەمان، عەلی گووتی لەبەر ئەوەی ئێمە دوژمنایەتیمان هەیە لەگوند، تەنها متمانەم بەدراوسێیەکم هەیە، هەرچەندە ئەوکاتە ناوەکەی هێنا، بەڵام من ئێستا لەبیرم نەماوە، گوتم باشە ئەمشەو نامەیەک دەنووسم، بەیانی بۆم ببات بۆ ئەم ناونیشانە، نامەکەم بە ناونیشانی دوکانی خاڵمدا نارد، خاڵم سەعات چی بوو، دوکانێکی دیاری هەبوو، لەلای سینەمای حمرا‌و، بەرامبەر کتێبخانەی ئاسیا، لەهەرکەسێکی بپرسیایە لەگوزەرەکە دوکانی( موشیر معروف سەعاتچی) بەئاسانی پێشانی دەدا.

بەرەبەیانی ڕۆژی دوایی دراوسێیەکەی عەلی بەڕێکەووت بەرەو کەرکوک، بۆ گەیاندنی نامەکەی من.

بەدرێژایی ئەو رۆژە ئێمە لە چاوەروانی دراوسێکەی عەلی دابووین، کەلەکەرکوک بگەڕێتەوەو هەواڵمان بۆ بهێنێتەوە، بەڵام ئەو ڕۆژە نەگەڕایەوە، ئەمەش نیگەرانیەکی زۆری لای من دروستکرد، بۆ رۆژی دوایی، دوای نانی بەیانی، عەلی ھاتە ژورکەم بەڕوویەکی خۆش و گەشەوە، گوتی میوانت ھەیە، ژنێک ھاتە ژورەو سڵاوی کردو ماچی کردم، گوتی نامناسیتەوە من ئایشەم، بەلامەوە سەیر بوو! ئایشە خان بۆ ھاتووە، خۆ من لە ژیانمدا یەك جار بەدیداری ئایشە خان گەیشتبووم ئەویش٫ لە گوندی ئەحمەد ئاوا، گوتی ماڵەوەتان منیان ناردووە بۆئەوەی بتبەم لەگەڵ خۆم، پرسیارم لێکرد چۆن؟ گوتی جلی ژنانەم بۆ ھێناویت بۆئەوەی لەبەری بکەیت و نەناسرێیتەوە! گوتم من بە ھیچ شێوەیەك ئەمە ناکەم، ئەگەر ھەر ئێستا بمکوژن.

ھەر لە مناڵیمەوە لەبیرم مابوو، کە هەموو جارێک باوکم ئەیگێرایەوە، لە سەروبەندی شۆڕشی چواردەی تەمووزدا، نوری سەعید سەروکی وەزیرانی ئەوکاتەی سەردەمی پاشایەتیان بە جلی ژنانەو گرتووە، بێگومان ئەمە جێگای گاڵتەو شورەیی بوو بۆ پیاوێکی ئاوا لەلای باوکم، ئەمە ھەر لەمێشکمدا مابووەوە، پێم گوت بگەڕێرەوە بەڵکو ناسنامەیەکی ساختەم بۆ دروست بکەن.

ھۆکاری ھاتنی ئایشە خان ئەمەبوو؛
لەساڵی١٩٧٩ کەمن بووم بەپێشمەرگە و لەدوای من شەھید مولازم بروای برام، ئەوکاتە ئێمە هێشتا ماڵمان لەکەرکوك بوو، باوکم چێشخانەی ھەبوو(مگعم تاجران) بەهۆی ئێمەوە ئەمن باوکمیان زۆر ھەراسان کردبوو، ھەر دووسێ رۆژجارێک، بانگهێشتی دائرەی ئەمنیان دەکرد و ھەرەشەیان لێئەکرد، ئاخرئەوکاتە لەکەرکوك کەسوکاری پێشمەرگیان ئەگرت و دەست بەسەریان دەکردن، لەدوای ئەو ناڕەحەتیانە ماڵەومان وایان بەباش زانی بوو، بڕۆنە سلێمانی و لەماڵی گەلاوێژی خوشکم بژین، کاتێك دراوسێکەی عەلی نامەکەم ئەگەیەنێتە خاڵم، خاڵم مێوانداری دەکات، دوابەدوای ئەو نامەکە ئەگەیەنێتە ماڵەوەمان لە سلیمانی، ئەوانیش شپرزە ئەبن، لەوکاتەدا تانیای خوشکم ھاوڕێیەکی ئەبێت ناوی ئامانجە، ئەویش کچی ئایشەخانە بۆیان باسدەکات، کەشتکی ئاوایان لێ ڕویداوەو نازانن چی بکەن! چۆن شوێنێک پەیدا بکەن ئاخر خۆیان لەوکاتەیا بێ جێگابوون، وەلەهەمان کاتدا، ئاسان نەبوو وەهەروەها باش نابێت بۆ سەلامەتی ژیانی من، لەماڵی خۆمان بم، نازانن چۆن شوێنێک پەیدا بکەن، ئایشە خان پێیان دەڵێت، بیھێنن بۆ ماڵی من، من هەر خۆشم ئەچم بەدوایدا.

دوایی ئەوەی من رازی نەبووم بە جلی ژنانەوە بڕۆم لە گەڵی، ئایشە خان ناچار بوو بە تەنها بگەرێتەوە، بەڵام من ئێستا دڵنیام کەکەسانێك ئاگاداری باری نالەباری منن و ئەگەڕێن بەدوای چارەسەردا. بۆ رۆژی دوایی سەلامی برام وئایشە خان ھاتن، سەلام لە دوا قوناغی زانکۆ بوو، جلەکانی زانکۆی خۆی هێنابوو بۆ ئەوەی لەبەریبکەم وەهەروها دفتەرخزمەتی سەربازیەکەی(دفتر الخدمە العسکریە) خۆی بۆ هێنابووم، کەلێی نوسراوە قوتابیە، هەرچەندە وێنەکەش لەمن نەئەچوو.

گوتیان ئۆتومبیلێکی جوری جێبمان ھێناوە، شوفێرەکە ناوی کاك جەبارە و جێگای متمانەیە، ئێستا گرفت ئەویە چۆن بەرۆژی ڕوناك بگەمە لای ئۆتۆمبیلەکە، عەلی وابەباشی زانی لە ماڵی دراوسێیکەیانەوە بڕۆم، ھەرچۆنێك بوو، ئاودیوی ئەودیویان کردم و ئۆتۆمبیلەکەیان نزیک کردەوە ومنیان لە پێشەوە دانا، لە نێوان کاك جەباری شوفێرو ئایشە خان، سەلامیش لە پشتەوە.

بەڕێکەوتین لە گردەلانکێوە، لە پردە [ ئاڵتون کۆپری ]سەلام دابەزی، ئاخر نەئەکرا ھەردووکمان لەهەمان جێگاو هەمان ئۆتۆمبیل بین بەیەك ناوەوە، ئەگەر واش نەبوایە، ھەر باش نەبوو ھەردووکمان بەیەکەوە بین، تا بازگەی پێش کەرکوك رایان نەگرتین، لە بازگەی کەرکوك داوای ناسنامەیان لێکرم، دەفتر خزمەتی سەربازیەکەی سەلامم دانێ، دوای ئەوەی تەمەشای دەفتەرخزمەتەکەو منیشیان کرد، دەفتەرەکەیان دایەوە دەستم، ئەمە زۆر دڵخۆشکەر بوو، بەو واتایەی جێێ گومان نابێت لە بازگەکانی دیکە، بەلام ترسی ھەرە گەورە لە بازگەی کەرکوك سلێمانی بوو، ئاخر لەوێ جگە لە داواکردنی ناسنامە خەلکەکەیان دائەگرتە خوارەوە، ئەبوایە منیش لەسەر یەك قاچ بوەستم، سەرەڕای ئەوەش، قاچە بێکاوەکەم ئاوسابوو، لەوانەیە سەرنجیان ڕابکێشێت!

کەگەیشتینە ناو کەرکوك، بارودۆخەکە زۆر نائاسایی دیاربوو، ھەر سەد مەترێک بازگەیەكی لێبوو، بە ھێزی جوراوجورەوە، مەفرەزە تایبەتی، ئەمن،تەوراری، جەیشی شعبی، ئۆتۆمبیلەکانیان ڕائەگرت، ناسنامەیان داوادەکرد و لەهەمان کاتدا ئەیانپشکنین، بەڕێکەوت و خۆشبەختی ئێمە بوو لەهیچ بازگەیەك ڕانەگیراین، لەکۆتاییدا گەیشتینە بازگە مەترسیدارەکەی کەرکوك- سلێمانی٫ لەوێ ھەرلە دورەوە گوتیان برۆن، تا گەیشتینە سلێمانی ڕانەگیراین.

دوای ئەوە ھەر ھەموومان ھەناسەمان ئاسایی بوەوە، ئاخر پێشتر ترس و دڵەڕاوکێ و هەناسەسواری تەواو داگیری کردبووین.

لەسلێمانی منیان گواستەوە بۆ سەیارەیەکی دیکە، نەئەبوا کاک جیار ئاگار بێت کە من بۆ چ ماڵێک دەبرێم، کاك جەبار ھەورامی بوو، کەسێکی لە سەرخۆ ودڵ بەھێز بوو، لە کاتی مەترسی، ھیچ شلەژانێکی پێیوەدیار نەبوو. دوای ئەوە بەئۆتۆمبیڵێکی دیکە، منیان برد بۆ ماڵی ئایشە خان لە گەڕەکی حامییە.

به‌شی‌ یه‌كه‌م و دووه‌م


PM:03:20:18/02/2020

ئه‌م بابه‌ته 5592 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی