‌نیگه‌رانییه‌كانی پارتی ره‌وا نین
PM:06:25:25/10/2018
عارف قوربانی‌

پۆستی سه‌رۆككۆمار كه‌ له‌ سێ‌ خولی رابردوویدا به‌بێ‌ كێشه‌ بۆ یه‌كێتی یه‌كلا بووبووه‌وه‌، هۆكاره‌كه‌ی ئه‌وه‌بوو كه‌ هاوتا كرابوو به‌ پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان.
به‌پێی رێككه‌وتنی دوو قۆڵیی نێوان تاڵه‌بانی بارزانی و به‌ په‌سه‌ندكردنی له‌لایه‌ن هه‌ردوو (م. س)ه‌وه‌ ئه‌وه‌شیان یه‌كلا كردبووه‌وه‌ كه‌ به‌غدا بۆ مام جه‌لال و كوردستان بۆ بارزانی بێت.
دوای به‌سەرچوونی ئه‌و رێككه‌وتنه،‌ یا ده‌بوو ئه‌م دوو حیزبه‌ رێككه‌وتنێكی تر په‌یوه‌ست به‌و پرسه‌ ئیمزا بكه‌ن، یا ئه‌وه‌تا چاوه‌ڕوانكراوه‌ له‌سه‌ر ئه‌و پۆسته‌ نێوانیان تێكبچێت
.


ئه‌م دوو هێزه‌ سیاسییه‌ له‌ رابردوودا په‌یوه‌ندییه‌كانیان هه‌ڵبه‌زو دابه‌زی زۆری به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌، له‌ به‌شه‌یتانكردنی یه‌كترییه‌وه‌ تا رێككه‌وتنی ستراتیژی. له‌م نێوه‌نده‌دا رووداوگه‌لی خوێناویی زۆر و هه‌ماهه‌نگی زۆرتری نێوانیان ده‌بینین.

مه‌به‌ستمه‌ بڵێم چۆن په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌ قۆناغێكدا ده‌گاته‌ ئاستێكی مه‌ترسیدار، ئاواش قابیل به‌وه‌یه‌ له‌ چركه‌ساتێكی تردا ببنه‌وه‌ به‌ هاوپه‌یمان. ئه‌گه‌ر ته‌ماشا بكه‌ین ساڵی رابردوو دوای شانزه‌ی ئۆكتۆبه‌ر تا ئاستێكی زۆر متمانه‌ له‌نێوانیان نه‌ما، به‌ڵام دوای هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق جارێكی تر لێك نزیك بوونه‌وه‌ تا ئاستی ئه‌وه‌ی پرۆژه‌ی هاوبه‌شیان هه‌بوو بۆ به‌غدا.

ئێستا پارتی و یه‌كێتی نێوانیان خراپه‌، پرسیار ئه‌وه‌یه‌ ئایا ئاساییه‌ ئه‌م دوو هێزه‌ به‌ پاشخانێكی خوێناوییه‌وه‌ به‌و ناكۆكییه‌وه‌ بمێننه‌وه‌؟ تا كوێ‌ ده‌توانن به‌و شێوه‌یه‌ به‌رده‌وام بن و له‌ كوێدا مه‌ترسی و ئه‌گه‌ری به‌ریه‌ككه‌وتن زیاد ده‌كات؟ چی بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م دوو حیزبه‌ مشتوماڵی په‌یوه‌ندییه‌كانیان بكه‌نه‌وه‌؟ نیگه‌رانییه‌كانی پارتی چین؟ یه‌كێتیی چۆن ده‌توانێ‌ هاوكاری پارتی بكات له‌ ره‌واندنه‌وه‌ی نیگه‌رانییه‌كانی و دروستكردنه‌وه‌ی متمانه‌ی نێوانیان؟

له‌ رابردوودا واقیع ئه‌وه‌ی بۆ سه‌لماندووین کە ناكۆكی و ناته‌بایی نێوان ئه‌م دوو هێزه‌، هه‌ر ئه‌وه‌ نه‌بووه‌ لێكه‌وته‌ خراپه‌كانی بۆ خۆیان و لایه‌نگرانیان بێت، به‌ڵكوو هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان باجی ململانێی ئه‌وانی داوه‌‌.
بۆیه‌ ئاسایی نییه‌ و ناكرێ‌ به‌لامانه‌وه‌ ئاسایی بێت كه‌ ئه‌م دوو هێزه‌ سیاسییه‌ به‌م جۆره‌ بن، به‌تایبه‌تی كه‌ ئێستا له‌ناو پارتی ئاراسته‌یه‌ك هه‌یه‌ زۆر به‌دگومان بوونه‌ له‌ یه‌كێتی، له‌ناو یه‌كێتیش خه‌ریكه‌ ئه‌و عه‌فڵیه‌ته‌ زیاتر گه‌شه‌ ده‌كات كه‌ ده‌بێ‌ له‌ خاڵێكدا پارتی رابوه‌ستێنرێ ئه‌گه‌ر باجه‌كه‌ی چه‌ند قورسیش بێت. بوونی ئه‌م دوو ئاراسته‌یه‌ و باڵاكردنیان له‌ هه‌ردوو ناوه‌ندی بڕیاری یه‌كێتی و پارتی، ئاماژه‌ی مه‌ترسیداره‌ و ئه‌گه‌ره‌كانی به‌ریه‌ككه‌وتن زیاتر ده‌كات.
ئه‌گه‌ر له‌ خوله‌كانی پێشووتری به‌ریه‌ككه‌وتنیاندا به‌چه‌ك و فیشه‌كی قاچاخ شه‌ڕی یه‌كتریان ده‌كرد و هه‌زاران كه‌س بوونه‌ قوربانی، ئێستا هیچ كامیان وه‌ك رابردوو نه‌ماون، خاوه‌ن چه‌كی قورس و پێشكه‌وتوون، چه‌ندین به‌رانبه‌ری‌ جاران خه‌ڵك ده‌بنه‌ سووته‌مه‌نی.


نه‌ به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵكی كوردستان له‌وه‌دایه‌ و نه‌ هیچ پۆستێكی به‌غداش ئه‌وه‌ ده‌هێنێ‌ سه‌قامگیریی كوردستانی بۆ بخه‌یته‌ مه‌ترسییه‌وه‌ نه‌ پۆستی سه‌رۆك كۆمار ئه‌وه‌نده‌ گرنگه‌ پارتی و یه‌كێتی ببێته‌ كێشه‌یان له‌سه‌ری، نه‌ دكتۆر به‌رهه‌میش ئه‌و كاره‌كته‌ره‌ سیاسییه‌ ئه‌نتی پارتییه‌یه‌ كه‌ پارتی به‌و هه‌ستیارییه‌ی ئێستایه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ بكات.
هه‌روه‌ها تا رۆژانی نزیك له‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌ركۆمار كه‌س پێیوانه‌بوو كه‌ پارتی به‌ڕاستی به‌دوای پۆستی سه‌رۆك كۆماره‌وه‌یه‌. كاتێ‌ كاندیدیشی دیاری كرد، له‌ناو هێزه‌ سیاسییه‌ عیراقی و كوردستانیه‌كانیش زۆر کەس پێیانوابوو کە ئه‌وه‌ كارتێكه‌ بۆ مفاوه‌زات و به‌ده‌ستخستنی پۆستی تر.


بۆیه‌ هه‌ق نییه‌ پارتی به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ نیگه‌ران بێت، به‌تایبه‌تیش كه‌ واقیعه‌كه‌ی له‌به‌رچاوه‌ ده‌رئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن ته‌نها پێوه‌ر نه‌بوو بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت له‌ عیراق.
جگه‌ له‌ زۆر هاوكێشه‌ی تر، ته‌نها ریفراندۆم و 16ی ئۆكتۆبه‌ر به‌سه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌وه‌ تێبگه‌یت کە هاوكێشه‌كانی به‌غدا چۆن ده‌بن، به‌ڵام ده‌ركه‌وت پارتی باش هاوكێشه‌كانی له‌به‌رچاو نه‌گرتبوو. له‌به‌ر ئه‌وه‌ پێویست ناكات لۆمه‌ی كه‌س بكات و نیگه‌رانییه‌كانی له‌سه‌ر پۆستی سه‌رۆك كۆمار بگه‌یه‌نێته‌ ئه‌و ئاسته‌ی لێكه‌وته‌ی خراپ بۆ داهاتووی مامه‌ڵه‌ی به‌غدا له‌گه‌ڵ هه‌ولێر دروست بكات.


ئه‌وه‌ی زیاتر جێگه‌ی سه‌رسوڕمانه،‌ پارتی به ‌پله‌ی یه‌كه‌م نیگه‌رانن له‌ كۆسره‌ت ره‌سوڵ و پێیانوایه‌ له‌ دوا ساته‌كاندا ئه‌گه‌ر ئه‌و نه‌بووایە، سیناریۆی كشانه‌وه‌ی به‌رهه‌م ساڵح بۆ كاندیدی پارتی سه‌ركه‌وتوو ده‌بوو. له‌ڕاستیدا ئه‌گه‌ر كه‌سێك مافی ئه‌وه‌ی هه‌بێت نیگه‌ران بێت، ده‌بێت كۆسره‌ت ره‌سوڵ نیگه‌ران بێت له‌ پارتی نه‌ك به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌مه‌ دووه‌م جاره‌ پارتی ده‌یویست كاك كۆسره‌ت بكه‌نه‌ قوربانیی سه‌فقه‌ی ژێربه‌ژێری رێككه‌وتنی هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌. له‌ كاتێكدا كۆسره‌ت ره‌سوڵ دۆستی ستراتیژیی پارتی بوو.
ساڵی پار له‌ پرسی ریفراندۆمدا و له‌ كاتێكدا زۆرترین گوشاری له‌سه‌ر بوو، نه‌ك هه‌ر چاره‌نووسی سیاسی خۆی به‌ بارزانیدا هه‌ڵواسی، له‌ كه‌ركووك ژیانیشی له‌و پێناوه‌دا خسته‌ مه‌ترسییه‌وه‌.


پارتی نه‌ده‌بوو سیناریۆی چوار ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌گه‌ڵ كۆسره‌ت ره‌سوڵ دووباره‌ بكاته‌وه‌، كاتێك پشتیوانی زۆرینه‌ی یه‌كێتی له‌گه‌ڵ بوو بۆ ئه‌وه‌ی به‌رهه‌م ساڵح بكرێته‌ سه‌رۆك كۆمار، پارتی له‌ چركه‌ساتی كۆتاییدا له‌گه‌ڵ ماڵباتی برایم ئه‌حمه‌د رێككه‌وت بۆ لێدان له‌ كاندیدی كۆسره‌ت ره‌سوڵ.
چی ده‌بوو ئه‌مجاره‌ پارتی حورمه‌تی كاك كۆسره‌تیان بگرتایە و ئه‌وان (به‌رهه‌میان) بۆ بكردایه‌ته‌ سه‌رۆك كۆمار. به‌ تایبه‌تیش كه‌ پێشتر دكتۆر به‌رهه‌م له‌ عیراق و كوردستان لۆمه‌ی ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر بووە گوایە‌ گوێڕایەڵی بارزانییە.


زیاتر لە چەند رێگایەك هەبوو بۆ ئەوەی پارتی و یەكێتی بە سازانی نێوان خۆیان و تەنانەت بە كۆدەنگیی هەموو لایەنە كوردستانییەكان سەرۆككۆمار دیاری بكەن. بەتایبەت بۆ بارزانی دەرفەتێكی گرنگ بوو دوای 16ی ئۆكتۆیەر ئەم پرسە بكاتەوە بە هەلی تێپەڕاندنی بێمتمانەیی و لە كاتێكدا کە سەرۆكی هەرێم نەماوە، بەم هۆیەوە ببێتە مەرجەعی سیاسی قۆناغەكانی داهاتوو، بەڵام ئەوەی نەكرد و پارتی رێگە هەڵەكەی هەڵبژارد.
تازە زەمەن ناگەڕێتەوە تا بگوترێت كام رێگا باشترین بژارە بوو، بەڵام بە سیاسەتی دروست دەتوانرێت رێگە لەوە بگیرێت کە لێكەوتە خراپەكانی گرتنەبەری رێگەی خراپ، بەخراپ بكەوێتەوە.


بارزانی ئێستاش دەتوانێ‌ بە مامەڵەكردنی واقیعیانە، وەك چۆن لە رابردوودا شانبەشانی مام جەلال بەسەر زۆر گرفتدا زاڵ بوون و مەترسییان دەگۆڕی بۆ دەرفەت، ئێستاش هەلی ئەوە لەبەردەستە، ئەم دۆخە ناتەندروستە بگۆڕێت بۆ قۆناغێك كە لە بەرژەوەندی بەهێزیی پێگەی كورد بكەوێتەوە. یەكێتیش دەتوانێ‌ لەمەدا یارمەتیدەری رەواندنەوەی نیگەرانییەكانی پارتی بێت.

بەتایبەتی كە بڕیار وایە پارێزگاری كەركووك دابنرێت، نەهێڵدرێت ئەمەشیان ئاو بكاتە ئاشی لێكدووركەوتنەوە و ناكۆكیی زیاتر، بەڵكوو بەدوای دەروازەیەكدا بگەڕێن بۆ خولێكی تری پێكەوەیی بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە.
دەكرێت لە بەغدا یەكێتی یارمەتیدەر بێت لەوەی پۆستەكانی تر بۆ پارتی بن و لە گفتوگۆی دانانی پارێزگاری كەركووكدا مەسەلەی سەرۆكایەتی هەرێم بێننەوە ئارا، با لەم خولەدا دەستوور تێپەڕێندرێ‌ و ئەو هەڵپەساردنەی سەرۆكایەتی هەرێم هەڵوەشێندرێتەوە . پارتی سەرۆكایەتی هەرێم وەرگرنەوە بۆ هاوتاكردنەوەی سەرۆككۆمار و دەكرێت ئەمە بكرێتە بنەمای رێككەوتنێك بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە و بۆ ساڵانی دواتریش.


ئه‌م بابه‌ته 954 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.