نه‌وت و شکستی ئابوری

‌ژینۆ محەمەد

ئەو سیاسەتە نەوتی و ئابوریە سەربەخۆیەی کە کابینەکانی پێشووی حکومەتی هەرێم وەکو پلان و پڕۆژەیەکی ئەفسوناوی کاری بۆ کردو گۆرانی بە شانوباڵیدا دەوت، ئێستا ٢٧ ملیارد دۆلار قەرزی هێناوەتە سەر هەرێمی کوردستان، ئەوە جگە لە ساڵانی پاشەکەوتی موچەو ئەو دۆخە داراییە سەختەی کوردستانی بارگاوی کرد بە دەیەها قەیرانی جیاواز.

هەموو ئەو دەستکەوتانەی کە نەوت و ئابوری سەربەخۆی کابینەکانی پێشوو وەکو خەونێکی ئەرخەوانی دەیدا بە گوێی خەڵکیدا، دەرکەوت جگە لە سەرابێکی کوشندە هیچ نەبوون بۆ خەڵکی و ئێستاشی لەگەڵ بێت خەڵک باجی ئەو سیاسەتە هەڵەیەی ئەوان دەدات.

باسکردنی ئەم حەکایەتە شتێکی دووبارەی بێ سوودە، بەڵام گرفتەکە ئەوەیە هێشتا کەسانێک هەن نایانەوێت دان بەو شکستە گەورەیەی ئابوری سەربەخۆدا بنێن کە کوردستانی خستۆتە سەر لێواری خەرەندێکی قوڵ، دوای ئەو هەموو خەم و ئازارەی، سیاسەتی نەوتیی کابینەکانی پێشوو رووبەڕووی خەڵکی کوردستانی کردەوە، هێشتا ژمارەیەکی زۆر هەیە پێیوایە سیاسەتی نەوتیمان هیچ عەیبێکی نەبووەو بەغدایە چاوی هەڵنایە بە دەستکەوتەکان.

جا لەوەش ترسناکتر هەرکاتێک هەڵەکانی خۆیانیان بە بیر دێنینەوە، بە "پلانی موئامەرە" و بابەتە سواوەکانی "خیانەت و جاشچێتی" دەمانخەنەوە ژێر چەتری بەغداو تۆمەتبار دەکرێین بەوەی پشتیوانی بەغدای دوژمن بە کورد دەکەین.

بەغدا تا دوا لوتکە گەندەڵەو دەوڵەتێکی شکستخواردووە بە هەموو پێوەرەکان، بەڵام ئەم راستیە کەس پاک ناکاتەوە لە بەرپرسیاری هەڵەکانی. ئاخر ئێوەو سیاسەتە نانیشتمانییەکانتان هەر رۆژەو دەمانخەنە سەر تولەڕێیەکی پڕ نشێوی هەزار بە هەزار. هەر رۆژەو ئاوازێکی نەشاز دەدەن بە گوێماندا، سەرتان لە خۆتان و ئێمەش شێواندووە، رۆژێک بەغدا تەلاق دەدەن و رۆژێکیش دەمانبەنەوە بەردەرگا رەش و تاریکەکانی بەغدای عروبە. رۆژێک بە ئابوری سەربەخۆی نەوت سەدان فەنتازیای جوان لە خەیاڵماندا دروست دەکەن و رۆژێکیش ناچارمان دەکەن بە نیو موچە دڵمان پڕ بکەین لە شادی.

ئەی بڕیار نەبوو لە رێگەی کۆمپانیای کاپکۆوە هەموو کەسێک لە کوردستان پشکی قازانجی لە نەوتی هەرێم پێ بدرێت ؟

ناکرێت ئەوانەی بەرپرسیارن لەم شکستە ترسناکە وا بە ئاسانی دەربازیان ببێت، کوان عەڕابەکانی نەوت؟ تارماییەکانی ئاشتی هەورامی و چراخان رەفیق و مورتەزا لاخانی لە کوێ ببینینەوە؟ ئەوانەی ریشی خۆیان و خەڵکی ئەم هەرێمەیان دایە دەستی چەند دەڵاڵێکی نەوت، بۆ قسەیەکیان نییە بۆ وتن؟ خەڵکی کوردستان چەندی دیکە دەبێت باجی هەڵەکانی ئەوان بدات، لە کاتێکدا جگە لە چەند کۆمپانیایەکی حیزبی و هەندێ دەڵاڵ و کاراکتەری سیاسی قەبەو ژمارەیەک کۆمپانیای بیانی کەسی دیکە سودو قازانجی لە نەوتی کوردستان نەبینی، ئەمە داتاکانی هەرێم خۆیان وا دەڵێن.

بەڵام ئەوەی مایەی ئازارێکی قوڵە "بەعدە خەراب" ئابوری کوردستان و ژیانی خەڵکەکەی، هێشتا دوا ئەڵتەرناتیڤ و بژاردەمان گیرفانەکەی بەغدایە، ئەدی بۆچی خۆمان دەستمانکرد بە نەوت فرۆشتن و پەنابردن بۆ ئەو کارتە، ئایا ئەگەر هەر لە بنەڕەتدا ئەم مەعمەعەیەمان لەگەڵ بەغدا دروست نەکردایه باشتر نەبوو؟!


PM:05:58:05/05/2020

ئه‌م بابه‌ته 2936 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی