ئەمریکا و عێڕاق لە نێوان سێ بژاردەدا!!!

‌كاروخ خۆشناو

دوای بڕیارەکەی دوێنێی پەرلەمانی عێڕاق بۆ هەڵوەشاندنەوەی ڕێکەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی نێوان ئەمریکا و عێڕاق، ئەمڕۆ تڕەمپ هەڕەشەی قورسترین سزای ئابووری لە عێڕاق کرد.

کوتلە شیعەکانی پەرلەمانی عێڕاق لەژێر هەڕەشەی ئێران و  شەقامی شیعەدا ئەم بڕیارەیان دەرکرد و عێڕاقیان بەرەو تونێلێکی تاریک ئاراستە کرد.

ئیدارەی ئەمریکا لە عێڕاقدا لە بەردەم سێ بژاردە دایە:

۱- قبوڵکردنی بڕیارەکە و جێهێشتنی گۆڕەپانی عێڕاق بۆ نەیارەکانی، کە ئەم بژاردەیە مەحاڵە بۆ ئەمریکا.
۲- هەڵوەشاندنەوەی عێڕاقێکی ڕزیوی تەمەن (100) ساڵەی بە زۆر پێکەوە لکێنراو بۆ سێ وڵاتی کۆنفیدڕاڵی یان سەربەخۆ، وەک پێشتر (جۆ بایدن) لە پڕۆژەکەیدا لە ساڵی 1991 پێشنیاری کردووە.

۳- گێڕانەوەی عێڕاق بۆ ژێر بەندی (7) کە یەكێكە لە بەندەكانی پەیماننامەى نەتەوە یەكگرتوەكان، ئەم پەیماننامەیە لە ڕۆژی 26 حەزیرانی 1945 لە شاری سان فرانسیسكۆ لە ئەمریكا دەرچووە، بریتیە لە 19 بەش ( بەند ) كە تێكڕا 111 مادەیە. تایبەتمەندی ئەو بەندە ئەوەیە ئەنجومەنی ئاسایش پابەند دەكات كە دەست بەكار بیت بۆ بەكارهێنانی هێزی نێو دەولەتی (هێزی سەربازی) بۆ تەمێكردن و سەركوتكردنی ئەو وڵات و كیانانەی مەترسی بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی جیهان دروست دەكات وەك بەكارهینانی هێزی سەربازی بۆ دەستێوەردان و چارەسەری كێشە نێودەوڵەتییەكان، چۆن لە هایتی و لیبیریا و ئەفغانستان و عێراق‌وهندێ‌ وڵاتی تر پیادە كرا.

مەبەست لە بەندی(7)ی میساقی (un)، واتە چارەسەركردنی كێشەو ناكۆكییە نێودەوڵەتییەكان لە ڕێگەی پەنابردنە بەر سزا ماددیەكان‌و بەكارهێنانی كۆمەڵێك وەسیلە تاكو دەگاتە بەكارهێنانی هێزی چەكداری، واتە بەندی (7) كۆمەڵێك ماددەن كە ڕەگەزی سزایان تێدایە‌و سزاكانیش بەسەر ئەو دەوڵەتانە دەسەپێنرێن كە دەبنە هەڕەشە لەسەر كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی یاخود پێشلی مافەكانی مرۆڤ‌و پرەنسیپە نێودەوڵەتییەكان دەكەن یاخود كاری دوژمنكارانە دژی كیانێكی تری نێودەوڵەتی ئەنجام دەدەن، هەموو ئەم كرادارانە بەرپرسیاریەتی یاسایی لێدەوكەوێتەوەو كۆمەڵێك سزا بەسەر دەوڵەتەكەدا دەسەپێنێت. هەرچی بەندی (6)ی میساقی نەتەوە یەكگرتوەكانە، كۆمەڵێك ماددەو بنەمان كە داوا لە وڵاتان دەكات لەكاتی دروستبوونی كێشەو ناكۆكی لە نێوان لە ڕێگەی ئەم بەندەو بەڕێگا دیپلۆماسی‌و دانوستان‌و پەنا بردنەبەر ڕێگە ئاشتیەكان چارەسەری كێشەكانیان بكەن، بەڵام ئەگەر وڵاتێك پابەندی بنەما یاساییەكانی یاسای نێودەوڵەتی نەبێت‌و بە ڕێگەی ئاشتیانە چارەسەری كێشە نێودەوڵەتییەكانی نەكات، ئەوسا ئەنجوومەنی ئاسایش دوای ئەنجامدانی كۆمەڵێك ڕێكاری یاسایی، بڕیاری سەپاندنی بەندی (7) بەسەر وڵاتە پێشلكارەكە دەسەپێنێت.

عێراق یەكێك بوو لەو وڵاتانەی كە لە ساڵی (1990) بەهۆی شەرو داگیركاری لە دژی وڵاتی كوێت كە بە (جەنگی كەنداو) ناسراوە، كەوتە بەر سزاكانی بەندی (7)و بەگوێرەی بنەماكانی یاسای نێودەوڵەتی كۆمەڵێك سزای بەسەردا سەپێنرا ئەنجومەنی ئاسایش لە بەندی حەوتی بڕیاری 678 ساڵی 1990 بڕیاریدا بە بەكارهێنانی هێز بۆ دەركردنی عێراق لە كوێت و بڕێك لە داهاتەكەشی بۆ قەرەبووكردنەوەی كوێت و كۆمپانیا و ئەو وڵاتانەی زیانیان پێگەیشتووە، ببڕێت، هەر بەپێی ئەو بڕیارە گەمارۆی ئابوری خرایە سەر عێراق و دواتر بڕیاری "نەوت بەرامبەر خۆراك" درا.

  نەتەوە یەكگرتووەكان لە سایتی فەرمی خۆی ئەوەی ڕاگەیاند كە لەبەرواری 27/6/2013، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی بڕیاری (2107)ی سەبارەت بە عێراق دەركرد كە تایبەتە بە دۆسیەی شەری كوێت‌و تێیدا بڕیاردرا بە دەرچواندنی عێراق لەژێر بەندی(7)ی چارتی (un)دا. بێگومان ئەگەر لە ڕوانگەیەكی عێراقیەوە لەم پرسە بڕوانین، ڕەنگە لەلای بەشێكی خەڵكی عێراق، بڕیاردانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ دەرچوونی عێراق لەژێر بەندی حەوتی نەتەوە یەكگرتووەكان گەڕانەوەی عێراق بۆ "ناو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی" كارێكی باش‌و سودمەند بێت بەوەی كە چیتر عێراق سەروەرییەكەی لەكەدار نابێت‌و دەسەڵاتی تەواوی ئەبێت بەسەر هەموو وڵات و داهات و سامانەكانیدا، بەڵام وا دەرنەچوو، وەک دەبینین دوای زیاتر لەشەش ساڵ دیار کەوت کە عێڕاق خاوەنی سەروەری نیە و لەلایەن زۆر وڵاتەوە سەروەریەکەی شکێنراوە.

بۆ ئێمەی کورد بژاردەی دووەم باشترین بژاردەیە وەک سیناتۆر (مارکۆ ڕۆبیۆ) دوێنی لە تویتێکدا ئاماژەی پێکرد.


AM:11:12:07/01/2020

ئه‌م بابه‌ته 3912 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی