لەژوورە تاریكەكان

‌زاناعبدالرحمان



نرخی نەوت تەواو دابەزیوە،نەوتی هەرێمیش كە چەند وەختە بە نرخی كەمتر لە بازاری نەوت فرۆشراوە
تەواو بێ نرخ بووە.

بەغداد چەند جار هەرێمی ئاگاداركردوە ئەگەر موچە بنێرێت و هەرێم دابەشی نەكات و بیشارێتەوە ئیتر مووچە نانێرێت.

سەرۆكی حكومەت كە پێش وەرگرتنی حكومەت راوێژی كردبوو، لەگەڵ كۆمەڵێك خەڵك لە دەرەوەی پارتی، لەوانە پەرلەمانتارێكی ئۆپۆزسیۆن كە لە ژێرەوە راوێژكاری سەرۆكی حكومەتە..
پێیوتوە ئەگەر بەغدادیش پارە نەنێرێت، داهاتی ناوخۆ بەشی مووچە ئەکات بەمەرجێك یاسای چاكسازی تێپەرێت، بەڵام ئێستا سەرۆكی حكومەت بۆی دەركەوتووە كە ئەو زانیارییە راست نیەو بەش ناكات، تووشی شۆك بووە.

زەمینە خۆش ئەكرێت بۆ دەستكاریكردنی مووچە. پارتی بە ئاشكرا بە تیمی یەكێتی و گۆرانی وتوەو هەردوولاش رازی بوون
داواشكراوە پێشنیارەكە، وەزیرێك بیكات و پارتی نەبێت. هەموو بەیەك دەنگ بەرگری بكەن لەو هەنگاوە بە بیانووی دۆخی ئێستا و رووبەرووبونەوەی كۆرۆنا.

داواكراوە پەرلەمان هاوكاربێت كێشە دروست نەكات، بۆیە پێ ئەچێت جگە لە هەندێك موزایەدەی بچووك هیچ هەڵوستێك نەبێت، رێگە خۆش بكەن حكومەت بەدڵی خۆی هەنگاو بنێت.

گۆڕان بە هەردوو قاچ چۆتە حكومەتەكە، ئەگەر موچەش نەدرێت ناكشێنەوە.
یەكێتیش جارێكی تر كەوتەوە دووڕییان، هەندێك هەمان رای گۆرانیان هەیە تاكۆتایی دەستییان بەحكومەتەوە بێت و گوێ نەدەن بەوەی دۆخی خەڵك چۆن ئەگوزەرێت.
هەندێكیش داوائەكەن بكشێنەوە، ئەگەر حكومەت دەستكاری موچەی كرد، بەڵام باوەرم وایە تا كۆتایی یەكێتی بە قەلەقی ئەمێنتەوەو هیچ بریارێكی پێنادرێت.

پارتیش تووشی ئیحراجی بووە، نایانەوێت لە یەكەم تاقیكردنەوە ، سەرۆكی حكومەت شكست بهێنت.
هەموو هەوڵێك ئەدەن تەنها نەبن و بەرپرسیارێتی دۆخەكە دابەش بكەن كە مووچە كەم كرایەوە زیاتر وەزیرەكانی یەكێتی و گۆڕان بەرپرسیاری بخەنە ئەستۆیان، پەرلەمانتارانیش بیانوو بهێنەوە بۆ دۆخەكە بۆ ئەوەی زۆر لەسەر پارتی نەكەوێت، پێدەچێت رۆڵی زیاتر بدرێت بە جێگری سەرۆكی حكومەت وەكو جاری پێشوو ئەو بكەنە ئەندازیاری كەمكردنەوەی مووچە.

ئەم چەند رۆژە هەندێك پەرلەمانتاری ئۆپۆزسیونی پێشوو و پارتی پرسی چاكسازی ئەجوڵێنن، بەتایبەت مەرزەكان و سەرنجەكەش لەسەر ئەو مەرزانە ئەبێت كە لە سنوری یەكێتی وەك فشارێك لەسەر یەكێتی و چەواشەكردنی خەڵك.
بەڵام یاسای چاكسازی بڕە پارەیەكی زۆركەمی گەراندۆتەوەو هیچ كەلێنێكی پێناگیرێت، تەنها بەردێكی زل بوو حكومەت هاویشتی، بەڵام هیچی نەپێكا.

پێشنیارێكی تر هەیە، كە دەستكاری مووچە نەكرێت و ئەو باسە دابخرێت، حكومەت دوو مانگ جارێك مووچە بدات.
ئەم پیلانە لایەنگری زۆر ترە، چونكە هەم بەخەڵك ئەڵێن مووچە كەم نەكراوەتەوە، هەم لەسەدا پەنجای مووچەش ئەبڕن

بەكورتی موچە ئەبێتە نیوە. دانیشن بەخێر.


PM:05:59:01/04/2020

ئه‌م بابه‌ته 2352 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی