فریای پەرلەمان بكەون

‌مەریوان عەبدوڵا

لە بنەڕەتدا كۆی پڕۆسەی كاری پەرلەمانی و ئەو سیستم و ھێزەی لە پشت ئاراستەكردنی كاری پەرلەمانییەوەیە پڕیەتی لە كەلێن و كەموكورتی و سەرتاپای پڕۆسەكە ھەر لە سەرەتاوە گرێدراوە بە  ئامانجێكی دیاریكراوی سیاسی، نەك پڕۆسەیەكی دیموكراسی و مەدەنی وەك ئەوەی لە پەرلەمانی وڵاتانی دونیا دەبینرێت.

لە یەكەم خولەوە تا ئێستا كە پێنج خول تێپەڕیوە ھیچ كاتێك ھەڵوێست و كاری گەورە لە پەرلەمانی كوردستان چاوەڕێ نەكراوەو تازە بەم زوانەش چاوەڕێ ناكرێت، ئەم پەرلەمانەی خۆمان لەسەر نەریتێكی نەگۆڕی چەسپاو كاردەكات كە ئەوەی بەلای حزبەكانەوە گرنگە نەك خەڵك و پڕۆسەی سیاسی و دیموكراسی و ناوبانگی نێودەوڵەتی، ئەمە بووەتە نەریتێكی باو چاوەڕێ مەبن بە چەندین خولی داھاتووش ئەمە كاڵ ببێتەوەو كاری پەرلەمانتاری ئەوەی لە دونیادا باوە لە كوردستان بێتە دی.

بە درێژایی مێژووی پەرلەمانی كوردستان جگە لە چەند ھەڵوێستێكی كاتی و سنوردار ھەموو كات بە ئێستاشەوە ئەوەی حزبەكان بیانەوێت ئەوە روودەدات و پەرلەمان وابەستەیە بە سیاسەتی ئەوانەوە، ھەركاتێك حزبەكان لە رێگەی لایەنێك یان ئەندامێكی پەرلەمانەوە رەخنەیەكیان ئاراستە بكرێ بەھەموو ھێزو توانایەكیان بەردەبنە گیانی پەرلەمان و تا پێیان بكرێت رق و دەسەڵاتی خۆیان بەسەر پەرلەماندا دەسەپێنن،  لە كاتێكدا ئەمە حاڵی پەرلەمان بێت ئیتر بەچی پێوەرێك چاوەڕێی ھەڵوێستی گەورە و نیشتیمانی لە پەرلەمانێكی لەم شێوەیە بكەین.

ئەو دۆخەی كە پەرلەمانی كوردستانی پێدا تێپەڕ دەبێت لە "رابردوو ئێستا”دا تا ئاستێك پەیوەندی بەوەوە نیە كێ رۆڵ دەبینێت لە دەستەی سەرۆكایەتیەكەی بەڵكو پەیوەندارە بەو سیاسەتەی كە لە كوردستان لە رێگەی لایەنەكانەوە پەیڕەو دەكرێت ، حزبەكان تەنیا پەرلەمانیان بۆ ئەوە دەوێت لە پێكھێنانی كابینەكاندا  و بەبێ ھیچ بۆڵە بۆڵ و دەنگ بەرزكردنەوەیەك دەست ھەڵبڕن و شەرعیەت بدەن بە چەند كەسێك  تاكو لە سەر كورسی دەسەڵات دابنیشن، لە ھەر وێستگەیەكی تریشدا ئەگەر پێویستیان بە پەرلەمان بوو دووبارە بەبێ دەنگی دەستیان بۆ بەرز بكەنەوە پەرلەمانیان رێك بۆ ئەمە ئەوێت.

ئەوەی لە كوردستان روودەدات تەواو پێچەوانەی شێواز و كارە سەرەكییەكەی پەرلەمانی دەوڵەتانی دونیایەو لە بنەڕەتدا سادەترین كاری پەرلەمان متمانە بەخشینە بە كابینەكانی حكومەت، كاری سەرەكی ئەم دامەزراوەیە یاسادانان و چاودێری كردن و بەدواداچونە بۆ كارەكانی حكومەت و لێپێچینەوەو متمانە سەندنەوەیە لەو  بەرپرسانەی كە بە ئەركی خۆیان ھەڵناسن و راستگۆ و ئەمین نین لەگەڵ خەڵك و كارەكانیان، بەڵام ئەگەر سەیری وێنە گشتیەكە بكەیت لە كوردستان جگە لە چەند ھەڵوێستێكی بچوك نەبێت بەدرێژایی خولەكان، كاری پەرلەمانی رێك پێچەوانەی ھەموو پرەنسیپە دیموكراسی و نێودەوڵەتیەكانەو لێرە ئیشی پەرلەمان داپۆشین و پەردەپۆشكردنی كەموكورتییەكانی حكومەت و شەرعیەت دانە بە كارەكانی دامەزراوەكان ، كەواتە تا ئەو كاتەی دەستی حزبەكان بەم رەھاییە لە ھەناوی پەرلەماندا بێت و پەرلەمانتاران خاوەن دید و سەربەستی خۆیان نەبن و بە دەھۆڵی حزبەكان ھەڵپەڕن دۆخی پەرلەمانی كوردستان لەم حاڵەی ئێستای باشتر نابێت و ھیچ كاتێك كاری مەزن و ھەڵوێستی گەورەی نیشتیمانی لێ چاوەڕێ ناكرێت.

ھەرچەندە لە رابردوودا ھەندێك ھەوڵ ھەبوون بۆ كەمكردنەوەی سێبەری حزبەكان بەسەر كایەی پەرلەمان و گەڕانەوەی جۆرێك لە سەربەخۆی بۆ كارو بڕیارەكانی پەرلەمانی كوردستان، بەڵام ھەموو ئەم ھەوڵانە شكستیان ھێناو نەیانتوانی پەرلەمان لە بازنەی حزبایەتی و بڕیاری سەپێنراوی لایەنەكان دەرباز بكەن.    

لە خولی پێشوودا و تەنیا بەھۆی رق و خواستی ھێزێكی سیاسی بۆ ماوەی دوو ساڵ قفڵ لە دەرگای پەرلەمان  دراو پەرلەمانتاران نێردرانەوە ماڵەوە و  تەنانەت سنوری دێگەڵەش رەنگ رێژ كرایەوە ، جگەلەوە دەیان جار پەرلەمان كراوەتە ئامانجی حەز و پڕۆژەی سیاسی و وەك ئامرازێك بەكارھێنراوە لە بەرامبەر جێبەجێ كردنی سیاسەت و پڕۆژەی حزبەكان، ئیتر كامە ئیرادە و پێگەی پەرلەمان و كاری پەرلەمانتاری لە كورستان ، بەر لەوەی قسە لەسەر لێسەندنەوەی پارێزبەندی و  متمانە لە پەرلەمانتاران بكرێت، بڕۆن فریای خولەكانی داھاتوو بكەون و پەرلەمان لە چنگ و بڕیاری سەپێنراوی سیاسی دەرباز بكەن و شكۆیەك بۆ پەرلەمان و كاری پەرلەمانتاری بگەڕێننەوە ئەوكات دەبێت لە ھەنگاوی یەكەمەوە دەست پێ بكەین، سەرلەنوێ بنیاتی  سیستم و شێوازی كاری پەرلەمانی بنێین و خۆشمان رابھێنین لەسەر ئەو ئامانجەی كە لە دونیادا پەرلەمانی لە پێناودا دامەزراوە.


PM:05:28:06/05/2020

ئه‌م بابه‌ته 3476 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی