ئایا هیچ وەڵامێکتان بۆ ئەم جۆرە مەلزەمەیە هەیە؟

‌ هه‌ورامان وریا قانع

بۆ بەرێزان وەزیری پەروەردە و بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی:
ئایا هیچ وەڵامێکتان بۆ ئەم جۆرە مەلزەمەیە هەیە؟ 
مەلزەمەیەکی لێوان لێو لە هەڵە... پڕفرۆشترین مەلزەمەیە
کوڕەکەم بۆ ساڵی تازەی خوێندن دەچێتە پۆلی حەوت، لە وانەی عەرەبی باش نییە، رۆژی ١٨ ی تەموز، لە سلێمانی و لای یەکێک لە کتێبفرۆشەکانی بەردەرکی سەرا، مەلزەمەیەکم بەم ناونیشانە بینی: "عەرەبی بە ئاسانی، پۆلی حەوتی بنەڕەتی، ئەم مەلەزەمەیە پێکهاتووە لە هەردوو کتێبی خوێندکار و مامۆستا. ئامادەکردنی م. چۆمان جەزا کاکە ڕەش". ناونیشانی بەرگەکە وئەوەی لەسەر بەرگەکە نووسرابوو، وایکرد هەردوو بەشی مەلزەمەکە، بە پێنج هەزار دینار بکڕم، بەو هیوایەی سودێکی هەبێت. خاوەنی مەلزەمەکە سەرجەم بابەتە عەرەبییەکانی کردووە بە کوردی، ئەمەشی بۆ ئەوە کردووە تا یارمەتی خوێندکاران بدات، باشتر لە بابەتەکە تێبگەن. بگرە داوا لە خوێندکار دەکات، سەرەتا دەقەکان بە کوردی بخوێنێتەوە، پاشان بچێتە سەر دەقە عەرەبییەکە، زۆر ئاسانتر دەبێت.

بەڵام سەروەختێک کەوتمە خوێندنەوەی مەلزەمەکە، حەپەسام! سەرم سوڕما لە بوونی ئەو ڕووبارە هەڵەیەی لەم مەلزەمەیەدا هەیە! کە بینم مامۆستایەک لە وەرگێڕانی دەقە عەرەبییەکان بۆ کوردی، دونیایەک هەڵەی زۆر زەقی کردووە، دووچاری شۆک بووم! ئاخر چۆن دەبێت مامۆستایەک ئاستی زمانی کوردییەکەی هێند لاوازو نزم بێت؟ وەک ئەوەی لە ژیانیدا وانەی کوردی و ڕێزمانەکەی نەخوێندبێت! ئەو ڕستە و پەرەگراف و شیعر و چیرۆکانەی لە مەلزەمەکەدا هەیە و لە عەرەبییەوە کراون بە کوردی، بەشی هەرە زۆریان بە سەقەتی و زۆر بە خراپی کراون بە کوردی، بگرە لە زۆر شوێندا وا شێوێنراون و بە جۆرێک تێکەڵ و پێکەڵە، دەبێت بۆ تێگەیشتن بەناچاری بگەڕێیتەوە بۆ عەرەبییەکە. لە خوارەوە هەوڵدەدەم گوڵبژێرێک لە هەڵەکان بخەمەڕوو، نەک هەمووی. چونکە بۆ ئەوەی سەرجەم هەڵەکان ڕاستکەمەوە، ئەوا دەبێت لە سەرەتای سەرەتاوە دەستپێبکەم و سەرلەنوێ هەر هەمو ڕستە و پەرەگراف و شیعر و چیرۆکەکان بکەمەوە بە کوردی. واتە دەبێت مەلزەمەیەک یان کتێبێکی لەسەر بنووسم، ئەمەش لێرەدا جێگای نابێتەوە.
لە لاپەڕە دوو نووسراوە: "الضباب یخفی معالم الارض"، ئاوا کراوە بە کوردی: "هەورەکان هەمو شوێنێکی سەر زەویان داپۆشیوە". بێگومان ئەمە هەڵەیەکی زەق و زۆپە! چونکە هەور زەوی داناپۆشێت، بەڵکو ئاسمان دادەپۆشێت. ڕاستییەکەی تەم یان تەم و مژ زەوی داپۆشی بوو. لە مەلزەمەکەدا چوار جار وشەی "الضباب" هاتووەو هەر چوار جارەکەی بە هەڵە بە هەور وەرگێڕدراوە.

هەر لەو لاپەڕەیەدا نووسراوە: "و الریاح الهوج تشن علی الاشجار و البیوت الغارة تلو الغارة"، ئاوا کراوە بە کوردی: "بای بەهێز و سەرکەش هێرش دەکاتە سەر هەموو ماڵێک و هەموو درەختێک لە هەموو لایەکەوە"، وەرگێڕانێکی سەقەت و ناڕێکە. لێرەدا وشەی "الهوج" بە مانای سەرکەش نایەت، دەکرێت بە شێت وەربگێڕدرێت: ڕەشەبا شێتەکە هێرش دوای هێرش، پەلاماری درەختەکان و خانووەکانی دەدا. لە شوێنێکی دیکەی هەمان لاپەڕەدا نووسراوە: "فهناط تحت السماء، فی السهول الواسعة، و الجبال العالیة، و المدن المزدحمة بالناس من لا یستطیع ان یتقی ثورة العاصفة و جنونها"، سەرەتا فهناط نییە و فهناک-ە، پاشان ئەو دێڕە ئاوا کراوە بە کوردی: "لەم ژێر ئاسمانەدا لەسەر زەوی لەشاخە بەرزەکان لە شارە قەرەباڵغەکان کەسی وا هەیە ناتوانێت خۆی بپارێزێت لەم گەردەلولە سەرکێشە"، تەماشا ڕستە عەرەبییەکە چەند روون و ئاشکرایە و چۆن ڕەچاوی دانانی فاریزە کراوە. کەچی لە وەرگێڕانە کوردییەکەدا بە هیچ جۆرێک ڕەچاوی دانانی فاریزە نەکراوەو ڕستەیەکی تێکەڵ و پێکەڵی بەسەریەکدا دروستکردووە. ئاوا جوانتر بوو: لەوێ لە ژێر ئاسماندا، لە دەشتە پان و فراوانەکان، لەسەر شاخە بەرزەکان و لە شارە قەرەباڵغەکاندا، کەسی وا هەیە ناتوانێت خۆی لە توڕەیی و سەرشێتی گەردەلولەکە بپارێزێت. 

لە لاپەڕە 3 نووسراوە: "لە نەسەکەوە وەرگیراوە"، جوانتر بوو بنووسرێت: "لە دەقەکەوە یان لە تێکستەکەوە وەرگیراوە". هەر لەو لاپەڕەیەدا نووسراوە: "اختار المرادف المناسب لکل کلمة اتیة"، ئاوا کراوە بە کوردی: "وشەی گونجاو هەڵبژێرە بۆ ئەمانەی لای خوارەوە". لێرەدا پێویستە ئاماژە بەوە بدەم کۆی پرسیارە عەرەبییەکان بە جێناوی کەسی یەکەم نووسراوە، واتە (م، من)، بەڵام لە وەرگێڕانەکەدا بەشی هەرە زۆری کراوە بە جێناوی کەسی دووەم (ت، تۆ)، یان نیوەی پرسیارو وەڵامەکان بە جێناوی کەسی یەکەمە و نیوەکەی دیکەی بە جێناوی کەسی دووەمە. ئەمەش تێکەڵ و پێکەڵییەکی زۆری دروستکردووە. باشترە هەر هەموی- وەک عەرەبییەکە- بکرێت بە جێناوی کەسی یەکەم. زۆرجار لە تاقیکردنەوەی عەرەبیدا کۆمەڵێ وشە دێتەوە و داوا لە خوێندکار دەکرێت وشە "مرادیف"ەکان بگەیەنێت بەیەک. مرادیف بە مانای گونجاو نایەت، بەڵکو بە مانای (هاومانا یان هاوواتا) دێت. واتە ئەو وشانەی یەک مانا دەبەخشن. بۆیە ناکرێت وشەی "گونجاو"ی بۆ بەکاربهێنرێت، جوانتر بوو ئەو ڕستەیە ئاوا بنووسرێت: بۆ هەر وشەیەک لەمانەی خوارەوە، هاوماناکەی هەڵدەبژێرم. هەر لەو لاپەڕەیەدا: تهطل کراوە بە دادەبەرزێ. هەڵەیە و دادەبارێت ڕاستە. الناعمة کراوە بە درەوشاوە. هەڵەیە و نەرم ڕاستە.

لە لاپەڕە 4 نووسراوە: "السیول ماء المطر المتجمع فوق سطح الارض و الجاری بسرعة" ئاوا کراوە بە کوردی: "لافاو کۆبونەوەی ئاوی باران لەسەر زەوی و ڕۆیشتن بە پەلە"، ئێ ئاخر ئەوە کەی کوردییە؟ ڕۆیشتن بە پەلە بۆ مرۆڤ بەکاردێت نەک بۆ ئاو. دەبوایە ئاوا وەربگێڕدرێت: لافاو ئاوی کۆکراوەی بارانە لەسەر ڕووی زەوی کە بە خوڕ دەڕوات یان بە خێرایی دەڕوات. لە شوێنێکی دیکەی ئەو لاپەڕەیەدا نووسراوە: "البروق تلمع" کراوە بە هەورە بروسکە دەدرەوشێتەوە. هەڵەکە لەوەدایە "البروق" کۆیە و دەبوا بکرایە بە هەورەبروسکەکان دەدرەوشێنەوە. هەروەها نووسراوە: "الرعود تدوی" کراوە بە هەورەگرمە دەنگ دەداتەوە، دیسانەوە دەبێت بکرێت بە کۆ: هەورەبروسکەکان دەنگدەدەنەوە. ئەمانە بابەتی ڕێزمانین و دەبێت جیاوازی بکرێت لە نێوان تاک و کۆ. هەر لەو لاپەڕەیەدا نووسراوە: "الامطار تهطل" کراوە بە باران دێتە خوارەوە. لە کوردیدا ناوترێت باران دێتە خوارەوە، بەڵکو دەوترێت: باران دەبارێت.
لە لاپەڕە 5 نووسراوە: "لان والده تعود ان یبتسم دائما" ئاوا کراوە بە کوردی: "چونکە کاتێک باوکی دەگەڕایەوە ماڵ هەمیشە ڕووی خۆش بوو". کارەساتی ئەم وەرگێڕانە لەوەدایە وشەی "تعود" بە بوونی (شەدە و فەتحە) بە وشەی "تعود"ی زانیوە، ئەمەش هەڵەیە و نابێت و ناکرێت و ناڕەوایە مامۆستایەکی زمانی عەرەبی پۆلی حەوت بیکات. "تعود" بە شەدە و فەتحەکەی، مانای ڕاهاتن دەگەیەنێت نەک گەڕانەوە و ڕستەکەش ئاوای لێدێت: چونکە باوکی وا ڕاهاتبوو هەمیشە ڕووخۆش بێت، یان هەمیشە دەم بەخەندە بێت.

هەر لەو لاپەڕەیەدا نووسراوە: "لانە ظن ان والده قلق على بیته و عائلته بسبب العاصفة"، ئەمە وەرگێڕانەکەی م چۆمان-ە: "وای زانی باوکی شپرزە بووە لەبەر ماڵ و خێزانەکەی خۆیان و لەناوبچێت". ڕستەکە زۆر بە سەقەتی و هەڕەمەکی کراوە بە کوردی. دەبوا بەم شێوەیەبێت: چونکە پێیوا بوو باوکی بەهۆی گەردەلولەکەوە، شپرزە بووەو دڵی لای ماڵ و خێزانەکەیەتی.
لە لاپەڕە 6 نووسراوە: "استخرج من الفقرە"، ئەمە وەرگێڕانەکەیە: "دەری بهێنە لەم بەشەدا"، سەرەتا دەری بهێنە بەو شێوەیە نانووسرێت و ئاوا دەنووسرێت: دەریبهێنە. پاشان الفقرە بە مانای بەش نایەت، بەڵکو بە مانای پەرەگراف یان بڕگە دێت: لە پەرەگرافەکەدا دەریاندەهێنم. 

لەلاپەڕە 8 نووسراوە: "کیف حفر اهالی مطماطة منازلهم تحت الارض"، ئاوا کراوە بە کوردی"چۆن هەڵیان کەند خانووەکانیان خەڵکی مطماطة"، ئا ئەمەیە کە پێیدەوترێت تەرجەمەی حەرفی. تەماشا ڕستە عەرەبییەکە چۆن دەستی پێکردووەو بە چ شێوەیەک کۆتایی پێهاتووە، وەرگێڕانە کوردییەکەش بە هەمان شێوە دەستی پێکردووەو کۆتایی پێهێناوە. بێگومان ئەم جۆرە وەرگێڕانە ڕستەی زۆر خوارخێچ و دوور لە هەر بنەمایەکی ڕێزمانی دروست دەکات. جوانتر بوو ئاوابێت: خەڵکی مطماطة چۆن خانووەکانیان لەژێر زەوی هەڵکەند؟ یان دەکرێت "چۆن" بکەوێتە سەرەتای ڕستەکەوە. هەر لەم لاپەڕەیەدا نووسراوە: "اقرا ما یاتى، ثم املا الجدول اللاحق"، ئەمە وەرگێڕانە کوردییەکەیە: "ئەم دێڕە عەرەبییەی خوارەوە بخوێنەرەوە و پاشان خانەکان پڕبکەرەوە". وەرگێڕانێکی بێسەروبەرو ناتەواوە. ئاوا جوانتربوو: ئەمەی خوارەوە دەخوێنمەوە، پاشان خشتەکەی کە دواتر دێت پڕدەکەمەوە. 

هەر لە لاپەڕە 8 نووسراوە: "طوال قرون من الزمن، غرس مزارعو مطماطة الاشجار فی الجبل القاسی بجد و نشاط، لکی یاکلوا ثمارها"، ئاوا کراوە بە کوردی: "بەدرێژایی سەردەمەکان، فەلاحەکانی شاری مطماطة داریان لەسەر شاخەکان چاندووە بە باشی و بە چاکی لە بەرهەمەکەی بخۆن". سەرەتا "مزارعو" هەڵەیە و "مزارعوا" تەواوە. پاشان ئەوە هێندەی تێکدانە، نیو هێندە وەرگێڕان نییە. هیچ بنەمایەکی وەرگێڕان بەدیناکرێت. ئاوا جوانتربوو: بەدرێژایی چەندین سەدە، جوتیارەکانی مطماطة، بە هەوڵ و تێکۆشان و گورجوگۆڵییەوە، درەختەکانیان لە شاخە سەختەکەدا (یان لە شاخە ڕەق و تەقەکەدا)دەچاند، تا لە بەرەکەی بخۆن.

لە لاپەڕە 9 نووسراوە: "فی منتصف العام 2005"، ئەمە کوردییەکەیەتی: "نیوەی ساڵی 2005"، هەڵەیە و ناوەڕاستی ساڵی 2005 ڕاستە. هەر لەم لاپەڕەیەدا بە کوردی نووسراوە: "جوملەی سادە" جوان نییە و ڕستەی سادە جوانترە. لە شوێنێکی دیکەی ئەم لاپەڕەیەدا چەند وشەیەکی عەرەبی نووسراون، بێ ئەوەی مانا کوردییەکەی لە پاڵدا بنووسرێت کە دەبوایە بەم شێوەیە بنووسرایە: "حرف جر/ ئامرازی پەیوەندی. ظرف زمان/ ئاوەڵناوی کاتی. ظرف مکان/ ئاوەڵناوی شوێنی". هەر لەم لاپەڕەیەدا هەڵەیەکی هێجگار زەق کراوەو نووسراوە: "الجملة المرکبة"، ئاوا کراوە بە کوردی: "جوملەی تێکەڵ". وەک ئەوەی خاوەنی ئەم مەلزەمەیە ڕێزمانی کوردی نەخوێندبێت و نەزانێت "الجملة المرکبة" مانای ڕستەی لێکدراو دەگەیەنێت، نەک ئەوەی ئەو نووسیویەتی. کارەساتەکە لەوەدایە جوملەی تێکەڵ، چەند جارێک دووبارەو سێبارە بووەتەوە. هەر بۆ نمونە تەماشا ئەم مەهزەلەیە بکەن: "ئەگەر دوو جملەی بسط بیکەینە پەنای یەک ئەوا جوملەیەکی مرکب واتە تێکەڵە دروست دەبێت". جارێ ئەوە " بسط " نییە و " بسیطة"یە، پێویستە ئاوای لێبکرێت: ئەگەر دوو ڕستەی سادە خرانە پاڵ یەک، یان ئەگەر دوو ڕستەی سادە بەدوای یەکدا هاتن، ئەوا ڕستەیەکی لێکدراو دروست دەبێت.

لە لاپەڕە 10 نووسراوە: "الا تترکب الجملة الاولى من رکنین اساسیین و من بعض المتممات؟ ماذا تسمی هذە الجملة؟" تەماشا چۆن بەنیوەناچڵی کراوە بە کوردی: "ئایا ڕستەی یەکەم لەدوو پێکهاتەی سەرەکی و تەواوکەری پێکهاتووە، پاشان ناو دەنرێت چی ئەم ڕستەیە". ئاوا جوانتربوو: ئایا ڕستەی یەکەم لە دوو پێکهاتە (کۆڵەکەی) سەرەکی و هەندێک تەواوکەر پێکنەهاتووە؟ بەم ڕستەیە دەوترێت چی؟ یان ئەم ڕستەیە چی پێدەوترێت؟

لە لاپەڕە 11 نووسراوە: "لتتقمص تلمیذ شخصیة فصل الشتاء، و تلمیذ اخر شخصیة فصل الصیف. و لیجر حوار بین الاثنین"، ئاوا کراوە بە کوردی: "یەکێک لە خوێندکارەکان هەستێت با وەکو کەسایەتیەکی وەرزی زستان، قوتابییەکی تریش وەکو کەسایەتی وەرزی هاوین، گفتوگۆ هەبێت لە نێوان ئەم دوو خوێندکارە". جوانتر بوو ئاوا بنووسرێت: با خوێندکارێک ڕۆڵی کەسایەتی زستان و؛ خوێندکارێکی دیکە ڕۆڵی کەسایەتی هاوین ببینێت. با هەردووکیان گفتوگۆ بکەن.

لەلاپەڕە 12 نووسراوە: "حسن الاصغاء و الرد"، ئاوا کراوە بە کوردی: (جوانی دەربڕین و وەڵام دانەوە). الاصغاء مانای دەربڕین ناگەیەنێت و بە مانای گوێگرتن دێت. لێرەوە ڕستەکە ئاوای لێدێت: بە جوانی (یان بە باشی) گوێگرتن و وەڵامدانەوە. هەر لەم لاپەڕەیەدا نووسراوە: "استخدام جمل بسیطة صحیحة الترکیب"، ئاوا کراوە بە کوردی: "بەکارهێنانی ڕستەی ئاسان و جوان گونجاندن". هەڵە و ناتەواوە، بەم شێوەیە جوانتر بوو: بەکارهێنانی ڕستەی سادە کە پێکهاتەکەی ڕاست و دروست بێت. لە لاپەڕەکانی پێشودا ئاماژە بەوە کراوە کە دوو جۆر ڕستە هەیە و بریتین لە ڕستەی سادە و ڕستەی "تێكەڵ" لێکدراو. بۆیە لێرەشدا باشترە لە بری ڕستەی ئاسان، ڕستەی سادە دابنرێت. هەر لەم لاپەڕەیەدا نووسراوە: "العفویة و عدم التصنع"، ئاوا کراوە بە کوردی: "بە لێبوردەیی و بەبێ درۆ"، العفویة بە مانای لێبوردەیی نایەت و ئەوە هەڵەیەکی گەورەیە، بۆ العفویة خۆڕسک یان خاکیانە گونجاوترە.

لە لاپەڕە 13 نووسراوە: "اجامد هو ام سائل ام غازی؟ جامد وفی داخلە سائل"، ئاوا کراوە بە کوردی: "وشکە یان شلە یان غازییە؟ وشکە بەڵا لە ناویدا شلە هەیە"، سەرەتا بەڵا نییە و بەڵام-ە، جامد بە مانای وشک نایەت، ڕەق باشترە. بۆچی؟ بۆ ئەوەی لەگەڵ شل و گازیدا بگونجێت و ئاوای لێدێت: ڕەقە و لەناوەوەیدا شلە هەیە. دیسانەوە لەم لاپەڕەیەدا نووسراوە: "هل یستخدم فی البناء"، ئاوا کراوە بە کوردی: "بەکاردێت بۆ دروست کردن"، تا بڵێی هەڵەیە و ئەمە ڕاستە: ئایا لە دروستکردنی بیناسازیدا بەکاردێت؟
وێرانکردنی شیعرەکەی عەبدوڵا پەشێو: ئەگەر ئەمجارە بێمەوە

لە لاپەڕەی 14ی مەلزەمەکەدا، شیعری ئەگەر ئەمجارە بێمەوە کراوە بە عەرەبی، لە لاپەڕە 15 مامۆستا چۆمان جەزا کاکە ڕەش، بە حسابی خۆی شیعرەکەی کردووەتەوە بە کوردی. بەڵام چۆن کردنەوەیەک! شیعرەکەی بە جۆرێک شێواندووەو تێکیداوە، ئەگەر بیخەیتەوە بەردەستی شاعیرەکەی، نایناسێتەوەو حاشای لێدەکات کە ئەوە شیعرەکەی ئەو بێت. هەر لە ناونیشانەکەیەوە تا کۆتاییەکەی، هەر هەموی بە سەقەتی وەرگێڕدراوە و دێڕی تیانییە هەڵەی نەکردبێت. ئەم مامۆستا بەڕێزە دەیتوانی، بە گەڕانێکی چەند چرکەیی لە گوگڵدا، شیعرەکەی دەستکەوتایە و لە کاتی وەرگێڕاندا سودی لێوەربگرتایە. بەڵام ئەو نەک شتێکی لەو جۆرەی نەکردووە، بەڵکو زۆر خراپ کەوتووەتە گیانی شیعرەکە و ڕۆحی لەبەردا نەهێشتووە. نە قافیە، نە ڕیتم، نە جوانی، نە ئاواز، نە شیعریەت لە شیعرەکەدا نەماوە، هەمووی بووە بە قسەی ڕۆتینی ناڕێکوپێک کە بە هەزار فرسەخ لە شیعرەوە دوورن. من لێرەدا تەنها بۆ نمونە چەند دێڕێکی لێدەهێنمەوە
اذا عدت هذە المرة ئەگەر ئەم جارە بگەڕێمەوە
ساتسلق اشجار الجوز الباسقة سەر دەکەوم بەسەر دارگوێزە بەرزەکاندا
کالسنجاب وەک سمۆرە
وساحوم حول الحقول الخضر دەسوڕێمەوە بە دەوری زەویە سەوزەکاندا
مثل غمامة منخفضة وەک هەوری نزم
مثل شجرة الصفصاف وەک داری چنار
سانحنی فوق النهر سەردادەنەوێنم بەسەر ئاوەکاندا
وفوق جمیع صخور الشاطىء بەسەر بەردی کەنار ئاوەکان
اه فقط... اذا عدت هذە المرة ئای بەس ئەوەندە... کاتێک گەڕامەوە ئەم جارە
اه اذا عدت هذه المرة ئای بەس ئەم جارە گەڕامەوە
سانظر الى سنابل القمح کیف تصفر تەماشای گوڵە گەنمەکان دەکەم کاتێ زەرد دەبن
والی الرمان و التفاح کیف ینضجان تەماشای هەنار و سێو دەکەم چۆن پێگەیشتوون
والی القطا کیف تبنی عشها تەماشای باڵندە دەکەم چۆن هێلانە دروست دەکەن
وانظر الى فراخ العصافیر کیف تطیر بەچکە چۆلەکەکان چۆن دەفڕن
والى طیور السنونو المهاجرە ئەو باڵندانەی کە کۆچ دەکەن و
کیف تصطف على اسلاک کهرباء الطریق چۆن لەسەر وایەری کارەبا ڕیز دەبن
والی الجداول من این تاتی و الی این تجری تەماشای ئەو جۆگە ئاوانە بکەم لە کوێوە دێن و لە کوێوە دەڕۆن
ئیتر بەم جۆرە ئەو شیعرە؛ کە یەکێکە لە شیعرە هەرە جوانەکانی پەشێو، هیچی بەسەر هیچەوە نەماوەو تێکشکێنراوە، بە تەواوەتی خاڵی بووەتەوە لە ئیستاتیاکا. وێنە شیعرییەکان لە جێی خۆیاندا نەماون و کۆمەڵێ دێڕی دیکە دانراون، دوورو نزیک پەیوەندییان بە شیعرەکەوە نییە. من لە خوارەوە ئەو بەشەی کە کراوە بە عەرەبی، کوردییەکەی بەو شێوەیە دادەنێمەوە کە کاتی خۆی پەشێوی شاعیرنووسییویەتی. تا تێبگەین ئێمە لەبەردەم چ کارەساتێکی گەورەی وەرگێڕانداین و ئاستی ئەو ناحەقییەمان بۆ دەرکەوێت کە لە کتێبێکی خوێندندا، بەرامبەر بە شیعرو جوانی زمانی کوردی کراوە. تا بۆمان ڕوونبێتەوە لەناو پرۆگرامەکانی خوێندندا و لەسەر دەستی هەندێک لە مامۆستاکان، چ حەشرێک و سوکایەتییەک بە شیعر و بە زمانی کوردی دەکرێت. 
ئەگەر ئەمجارە بێمەوە :
وەک سمۆرە،
بە دارگوێزە بەرزەکانا هەڵدەگەڕێم،
وەک پەڵەیەک هەوری نەوی
بەسەر کێڵگە سەوزەکانا دەخولێمەوە،
وەک شەنگە بی
بەسەر چەما،
بەسەر گشت زنارەکانی
کەنارا...دەچەمێمەوە،
ئاخ ، بەس ئەمجارە بێمەوە !
* * *
ئەگەر ئەمجارە بێمەوە:
سەرنج دەدەم
گوڵەگەنم چۆن زەرد دەبێ،
هەنارو سێو چۆن پێ دەگەن،
قەتێیەکان
هێلانەیان چۆن چێ دەکەن !
سەرنج دەدەم،
زەڕنەقووتە چۆن باڵ دەگرێ،
پەڕەسێلکە کۆچەرەکان،
لەسەر تێلی کارەبای ڕێ،
چۆن ڕیز دەبن ،
جۆگەلەکان لە کوێوە دێن ،
بۆ کوێ دەچن!
....
لە لاپەڕە 14 نووسراوە: "لیختر کل تلمیذ عنصرا من عناصر هذە الصورة، و لیصفە"، ئاوا کراوە بە کوردی: "با هەموو خوێندکارێک لێکدانەوەیەک بکات بۆ ئەم وێنەیە"، لێرەدا وشەی عنصر نەکراوە بە کوردی کە مانای ڕەگەز دەگەیەنێت و ڕستەکە بەم جۆرەی لێدێت: با هەر خوێندکارێک، ڕەگەزێک لە ڕەگەزەکانی ئەم وێنەیە هەڵبژێرێت و وەسفی بکات.

لە لاپەڕە 15 نووسراوە: "القراء الصامتة و الجهریة"، ئاوا کراوە بە کوردی: "خوێندنەوە بە بێدەنگی و بە بەرزی". جوانتر بوو بنووسرێت: خوێندنەوەی بێدەنگ و بە دەنگ. یان خوێندنەوەی بە چاو و بە دەنگی بەرز. هەر لەم لاپەڕەیەدا نووسراوە: "ما الموضوع العام لهذە القصیدة"، سەیری وەرگێڕانە کوردییەکەی بکەن: "باسە گرنگەکانی ئەم دێڕە شیعرە چیە". وەک دەبینن ئەو وەرگێڕانە چ مەهزەلەیەکە و هیچی بەسەر هیچەوە نییە. کێشەکە لەوەدایە ئەو ڕستە عەرەبییە زۆر سوک و ئاسانە، هیچ قورسی و زەحمەتییەکی تیانییە، تا سەرلەبەری ڕستە عەرەبییەوە بە هەڵە وەربگێڕدرێت، یان ڕاستتر وێرانبکرێت. پێوێست بوو ئاوا وەربگێڕدرێت: بابەتە گشتییەکەی ئەم شیعرە چییە؟ یان بابەتی گشتی ئەم هۆنراوەیە چییە؟ دیسانەوە هەر لەم لاپەڕەیەدا نووسراوە: "القطا"، ئاوا کراوە بە کوردی"باڵندەیەکە لە دەشتدا". ئەم بەڕێزە ئەگەر پێشتر شیعرەکەی عەبدوڵا پەشێوی خوێندبێتەوە، یان ئەگەر تۆزێک خۆی ماندوو بکردایە و تەماشای یەک دوو فەرهەنگی عەرەبی/ کوردی بکردایە. ئەوا دەیزانی مەبەست لەو باڵندەیە قەتێ-یە.

لە لاپەڕە 16 نووسراوە: "استخرج من النص الحقل المعجمی للطبیعة، ثم اعلل انتشاره فی القصیدە کلها"، ئاوا کراوە بە کوردی: "دەری بهێنە لە دەقەکە ڕەنگدانەوەی فەرهەنگ (قاموس) بۆ سروشت وە باسی هۆکاری بڵاوبونەوەی لە هەموو شیعرەکەدا"، وەرگێڕانێکی خراپ و بێسەروبەرەی ناتەواوە. دەکرا بەم شێوەیە بێت: لە دەقەکەدا ئەو وشانە دەردەهێنم کە گوزارشت لە سروشت دەکەن، پاشان بڵاوبوونەوەی بەناو سەرتاپای شیعرەکەدا شیدەکەمەوە. لە ڕاستیدا مەبەستی پرسیارە عەرەبییەکە ئەوەیە: لە شیعری ئەگەر ئەم جارە بێمەوە، وشەگەلێکی زۆر هەیە کە گوزارشت لە سروشت دەکەن، وەک دارگوێز، سمۆرە، شەنگە بی، کێڵگەی سەوز، پەڵە هەوری نەوی،...هتد. خوێندکار دەبێت هۆکاری بوونی ئەو هەمو وشەیە کە باس لە سروشت دەکەن و بەناو شیعرەکەدا بڵاوبوونەتەوە، شیبکاتەوە. دەکرێت بڵێن بۆچی سروشت لەم شیعرەدا ئامادەییەکی گەورەی هەیە؟

لە لاپەڕە 18 نووسراوە: "استخرج من النص ما یدل على حنین الشاعر الى اشجار بلاده"، ئاوا کراوە بە کوردی: "ئەو ڕستەیە دەربهێنە لە دەقەکە کە دەلالەت دەکات لە سۆزی شاعیر دەکات. دارو درەختی وڵاتەکەی". ئەو جۆرە وەرگێڕانە تا بڵێی بێزارکەرو ناخۆشە بۆ خوێندنەوە. نەک خوێندکارێکی پۆلی حەوت، بەڵکو کەسێکی خوێنەریش تاقەتی نییە ئەو جۆرە ڕستانە بخوێنێتەوە. کتێبێک بەو جۆرە نووسرابێت، بۆ فڕێدان باشە نەک ئەوەی پرۆگرامی خوێندن بێت. جوانتر بوو ئاوابێت: لە دەقەکەدا ئەو ڕستانە دەردەهێنم کە بەڵگەن لەسەر هەست و سۆزی شاعیر بۆ دارو درەختی وڵاتەکەی. هەر لەم لاپەڕەیەدا نووسراوە: "المستوی الترکیبی"، بەم شێوەیە کراوە بە کوردی: "ئاستی کردنە ناو ڕستە (تێکەڵ)"، ئەوە جۆرێکە لە ڕیزکردنی وشە کە هیچ مانایەک نابەخشێت. ئاخر خوێندکار چی لەوە تێدەگات؟ ئەو وەرگێڕانە هیچمان پێناڵێت و زۆر بێمانایە. دەکرا بەم شێوەیە بێت: ئاستی پێکهاتەیی. دیارە مەبەست لێی ئاستی پێکهاتەیی ڕستەکانە. واتە ڕستەکان لە چی و چی پێکدێن. جگە لەوە وشەی "الحقول" بە "شوێنی سەوز" کراوە بە کوردی. بەداخەوە ئەمە جێگای هەم پێکەنین و هەم خەفەتە. الحقول واتە کێڵگەکان. هەر لەو لاپەڕەیە لەسەر وێنەیەک نووسراوە"الخریف: زستان"!!! 

لە لاپەڕە 21 نووسراوە: "انت استاذ"، کراوە بە "من مامۆستام"، ئێ مەعقولە هەڵەی لەم جۆرە لە مەلزەمەی خوێندندا هەبێت و پڕفرۆشترین مەلزەمەش بێت؟ ئەمە چ گاڵتەجاڕییەکە! وادیارە ئەم مەلزەمەیە بە هیچ جۆرێک نە هەڵەچنی بۆ کراوە نە پێداچوونەوە. پێدەچێت بەڕێز مامۆستا چۆمان، پەلەی چاپکردنی بووە، بۆیە بە پێویست یان بە گرنگی نەزانیوە هەڵەچنی و پێداچوونەوەی بۆ بکات. ئیدی ئەو تەغارە هەڵەیەی کردووە بە مەلزەمەو بە پارە دەیفرۆشێت و خستوویەتییە بەردەست خوێندکارەکان.

لە لاپەڕە 23 نووسراوە: "تمثال موسی ل مایکل انجلو، کتلە عظیمة من الرخام الناصع، یبلغ ارتفاعها اربعە امتار. مر ازمیل هذا العبقری علی الحجر الاصم، فاخرج للناس تمثالا حیا"، ئاوا کراوە بە کوردی: "پەیکەری موسا کە خاوەنەکەی (مایکل ئەنجلو) بەشێکی گەورەیە لە جۆرە بەردێکی زۆر ڕەقی پوخت بەرزیەکەی (4) مەتر دەبێت، کە ئەو کەسە لێهاتووە لەم جۆرە بەردە تاشیویەتی، کردویەتی بە پەیکەرێکی زیندوو". ئەو وەرگێڕانە پڕ کەموکوڕییە و بە کوردییەکی زۆر سەقەت داڕێژراوە. ئاوا جوانتر بوو: پەیکەری موسا کە مایکل ئەنجلۆ دروستی کردووە، بارستاییەکی مەزنە لە مەڕمەڕی پوخت، بەرزییەکەی 4 مەترە. ئەم بلیمەتە، قەڵەمە ئاسنەکەی، بەسەر ئەم بەردە کەڕەدا هێناوەو بردووەو پەیکەرێکی زیندووی بۆ خەڵکی لێدروست کردووە. وشەی (ازمیل/ دەکرێت بە سومبە یان قەڵەمی ئاسن) بکرێت بە کوردی.

لە لاپەڕە 24 نووسراوە: "استخرج من النص جملەی ایسمی و فعلی لە دەقەکە دەربهێنە"، لێرەدا هەردوو ڕستە عەرەبی و کوردییەکە بەسەریەکدا تێکەڵ بوون و ئەو ڕستە سەیرەیان پێکهێناوە. هەر لەم لاپەڕەیەدا نووسراوە: "اوسع الجملة البسیطة الاتیة، لاحصل على جملة مرکبة"، ئاوا کراوە بە کوردی: (ئەم ڕستەیەی خوارەوە فراوان بکە بۆ ئەوەی ببێتە ڕستەیەکی تێکەڵ (المرکب)"، وەرگێڕانێکی خراپ و بێمانایە و سەر لە خوێندکار تێکدەدات. بۆچی؟چونکە لە زمانی کوردی و ڕێزمانەکەیدا ڕستەی تێکەڵ نییە، ئەوەی هەیە ڕستەی لێکدراوە. دەبوا بەم شێوەیە بوایە: ئەم ڕستە سادەیەی خوارەوە فراوان دەکەم، تاکو ڕستەیەکی لێکدراوم دەستکەوێت. هەر لەم لاپەڕەیەدا نووسراوە: "مایکل انجو نحات فنحت تمثال موسی"، ئەمە کوردی ناو مەلزەمەکەیە بۆ ئەو ڕستە عەرەبییە: "مایکل انجو دارتاشە پەیکەرەکەی موسی دروست کردو تاشی". سەرەتا هەم لە عەرەبییەکە و هەم لە کوردییەکە، ناوی مایکل ئەنجلۆ بە هەڵە نووسراوە "مایکل انجو". پاشان دارتاشی چی!! ئاخر یەکێک لە مەڕمەڕ و بەرد پەیکەری موسای دروستکردبێت، دارتاشە؟ وای لەو بێئاگاییە. کارەساتە هەڵەی وا کوشندە لە پرۆگرامی خوێندندا هەبێت. پێویست بوو ئاوا بکرێت بە کوردی: مایکل ئەنجلۆ پەیکەرتاشە و پەیکەری موسای دروست کرد.

لە لاپەڕە 25 نووسراوە: "ویل لامة لا تاکل مما تزرع، ولا تلبس مما تنسج"، ئاوا کراوە بە کوردی: "هاوار و وەیلا بۆ نەتەوەیەک لەو بەرهەمە ناخوات کە دەی چێنێت وە لەبەری ناکات ئەوەی کە دەی دورێت". زۆر ناڕێکوپێکە، جوانتر بوو ئاوا بنووسرێت: واوەیلا بۆ ئەو نەتەوەیەی ئەوەی دەیچێنێت نایخوات، ئەوەی دەیچنێت لەبەری ناکات. بێگومان چاندن و چنین دوو مانای تەواو جیاوازیان هەیە، یەکەمیان بۆ کشتوکاڵە و دووەمیان بۆ ڕستن و جلوبەرگە.

لە لاپەڕە 27 نووسراوە: "ارتب الکلمات الاتیة بحسب ورودها فی القاموس الالفبائی"، تەماشا چۆن کراوە بە کوردی: "ئەم وشانە بکە بە یەک ڕستە بە پێی هاتنیان لە قاموس دا". ئاشکرایە لە عەرەبییەکەدا داوای ئەوە ناکات وشەکان بکات بە ڕستە. بەڵکو داوا دەکات وشەکان بەپێی ڕیزبەندی ئەلف بێ، ڕیزیان بکات. بۆچی داوا ناکات وشەکان بکرێن بە ڕستەیەک؟ چونکە وشەکان بە هیچ جۆرێک ناگونجێن بکرێن بە ڕستەیەک. واتە وشەکان جیاوازن و لەگەڵ یەک کۆناکرێنەوە بۆ ئەوەی ڕستەی لێدروست بکرێت. ئەمە وشەکانە: طفلة- اعوام- وهبنی- الحدیقة- تسابق- درجاتها. وەک دەبینین ئەو وشانە زۆر دوورن لەیەکەوەو ڕستەیان لێدروست ناکرێت. بەڵام دەکرێت بەپێی ڕیزبەندی ئەلف بێ، بەم جۆرە ڕیزبکرێن: الحدیقە- درجاتها- تسابق- طفلە- اعوام- وهبنى. هەر لەم لاپەڕەیەدا نووسراوە: "اکتب ما یملى على"، ئاوا کراوە بە کوردی: "بینوسەرەوە ئەوەی کە دەخوێنرێتەوە بەسەرم دا". کارەساتە ڕستەی ئاوا سەقەت و بێمانا و خراپ و ناڕێک، بکرێت بە مەلزەمەو بخرێتە بەردەستی خوێندکار. سەیری جێناوەکان چەند بە هەڵە بەکارهێنراون! "بینوسەرەوە" واتە تۆ کە دەکاتە کەسی دووەم، "ئەوەی کە دەخوێنرێتەوە بەسەرم دا" واتە من کە دەکاتە کەسی یەکەم. ئێ ئەمە چۆن دەبێت؟ ئەمە دەچێتە خانەی وڕێنەوە نەک ڕستەی خوێندن. دەکرا بەم شێوەیەبێت: ئەوەی پێمدەوترێت دەینووسمەوە. 

لە لاپەڕە 29 نووسراوە: "اختار مشهد طبیعی یتبدل بتبدل الفصول"، ئەمە وەرگێڕانەکەی مامۆستا چۆمان-ە: "هەڵبژاردنی دیمەنێکی سروشتی کە بگۆڕێت لەگەڵ وەرزەکانی دارستان". وای لەو شێواندنە و لەو ناحەقییەی کراوە بە وەرگێڕان! ئێ ئاخر ڕستەیەکی ئاوا ئاسان، بۆ دەبێت بەو جۆرەبێت؟ ئەم کەمتەرخەمی و گوێنەدانە چییە کە سەرتاپای ئەم مەلزەمەیەی گرتووەتەوە؟ دەبوا ئاوا بنوسرایە: هەڵبژاردنی دیمەنێکی سروشتی کە لەگەڵ گۆڕانی وەرزەکاندا بگۆڕێت. دەکرێت ئەم لاپەڕەیە ناوبنرێت بە لاپەڕەی هەڵەکان، لاپەڕەی ناتەواوییەکان، لاپەڕەی سوکایەتی کردن بە وەرگێڕان. لەبەرچی؟ چونکە لێوان لێوە لە هەڵە. لەوانە:

بستان: کراوە بە دارستان، هەڵەیە باخ یان ڕەز یان دێبەر، ڕاستە. عصافیر کراوە بە باڵندە، هەڵەیە و چۆلەکە ڕاستە. حقل فیە عشب: کراوە بە زەوی سەوز، هەڵەیە کێڵگەیەک گژوگیای تێدابێت، ڕاستە.
"نهر ترتفع الاشجار على ضفتیة: کراوە بە "ئاوێک داپۆشرابێت بە درەخت". ئەمە یەکێکە لە ڕستە هەرە خراپەکان کە تاوانە ڕستەی لەم جۆرە دەرخواردی خوێندکار بدرێت. ئاوا جوانترە: ڕوبارێک لە هەردوو کەنارەکەیدا درەخت ڕواوە. یان هەردوو کەناری رووبارەکە بە درەخت داپۆشراوە. 

"وصف الاثر الذی ترکە هذا المشهد فی نفسی، فی کل فصل من فصول الاربعة: وەسفکردنی ئەو پاشماوەی کە جێی هێشتووە لە ناخمدا لە وەرزەکانی ساڵ". ئەگەر ڕستە عەرەبییەکە نەخوێنیتەوە، هەرگیز لە ڕستە کوردییەکە تێناگەیت و نازانیت باسی چی دەکات و مەبەستی چییە؟ پێویست بوو ئاوابێت: وەسفکردنی (یان باسکردنی) ئەو کاریگەرییەی کە ئەم دیمەنە، لە هەر وەرزێک لە چوار وەرزەکە، لە دەروونمدا (یان لەناخمدا)بەجێیهێشتووە.

"الکتابە بخط واضح مقروء: نوسین بە کە بخوێنرێتەوە" وەرنەگێڕانی وشەی (واضح) مانای ڕستەکەی سەقەت کردووە. بوونی هەڵەی لەم شێوەیە، بەڵگەیە لەسەر ئەوەی ئەم مەلزەمەیە زۆر بەربادانە و بێ هیچ گرنگی و بایەخپێدان بە مەسەلەی زمانەوانی، دروستکراوە.

جگە لەو هەڵانە کە هەڵەی کوشندەی وەرگێڕانن، مەلزەمەکە سیخناخە بە هەڵەی ڕێنووسی عەرەبی. واتە ژمارەیەکی زۆری وشە عەرەبییەکان، ئیملاکەیان هەڵەیە و مانای وشەکانیان تێکداوە. لێرەدا تەنها هەندێک لەو هەڵانە دەهێنمەوە کە لە 20 لاپەڕەی یەکەمدا کراون، ئەمەش وەک کورد دەڵێت مشتێکە لە خەروارێک.
لبروق/ البروق. دافئن/ دافئ. فهناط/ فهناک. الاءملاء/ الاملاء. اهدا/ شاهدە. لطویل/ الطویل. حضفر/ حفر. انقسهم/ انفسهم. مزارعو/ مزارعوا. بسط/ بسیط. سریرة/ سریره. فی سریه/ فی سریره. تکرارە/ تکرار.اللحنین/ الحنین. السجاب/ السنجاب. منخضضە/ منخفضة. صفور/ صخور. ضغور/ صخور. ینصجان/ ینضجان. فراح/ فراخ. الصاف/ العصافیر. فوق/ فوقه. العقول/ الحقول. الخصر/ الخضر. الخامه النخفضە/ غمامة منخفضە. فراح/فراخ. الواعد/ القواعد. مرتفحة/ مرتفعة. الاسءستناج/ الاستنتاج. الدعاة قطعان نهم/ الرعاة قطعانهم. سەرەڕای هەمو ئەوانە، هەندێ دەق و ڕستە و وشە بە فۆنتێکی بچوک و جار جارەش کاڵ نووسراون کە خوێندنەوەیان ئاسان نییە. 

دواجار پێویستە ئاماژە بەوە بدەم، ئەم مەلزەمەیە دوو بەشە، بەشی یەکەمی لە 87 لاپەڕەی قەبارە گەورە و بەشی دووەمی لە 71 لاپەڕەی قەبارە گەورە پێکهاتووە. ئەوەی من لەم نووسینەدا دەستنیشانم کردووە، تەنها تایبەتە بە 29 لاپەڕەی بەشی یەکەم. لەم 29 لاپەڕەیەشدا، زۆر هەڵە هەبووە بەسەریاندا تێپەڕیوم و ئاماژەم پێیان نەداوە. چونکە بابەتەکە زۆر درێژتر دەبوەوە. هەر بۆیە من بەوەندە کۆتایی پێدەهێنم. بەو هیوایەی وەزارەتی پەروەردە، بەزووترین کات ئەم مەلزەمەیە کۆبکاتەوەو قەدەغەی بکات و سنورێک بۆ ئەو مەهزەلەیە دابنێت کە خاوەن مەلزەمەکان، بۆ دەستکەوتی مادیی، ئامادەن هەمو شتێک بشێوێنن: لە پەروەردەوە بۆ زانست، لە زمانەوە بۆ خوێندنەوە، لە نووسینەوە بۆ وەرگێڕان. بێدەنگی وەزارەت و بەرپرسە باڵاکانی کایەی پەروەردە، لە ئاست ئەم فەوزا قێزەونەی مەلزەمە بە گشتی و مەلزەمەی لەم جۆرە بەتایبەتی، مانای بەشداریکردنی ئەوانە لەم ئابڕوچون و پاشاگەردانییەی پرۆسەی پەروەردەی تێکەوتووە.


AM:10:51:01/09/2019

ئه‌م بابه‌ته 4976 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی