‌هەموار کردنەوەی دەستور لە بەژەوەندی کوردە
AM:10:30:29/10/2019
شاخەوان عبداللە

 .....
نەمویست قسە لەسەر بڕیارەکانی دوێنێ ی پەرلەمانی عێراق بکەم چونکە لە راستیدا ئەو بڕیارانەی دوێنێ لە پەرلەمانی عێراق دران تەنها بۆ دامرکاندنەوەی خۆپیشاندانەکانەو هیچی تر ، وەئەگەر ئەوانەی زەرەرمەندن لەو بڕیارانە بەتەنها چونیان بۆ دادگای ئیتحادی بڕیارەکان هەڵدەوەشێننەوە ، چونکە رێکارە یاساییەکانی پێش ئەو بڕیارانە ناتەواون و پێچەوانەی دەستورن.

بالێرە باسێکی بڕیاری هەموارکردنەوەی دەستور بکەین بەداخەوە لەدوێنێوە سەدان خەڵکی نەزان بونەتە یاسادانەرو شیکەرەوەی یاسا و قسەلەسەر ئەو بابەتە دەکەن بێ ئەوەی یاسایی بن یان شارەزاییان هەبێت لەو بوارە ، یەکێک دەڵێت بۆ نەمانی قەوارەی هەرێمە ئەوی تر دەڵێت بۆ لابردنی مادەی ١٤٠ هەروەک چۆن لە روداوە ئەمنی یەکان کۆمەڵێک خەڵک دەبنە شارەزای سەربازی و ئەمنی و قسەی گەورە لەسەر روداوەکان دەکەن کەدیاردەیەکی زۆر ناشرینە ، لەسەر بابەتی هەموارکردنەوەی دەستور من سەرەتا دەست خۆشی لەسەرکردایەتی سیاسی کوردستان و تەواوی ئەو بەرێزانە دەکەم کە بەشداربونە لەنوسینەوەی دەستووری عێراق وەئەوکاتیش حسابی ئەوەیان کردوە رەنگە رۆژێک بێت باس لەهەمواری دەستور بکرێتەوە بۆیە بەشێوەیەک مادەی ١٤٢ ی دەستور دارێژراور کە ئەگەر کورد رازی نەبێت بەهیچ شێوەیەک دەستوری عێراق هەموارناکرێتەوە بەتایبەتی ئەوەی لەبڕگەی ٤ی مادە ١٤٢ هاتوە ، بۆیە من دەڵێم ئێمە دەبێت ئەمە بقۆزینەوە بۆ جێکردنەوەی ئەو شایستانەی حکومەتی هەرێم کە لەدەستوردا یان لەبیر کراوە یان مەجالی جێبەجێ نەکردنیان هەیە راستی بکەینەوە ، بەتایبەتی مادەی ١٤٠ دەبێت هەندێ بڕگەی بۆ زیاد بکرێت یان شایستە داراییەکانی هەرێم یان موچەو بودجەی پێشمەرگە کە بەهیچ شێوەیەک لەدەستور باس نەکراوە ئێمە جێیان بکەینەوە ، یاخود مجلس الاتحاد کە تائێستا دانەمزراوەو زۆر شتی تر ، ماوەتەوە بڵێم داواکاری خۆپیشاندەران زیاتر بۆ هەموار کردنی بڕگەی دووەم لە مادەی یەکەمە ئەویش سیستەمی حکم لە عێراق بکەنە سیستەمی اتحادی رئاسی لە جیاتی سیستەمی اتحادی پەرلەمانی هەروەها کەمکردنەوەی رێژەی ئەندامانی پەرلەمانی عێراق ، ئامانجیشیان لەمەدا کەمکردنەوەی دۆشینی سەروەتی عێراقە لە لایەن ئەو سەدان کەسەی ئێستا هەیە بۆ چەند کەسێک ، بۆیە هیوادارم ئەوەندە ئەزمونی خۆمان بەسوکی تەماشا نەکەین هەروا بەئاسانی هەرکەسێک بێت و بلێت هەرێم نامێنێت ، نەمانی هەرێم نەمانی عێراقە .

شاخەوان عبداللە


هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.