هەندێك گومان لەبەرامبەر بەڵگەکانی پۆلیسی سلێمانیدا

‌د.كاظم فاروق


پێش ئەوەی پەرلەمانتار بم، پزیشکم و باکگراوندی (طب العدلي)م هەیە. بۆیە هەندێك گومان لەسەر ئەم کەیسە بەشێوەی پرسیار دەخەینە ڕوو

١) هێشتا خوێن لە جەستەیان دەتکا، بەچی لەماوەی کاتژمێرێکدا زانیتان و ئیعلانتان کرد کە رووداوەکە خۆکوژیە؟ چۆن فریاکەوتن کە لەماوەی یەك سەعاتدا هەموو شوێنێکی سلێمانی بپشکنن بۆ دۆزینەوەی بەڵگەی تر؟

٢) خۆم دوێنێ شەو چوومە طب العدلي و سێ جار هەویەکەمم پیشانی پۆلیسەکاندا و داوام لێکردن رێگەم بدەن وەکو پەرلەمانتارێك کە نوێنەری خەڵکم و وەکو پزیشکێك کە شارەزای بەڵگەکانم بچمە ژوورەوە و بەچاوی خۆم جەستەکان ببینم، بەڵام بەهیچ شێوەیەػ رێگەیان نەدا (لەکاتێدا چەندین بەرپرسی حیزبی و ئەمنی رێگەدران بچنە ژوورەوە)

٣) لەبەر ئەوەی دەمانچەکە هەرزانە و وەکو خۆیان ئەڵێن بە ١٢٠ دۆلارە، ئەوە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە خۆی کڕیوێتی؟ یەعنی ئەگەر دەمانچەکە گرانبەها بێت پێی ناکردرێت؟

٤) لەبەر ئەوەی دەمانچەیەك لەناو سەیارەکەدا دۆزراوەتەوە ئیتر مانای ئەوەیە کە خۆکوژیە؟

٥) لەبەرئەوەی وەك دەڵێن دەمانچەکە لەبەردەم ئامانج بابانی دا بووە، ئیتر بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە خۆی ئەنجامیداوە؟ ئەگەر وەکو دەڵێن سەیارەکە وەرگەڕاوە ئەم دەمانچەیە چۆن نەپەڕیوە و لەشوێنی خۆی ماوەتەوە؟

٦) لەبەرئەوەی فیشەکەکان لەنزیکەوە تەقێندراون، مانای ئەوەیە خۆکوژیە؟ بۆچی ناکرێت کەسێك لە نزیکەوە کەسێکیتر بکوژێت؟ 

٧) بە کام عەقڵ و مەنتیق، باوکیك دەتوانێت ٣ فیشەك بنێت بە جگەرگۆشە تەمەن ٣ ساڵانەکەی خۆیەوە؟

٨) خێرە کامێرای پێش رووداوەکە سەیارەکە بەروونی پیشان دەدات، بەڵام ئەو شوێنەی کە رووداوەکەی تێدا روودەدات کامێراکان باش تەسویریان نەکردووە؟

٩) بەقسەی پۆلیس خێزانەکەی سایەق بوە و لەکاتی لێخوڕیندا ٢ فیشەکی بەرکەوتووە و بەهۆیەوە سەیارەکە وەرگەڕاوە، چۆن کەسێك دەتوانێت لەناو سەیارەیەکی وەرگەڕاودا بەدەم رێگەوە تەقە لەخۆی بکات؟

١٠) باسی کێشەی خێزانی و سکاڵا دەکرێت، ئەگەر ئەوە راستیش بێت ئایا تەنها ئەم خێزانە گرفتیان هەبووە؟ رۆژانە دەیان ژن و مێرد لە دادگاکان جیادەبنەوە و بەهاوبەشی منداڵەکەیان بەخێودەکەن.

١١) ئامانج بابانی پێش ٦ ساڵ بەدەستی خۆی نوسیوێتی ''(رۆژنامەنووسی = مەرگ)، وابڕوات مەرگ لەناوەختا لەدەرگای هەموومان ئەدات.. منەتباری نین بابێت'' ئەم پەیامەی کاکە ئامانج روون و ئاشکرایە. 

هەردوو زۆن پڕبووە لە ڕۆژنامەنووسی تیرۆرکراو و تا ئێستا بکوژی هیچ کامیان نەدۆزراوەتەوە. کەمێك شەرم لەخوا و لە خەڵک بکەن.


PM:02:00:17/10/2019

ئه‌م بابه‌ته 3720 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی