یەکیتی پێویستی بە سکرتێرێکی بەهێزە

‌توانا ئەحمەد خەیات

یەکیتی نیشتیمانی کوردستان  کە لە دوای هەرەسهێنانی شۆرشی کورستان،   لە سەرەتای ساڵی 1976 دا وەک حیزبێکی سیاسی  لەلایەن چەند کەسایاتییەکی سیاسی ئەو سەردەمە دروستکرا ، لەدوای دامەزراندنیەوە ئەو حزبە بە شێوەیەکی خێرا  پیگەی جەماوەرییەکەی فراوان و فراوانتر بوو ،  ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی کوردستان لە ئاست وچینی جیاوازدا( هەر لە جوتیاری دێهاتەکانی کوردستانەوە تاکو چینە ڕۆشنبیرو خوێنەوارەکان )  پەیوەندیان بەو حزبەوە کردوو ، بووە حزبێکی کاریگەر و گەورەی کوردستان .

گەر بە شێوەیەکی خێرا چاو بە مێژووی ئەم حزبە دا بگێڕین  هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە تاکوو ڕۆژگاری ئەمڕۆ  دەکرێت  دابەشی چەند قۆناغێکی بکەین بۆ ئەوەی کاریگەری بونی سکرتێرێکی بەهێزی وەک خوالێخۆش بوو هەڤاڵ مام جەلال بزانین لەسەر سەنگ و قورسایی و ئاستی جەماوەری ئەو حزبە :

1. هەر لە سەرتای دامەزراندنییەوە ڕۆڵ و کاریگەری خولێخۆش بوو مام جەلال ناکریت نادیدە بگیرێت چونکە کەسایەتی و کاریزمای مام جەلال ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە لە  کۆکردنەوە و قەناعەت پیکردنی  ژمارەیەکی زۆر لە هاوڕێکانی بۆ دامەزراندنی ئەو حزبە لەو ڕۆژگارە سەختەدا کە خەڵکی دوای هەرسهێنانی شۆڕش باوەڕیان بە هەڵگیرساندنەوەی دوبارەی  شۆرش  نەمابوو.

2. دوای قۆناغی دامەزراندن  سەررەرای بونی ژمارەیەکی زۆر لە  کەسانی چالاک و تێکۆشەر لەو حزبەدا ، کاریگەری  کەسایەتی مام جەلال وەک سکرتێری گشتی ئەو حزبە  بەردەوام بوو ، بە حوکمی بونی پەیوەندی بەرفراوانی مام جەلال لەگەل کەسایەتی ناوخۆیی و  نێودەوڵتی دا ، تاکو گەیشتن بە قۆناغی ڕاپەرینی ساڵی 1991 و ڕاماڵینی حزبی بەعس لە کوردساتندا .
 
3. ئیدارەدانی یەکیتی نیشتیمانی کوردستان  لەلایەن مام جەلالەوە تاکو دروستکردنی  حکومەتی هەرێمی کوردستان و دواتر تێکچونی پەیوەندی یەکێتی  لەگەڵ پارتیدا و هەڵگیرساندنی شەڕی نێو خۆیی کە زەرو زیانێکی زۆری بە کوردستان گەیاند ناکرێت لەبەرچاو نەگیرێت ،چونکە  لەم قۆناغەشدا  مام جەلال توانی  کوردستان بەگشتی و یەکێتی نیشتیمانی  لە قۆناغی شەڕو ململانێوە لەگەڵ پارتیدا بگوێزێتەوە بۆ قۆناغی ئاشتی و ڕێککەوتن .


4. لەدوای جەنگی هاوپەیمان و ئەمریکا  بۆ ڕزگارکردنی ووڵاتی کوێت و دەرپەڕاندنی سوپاکەی سەددام لەو ووڵاتەدا  ، مام جەلال دەورێکی کاریگەری هەبوو لە پەیوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ ووڵاتە زلهێزەکان  بەتایبەتی ئەمریکا و ڕۆڵ و کاریگەری ئەو بووە هۆی بەشدار بونی یەکێتی نیشتیمانی و حزبەکانی تری کوردستان لە دروستکردنی بەرەی ئۆپۆسزیۆینی عێڕاق و ئامادەکاری  ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی  بۆ ڕوخاندنی ڕژێمی سەددام و دروست کردنی حکومەتێکی فیدڕاڵی لە بەغدا بە بەشداری هەموو پێکهاتەکانی عێڕاق  بەتایبەتی کورد.

لە هەموو ئەم قۆناغانەدا ڕۆڵی مام وەک سکرتێری گشتی یەکێتی  کاریگەری گەورەی هەبوو لە بەرفراوانبونی پێگەی ئەو حزبە هەم لە ناو خەڵک و هەم لە ناو ناوەندە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەکاندا ، بەڵام بە داخەوە لە داوی نەخۆشکەوتنی مام جەلال و دواتر کۆچکردنی ، کاریگەری نەبونی سکرتێرێکی جێگرەوە  لە جێی مامجەلال بۆ ئیدارەدان و بەڕێوەبردنی یەکێتی  وای لەو حزبە کرد کە بەشێوەیەکی خێرا کێرڤی جەماوەری و سەنگ و قورسایی ئەو حزبە هەم لە حکومەتی هەرێم هەم لە ئاستی پەیوەندیە هەرێمی و نێودەوڵەتیەکاندا بەرەو خوار بچێت و هەست بە لاواز بونی بکرێت.

دوای ئەم ڕاگوزەرە خێرایە بە مێژوی بونی سکرتێرێکی بەهیزی وەک مام جەلال لە یەکێتیدا دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە بونی سکرتێرێکی بەهێز بۆ جێگرەوەی مام جەلال  بۆ ئەم قۆناغەی یەکیتی  زەرورەتێکە، "باشترین  بژاردەش بۆ سەرکردایەتی کردنی یەکێتی لەم قۆناغەدا  هەڵبژاردنی  بەرهەم ساڵحە وەک سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان".

 بۆیە پیویستە یەکێتی لەم کۆنگرەیەدا  بە بڕیاری  ڕاست و دروست  دەربچێت و دکتۆر بەرهەم وەک سکرتێری گشتی یەکێتی هەڵبژێرێت ، چونکە ئەزمونی دکتۆر بەرهەم هەم لە ناو یەکێتی و هەم لەناو حوکـرانی هەرێم و  هەم لە ناو حوکمڕانی  عێراق و لە ئاستی پەیوەندی دیبلۆماسی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیشدا  ئەوەندە دەوڵەمەندە کە بتوانێت باری لاسەنگی یەکێتی ڕاست بکاتەوەو ببێتە چەتری کۆکەرەوەی سەرجەم هەڤاڵانی یەکیتی .

هەڵبژاردنی دکتۆر بەرهەم بەسکرتێری یەکێتی  پێگەی یەکێتی بەهێز تر دەکات هاوشێوەی ساڵانی سەردەمی هەڤاڵ مام جەلال،
بەمەش  یەکێتی دەبێتە خاوەن سکرتێرێکی بەهێز و خاوەن بڕیار لە ئاستی ناوخۆو نێودەوڵەتیدا.







PM:03:57:12/09/2019

ئه‌م بابه‌ته 4504 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی