بەرپرسیارێتی یەكێتی لە مەسەلەی كەركووكدا

‌ عارف قوربانی‌

16ی ئۆكتۆبەر لە چركەساتی روودانییەوە تا كورد بمێنێ‌، وەك پەڵەیەكی رەش لە مێژووی (ی.ن.ك)دا باس دەكرێت. لەكاتێكدا یەكێتی وەك حیزب نەیكردووە، هیچ ناوەندێكی ئۆرگانی حیزبیی یەكێتی بەشێك نەبووە لە بڕیاردان لەو رووداوە. ئەو قسەوباسانەش لە دوای رووداوەكەوە دەكران بۆ سەپاندنی بەسەر سەركردایەتی یەكێتیدا وەك بەشێك لە بڕیارەكە، بۆ پینەكردنی ئەوە بوو كە گوزەشت.

عەڕابەكانی 16ی ئۆكتۆبەر لە دەرەوەی یەكێتی بوون و بە بەكاربردنی خەڵكانێكی ناو یەكێتی، ئۆباڵی تاوانەكەیان خستە ملی یەكێتی و بەشێك لە ئامانجەكەش بە قوربانیكردنی یەكێتی و بە ئامانجگرتنی كەسی یەكەمی یەكێتی (كۆسرەت رەسوڵ) بوو. بەڵام ئەم قسانە بۆ مێژوو نایخوات، مەگەر رۆژێك ئەوانەی لەپشتەوە ئاراستەی رووداوەكانیان دەكرد و 16ی ئۆكتۆبەریان خوڵقاند، ئازایەتی ئەوەیان هەبێت لە یاداشتەكانیاندا راستییەكان بنووسنەوە، ئەگینا بۆ هەتاهەتایە وەك شەرمەزارییەك لەسەر یەكێتی حساب دەكرێت.

سەرباری ئەوەی ئەم رووداوە یەكێتیی دابەش كردە سەر دوو بەرە، بەڵام لە دوای رووداوەكەوە هەردوولایان یەك ئامانجیان هەبوو، ئەویش پاككردنەوەی یەكێتی بوو لەو هەڵە ستراتیژییەی مەسەلەی كەركووكی لە دەستی كورد دەرهێنا. ئەوانەی دژی 16ی ئۆكتۆبەر بوون وەك لە بەیاننامەكانی كۆسرەت رەسوڵ و مەلا بەختیار و لێدوانی فەرماندەی هێزەكانی پێشمەرگە و بەشێك لە سەركردەكانی یەكێتیدا روون دەكرایەوە، ئەوە بوو كە بێ‌ ئاگاداری یەكێتی چەند كەسێك بەو كارە هەستاون. (ئۆكتۆبەرچیەكانیش) نەك قبوڵیان نەبوو وەك خەتایەك باس لەو رووداوە بكرێت، بەڵكو تا ماوەیەكی زۆریش دەیانویست وەك دەستكەوت و شانازی بۆ یەكێتی لە قەڵەمی بدەن بەوەی كەركووكیان پاراستووە. واتا هەردوو بەرەكە مەبەستیان بوو یەكێتی بێ‌ خەتا دەربكەن لەم رووداوە.

بەڵام ئەوەی ئێستا وەك دەرئەنجامی سەرەتایی رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر دەركەوتوون، دۆخێكە لە ئێستادا بۆ كورد خراپ و بۆ ستراتیژی نەتەوەیی كوردیش هەڕەشەئامێزە. یەكێتی كە دەیویست رووداوەكان بە ئاقارێكدا نەڕوات وەك خیانەتی نیشتمانی تەماشای 16ی ئۆكتۆبەر بكرێت، پێویست بوو هەموو هەوڵەكانی بۆ ئەوەبێت سیمای داگیركاری بەسەر كەركووكدا نەسەپێ. ئەوەی پارتی لەیەكەم رۆژەوە وەك شارێكی داگیركراو ناساندی. دەبوو ئۆكتۆبەرچییەكانی ناو یەكێتی كە وەك حەلیفی ئەو هێزە دەركەوتن دەستی بەسەر كەركووكدا گرت، ئەوەیان لەگەڵ ببڕاندایەتەوە كە ئیدارەی شارەكە لە دەستی یەكێتیدا بهێڵنەوە، تاهیچ نەبێت كێشەكە وەك بەشێك لە ململانێی نێو ماڵی كورد و ناكۆكیی پارتی و یەكێتی وێنا بكرایە، وەك چۆن پارتی لە 31ی ئاب وایكرد، بەهێزی عێراق هەولێری لەژێر دەستی یەكێتی دەرهێنا و هاوسەنگیی هێزی بە قازانجی خۆی گۆڕی. ئەوانەی لەناو یەكێتی لەو پرۆسەیەدا بەكاربران، دەبوو ئەوەندەیان بۆ یەكێتی بكردایە تا بۆ مێژوو بەرپرسیارێتی لەدەستدانی خاك و شكستی پرۆژەی نەتەوەیی كوردیان نەكەوتایەتە ئەستۆ.

كەركووك لەدەستی یەكێتیدا بمایەتەوە هاوسەنگیی هێز بۆ هەرێمی كوردستانیش دەگەڕایەوە. بەڵام ئەمەیان نەكرد و كەركووكیان خستە ناو قوڕگی شێرەوە.

ئێستا ئەوانەی دژی ئەوە بوون كەركووك بەو جۆرە وێنا بكرێت كە لەژێر هەژموونی داگیركاریدایە و رۆژانە بانگەشەیان بۆ ئەوە دەكرد كە كەركووك رزگار كراوە لەدەستی (مافیای نەوتدز) و بەشان و باڵی قۆناغی دوای 16ی ئۆكتۆبەریاندا هەڵدەدا، خۆیان هاواریان لێهەستاوە كە پرۆسەی تەعریب خەریكە بیناقاقامان دەگرێت و بانگەواز بۆ بە هاناوەچوونی كەركووك دەكەن. بەڕاستیش كەركووك لەژێر هەڕەشەی گەورەدایە، پێویستیشە كورد وەك نەتەوە بەفریای كەركووك بكەوێت و بیر لە دۆزینەوەی رێگەچارە و دەروازەی رزگاركردنی كەركووك بكەنەوە لەو دۆخەی تێیكەوتووە.

یەكێك لەو رێگایانەی ئەمڕۆ لە پرۆسەی زاڵكردنی هەژموونی عەرەب لەسەر كەركووك بەكار دەبرێت، ئیدارەی شارەكەیە. پۆستی پارێزگار كراوەتە ئامرازێك بۆ تەشەیوع و بۆ تەعریب. ئەگەر سیاسەتەكە ناوەندیش بێت و بەشێك بێت لە ستراتیجی بەغدا، بەڵام پارێزگار كراوەتە ئامرازی جێبەجێكردن. واتا ئەگەر پارێزگار كەسێك بووایە ئامادەیی ئەو بەئامرازكردنەی نەبووایە، بەدڵنیاییەوە دۆخی كەركووكیش بەو جۆرە نەدەبوو. بۆیە گرنگ بوو كورد ئەو ئاسانكارییەی نەكردایە بۆ تەعریبی شارەكەی خۆی و ئەو پۆستەی لەسەر سینییەكی زێڕ بۆ عەرەب جێنەهێشتایە كە پشكی كوردە. هەركاتێكش كورد رێكارە یاساییەكان بگرێتەبەر بۆ دانانی پارێزگارێكی كورد، زۆر بە ئاسانی دەتوانێ. پرسیار ئەوەیە ئەی بۆچی ئەوە ناكات؟

لە دەرەوەی عاتیفە و تۆمەتباركردنی یەكتری، ئەگەر لە هاوكێشەكان و واقیعی كەركووك بڕوانین، ئەوكاتەی پارێزگاری كەركووك لادرا، هێشتا ئەنجوومەن كارا بوو، ناكۆكی ئەوتۆ لەنێوان پارتی و یەكێتی نەبوو، ئەگەر یەكێتی بڕیاری بدایە لەسەر كارەكتەرێكی گونجاو، بەزوویی و دوور لە هیچ كێشەیەك پارێزگارێك دادەنرا، بەڵام ناكۆكیی ناو یەكێتی و تێڕوانینی جیاجیا بۆ بڕیاری لابردنی پارێزگار، پۆستەكەی بەو جۆرە هێشتەوە. تەنانەت دوای 16ی ئۆكتۆبەر و بایكۆتی پارتیش، عەرەب و توركمان ئامادەییان هەبوو بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەی پارێزگار و دانانی پارێزگارێكی كورد، ئەگەر یەكێتی مكوڕ نەبووایە لەسەر سەپاندنی كەسێك بۆ پارێزگار كە بەشێكی یەكێتی و حیزبە كوردییەكانی تر و پێكهاتەكانیش قبوڵیان نەبوو، ئەوكاتیش بە ئاسانی پارێزگارێكی كورد دەستبەكار دەبوو، بەڵام عینادی یەكێتی وایكرد توركمان و عەرەب پاشەكشە بكەن لە كاراكردنەوەی ئەنجوومەن بە قازانجی یەكێتی. ئیتر لەوكاتەوە پۆستی پارێزگار بەچۆڵی مایەوە و لەلایەن جێگری پارێزگار بە وەكالەت بەڕێوەدەچێت و خستوویەتییە خزمەتی بەعەرەبكردنەوە. بە ئەندازەیەك كار گەیشتووەتە ئەوەی هێز بەكاربەرێت بۆ لادانی بەڕێوەبەرە كوردەكان لە فەرمانگەكان و دەركردنی جووتیاری كورد لەسەر زەویوزارە كشتوكاڵییەكانیان و نیشتەجێكردنی عەرەب لە شوێنیان.

ئێستا دوو رێگە لەبەردەم یەكێتیدایە بۆ راستكردنەوەی هاوكێشەكە، یان لەگەڵ پارتی رێكبكەوێت بۆ كاراكردنەوەی ئەنجوومەن و دانانی پارێزگار كە پارتی زۆرینەی لیستی برایەتییە تیایدا و ئەوەش مەعلومە كە یەكێتی پارێزگار نادات بە پارتی، پارتیش رایانگەیاندووە كە ئامادەنین پارێزگار بدەن بە یەكێتی. یان لەگەڵ عەرەب و توركمان رێكبكەوێت بۆ هەمان ئامانج. عەرەب و توركمان درك بە ناتەبایی ناوماڵی كورد دەكەن و ئەوەیان قۆستۆتەوە، بە مەرجی زۆر قورس نەبێ‌ پارێزگار نادەنەوە بە كورد. كەواتا چارەسەر چییە بۆ دانانی پارێزگارێكی كورد؟

بەرپرسیارێتی یەكێتی ئەوەیە دەستبەرداری ئەو ئینكارییەی بێت كە هەر دەبێ‌ پارێزگار یەكێتی بێت، لەكاتێكدا پارێزگار لەناو ئەنجوومەن دادەنرێت و ئەندامانی یەكێتی لە پارتی و لە عەرەب و توركمانیش كەمترن.

ئەگەر كوردێكی بێلایەنی وەك بەختیار ئەمین بۆ ئەم قۆناغە بكرێتە پارێزگار كە لەئاستی نێودەوڵەتی و لە عێراقیش لەلایەن پێكهاتەكانی كەركووكەوە پەسەند كراوە، بۆ پێتانوایە بەئەندازەی كادرێكی حیزبی باش نییە؟ كەركووك دەیان كادری ئیداری و خەڵكی دڵسۆزی تێدایە لە هەموو بەرپرسانی ئەو دوو حیزبە لە كەركووك دڵسۆزترە بۆ شارەكەی، بەڵام دیارە شیوەنەكە بۆ حوسێن نییە، ئەوەندەی بۆ هەریسەكەیە.


PM:01:55:08/01/2019

ئه‌م بابه‌ته 3024 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی