ئێمە بەرەو کوێ؟

‌هيمداد شاهين

مەولانا لە مەسنەوییەکەی خۆیدا چیرۆکی وەزیرێکی یەهودییمان بۆ دەگێڕێتەوە کە دەیەوێت تەفرەقە و پەرتەوازەیی بخاتە ناو مەسیحییەکانەوە. بۆ ئەوەی ئەجێنداکەی جێبەجێبکات خۆی دەکات بە قەشە و پیر و پیاوچاکی مەسیحییەکان، شوێنکەوتوانی عیساش بەهۆی گەمژەیی و نەفامیی خۆیانەوە باوەڕی پێدەکەن و دەیخەنە کانگای دڵیانەوە. تا ئەو ڕۆژەی وەزیر هەموو هۆزە مەسیحیەکان دەکات بە دوژمنی یەکتر و شمشێر لە یەک ڕادەکێشن و یەکتر قڕ دەکەن. چیرۆکی ئێمەش بەم شێوەیەیە، ئیتر ئەمە کۆتایی ڕێگاکەیە. مەولانا گوتەنی تەنها دەرگای خودا ماوەتەوە:

او بە سر دجال یک چشم لعین
ای خدا فریاد رس نعم المعیــن

عێراق و ناوچەکە سەرتاپا دەکوڵێن، لەم ناوچەیەدا کە سەردەمێک لێوانلێو بوو لە حیکایەتی جوانی مرۆڤدۆستیی، پێکەوەیی، ئاشتیی و خۆشەویستیی باپیر و داپیرە گەورەکانمان، ئەوەتا بەهۆی تەماعی هەندێ هێز و دەوڵەتی چاوچنۆکەوە لەلایەک، لەلایەکی ترەوە بەهۆی بێ سەریی، ستەم و گەمژەیی دەسەڵاتدارەکانییەوە خەریکە دەبێتە یەکێک لە بێزراوتریین کوتلەی ناو مێژووی مرۆڤایەتیی، ئەمەی ئێستا روودەدات بۆ من لەوە ئاساییترە کە بیری لێدەکرێتەوە، پێشتر زۆر بە روونیی و وازحیی، لەسەر ئەو دۆزەخە قسەم کردووە کە لەداهاتوودا مرۆڤی ئەم ناوچەیە تێیدا دەسووتێ، لە وتارێکمدا بە ناونیشانی "ئارامییەک بەر لە تۆفان" بە وازحیی لەسەر ئەو زۆنگاوە وەستاوم کە ئەمڕۆ یان سبەینێ هەموان قوت دەدات، بێگومان قوربانیی سەرەکیی ئەم زۆنگاوەش تەنها عێراق و عێراقییەکانن نەک وڵاتانی تر. لە راستییدا ئێمە هیچ بژاردەیەکمان نییە جگە لەوەی غەمگینانە و بەحەسرەتەوە چاوەڕێی ئەوەبین چی روودەدات و چی چارەنووسێک بۆ گەلانی ئەم ناوچەیە دیاریکراوە، نازانین داهاتوو چی بۆ شاردووینەتەوە.

راستییەکەشی ئەوەیە، بەهۆی ئەم دەسەڵات و سیستمە سیاسییە گەندەڵەی کە حوکمڕانیمان دەکات، ئێمە لەم گۆڕەپانەدا زۆر بێدەسەڵات و بچوک دەردەکەوین، نەک هەر بەشێک نین لەو یارییەی روودەدات، بەڵکو تەنانەت هێزە گەورەکان پرس و مۆڵەتیشمان پێڕەوا نابینین کە دێنە خاکەکەمان یاخود دەچنە دەرەوە، چۆنیان بوێت بەوشێوەیە مامەڵە لەگەڵ خاک و مرۆڤ و ئاسمان و ئاوی ئێمەدا دەکەن، ئەمەش هەمووی دەرئەنجامی حوکمڕانییەکی گەندەڵ و بێ خزمەتگوزاریی و پرکۆسییە کە خۆی بەسەردا سەپاندووین. هەربۆیە لەدیدی هێزە گەورەکانیشەوە ناچیزە بچوکین. بەداخەوە ئەم بچووکییە راستییەکی ترسناکی تێدایە، چونکە لەوەتەی ئەم سیستمە سیاسییە هەیە، عاشقی کلکایەتیی و پاشکۆیەتیی وڵاتانی زلهێزە، ئێمەش لەبری ئەوەی خۆمان رێکبخەینەوە لەبری ئەوەی ئەوەی ببینە بەدیلی ئەم رژێم و حکومەتە، کەچی چەپڵەلێدەری ئەم هێز و گرووپانەی ناودەسەڵاتین.

لەبری ئەوەی خۆمان ژیانی نەوەکانمان بونیاد بنێینەوە، هەمیشە حەپەساوین بەدیار جەبەڕوتی خەڵکی ترەوە. بەبێ ئەوەی هەوڵ بدەین تنۆکێک لەوان بچین، بەداخەوە هێشتا لای ئێمە سێڵفیەک لەگەڵ دەسەڵاتدارێکدا زۆر گرنگترە لە داهێنانی فڕۆکەیەک، تائێستاش ئافەرێنێکی کاک فڵان بە هەموو عیلم و سەنعەتی دنیا ناگۆڕینەوە.

ئەوانەی ئێمە لە خۆمان کردمانن بە شێر و پاڵەوان و فەریادڕەس، لەم یاریانەدا جگە لە تەماشاکەرێکی بێ دەسەڵات و نەفام هیچی تر نەبوون، لەم دەریا تۆفاناوییەدا کەشتی خۆمان تەسلیم بە هەندێ کەشتیوانی بێ توانا و بێ ئەزموون کرد کە بەرەو تاریکتریین چاڵی مێژوومان دەبەن. کەواتە دەبێ لە دۆخێکی وەک ئێستادا باجی ئەو دەبەنگییەی خۆمان بدەینەوە. ئەوەتا هەموو دنیا شیکەرەوە و سیاسەتمەدار و ڕاوێژکارەکانی هێناوەتە سەر خەت تا بزانن لە دوو ڕۆژی داهاتوودا چی ڕوودەدات، ئێمەش تەنها تەماشاکەرێکین و ئەرزشی پووشێکمان لە گۆڕەپانەکەدا نییە، تەنها و تەنها موشەک دەژمێرین. 


PM:12:18:05/01/2020

ئه‌م بابه‌ته 2220 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی