لە پەراوێزی کوشتنی ژنەکەی بەردەم دادگای هەولێر!!!

‌محسن کەریم


كاتژمێر ١١ی رۆژی ١/٩/.٢٠١٩ ژنێك لەبەردەم دادگای هەولێر بە ناوی (شادیە جاسم حمد علی) بە دەستی (ئاكۆ قاسم حمدعلی) كوژرا كە هاوسەریەتی و ئامۆزاشیەتی و خەڵكی شارۆچكەی خەباتن!

بەبڕوای من حکومەتی هەرێم و دەزگای دادوەری هەرێم و پارتی بە پلەی سەرەکی کە دەسەڵاتی هەولێری بەدەستەوەیە بەرپرسی ڕاستەوخۆی ئەو تاوانەن.. مێردەکەی بکوژە!! بەڵام ئەو سیستەم و دەسەڵات و یاسایە رێگایان بۆ کردۆتەوە بۆئەوەی تاوانەکە بکات.... هەرچی بکەن بەرامبەر بە تاوانبار تەنها بۆ خۆ پاکردنەوەیە!!! ئەگەر ئەوان پێانوابێت پەیوەندی لەدەرەوەی ژن و مێردایەتی تاوانەو لەسەر ئەوە ژنەکە زیندان بکەن... ئەی بۆ مێردەکەی پێی وانەبێ کە خیانەتی لێلکردوە و ناموی لەکەدار کردوە!!!!؟؟؟ پاشان بۆچی دواتر لە خانەی پاریزگاری نەیان پاراست و کێشەی جیابوونەوەکەی چارەسەر نەکراو خستیانەوە ناو گێژاوی توێژەری کۆمەڵایەتیەوە.. بۆچی!!!!؟؟؟ توێژەری کۆمەڵایەتی چی دەکات!!؟؟ ئاشتیان دەکاتەوە!!؟؟؟ ئایا دەکرێ مێردێك هەڕەشەی کوشتنی لە ژنەکەی کردبێت و ئەوە لە دادگا سەلمابێت، بەڵام دواتر دادگا بیداتەوە دەست مێردەکەی بەناوی توێژەری کۆمەڵایەتیەوە!!!؟؟؟ پاشان مەوعید بۆ هەردوکیان دابنرێ تا پێکەوە ببینرێن!!!!! ئایا ئەمە تەڵەنانەوە نەبوە بۆ ژنەکە!!؟؟ ئەمە هەر بەڕاستی سازاندنی کات و فرسەت نیە بۆ تاوانبار تا تاوانەکە بکات!!!؟؟؟؟ بەرپرسی سەرەکی ژنکوشتن دەسەڵاتی کوردایەتیە بە پلەی یەکەم... پاشان کەلتوری و فەرهەنگ و ئەخلاقیاتی کوردایەتی و ئیسلام!!!! دەبێ نوکی ڕمی رەخنەو توڕەیی ئازادیخوازان لەو ئامانجانە بێت!!!!! تاکی ژنکوژ بەرهەمی کۆمەڵگا و یاسای ژنکوژە!!!

وردەكاری ڕوداوەکە لە ئەکاونتی کاك ئارام حەمە سەعیدەوە وەرم گرتوە

كوشتنی ژنێك لەبەردەم دادگای هەولێر
كاتژمێر 11 ئەمڕۆ 1/9/2019 ئافرەتێك لەبەر دەم دادگا بە ناوی (شادیە جاسم حمد علی) بە دەستی (ئاكۆ قاسم حمدعلی) كوژرا كە هاوسەریەتی و ئامۆزاشیەتی خەڵكی شارۆچكەی خەباتن.

وردەكاری و هۆكاری رووداوەكە بەم شێوەیە بووە:
ئافرەتە كوژراوەكە ساڵی 2010 هاوسەرگیری لەگەڵ مێردە بكوژەكەی كردووە، بەپێ گرێبەستی هاوسەرگیری ژمارە 577 كە لە بەرواری 1/12/2010 لە دادگای باری كەسی خەبات دەرچووە، بەڵام هیچ منداڵـیان نیە.

ئافرەتە كوژراوەكە لە بەرواری 17/11/2017 دەستگیركراوە لەسەر سكاڵای مێردە بكوژەكەی بە تۆمەتی خیانەتی زەوجی، لە قۆناغی لێكۆڵینەوە و دادگایی كردن دانی بە تاوانەكەی داناوە، دادگای كەتنی خەبات بە بڕیاری ژمارە 9/ك/2018 لە بەرواری 31/1/2018 بە پێی مادەی 377 سزای داوە بە 3 ساڵ زیندانی كردن.

بەهۆی سودمەندبوونی ئافرەتی كوژراو لە یاسای لێبوردنی گشتی و (ئازادكردنی بە مەرج) تەنها ساڵێك و چوار مانگ لە زیندان بوو، لە مانگی 3 ئەمساڵ ئازادكرا، دوای ئازادكردنی ناردرایە ماڵی داڵدەدانی ئافرەتانی هەڕەشەلێكراو، تاكو باوكی و مێردە بكوژەكەی بەڵێننامەیانـدا كە سەلامەتی گیانی بپارێزن، ژنەكە دەگەڕێتەوە ماڵی باوكی لە گوندی جمكە و بنبێرز لە دەوروبەری هەولێر.

ئەوكاتەی ئافرەتی كوژراو لە زیندان بوو لە دادگای باری كەسی خەبات داوای جیابوونەوەی تۆماركرد، بەڵام دادگای باری كەسی خەبات داواكەی رەتكردەوە.

ئافرەتی كوژراو دوای ئازادبوونی دووبارە لە دادگای باری كەسی هەولێر داوای جیابوونەوەی تۆماركرد بە ژمارە 2541/ش6/2019، بەهۆی ئەوەی لەلایەن مێردە بكوژەكەیەوە هەڕەشەی كوشتنی لەسەرە، دوای شەش دانیشتنی دادبینی بە بەڵگەی یاسایی بۆ دادگا سەلمێنرا كە ئەو پیاوە هەڕەشەی كوشتنی لە ژنەكە كردووە، بە بڕیاری دادوەری باری كەسی هەولێر هەردووكیان رەوانەی لای توێژەری كۆمەڵایەتی كرابوون و ئەمڕۆ 1/9/2019 هەردووكیان مەوعیدی بینینی توێژەری كۆمەڵایەتیان هەبووە و ئافرەتی كوژراو بۆ لای توێژەری كۆمەڵایەتی هاتبووە دادگا، پیاوەكەشی هاتووە و زانیویەتی ژنەكەی لەناو محكمە و یەكسەر چۆتە دەرەوە و نەچۆتە لای توێژەری كۆمەڵایەتیش، دوای ئەوەی ئافرەتی كوژراو لە دیداری توێژەری كۆمەڵایەتی تەواو دەبێت لە دادگا دەردەچێت و لەبەردەم دادگا مێردەكەی دەیكوژێت..


AM:11:24:02/09/2019

ئه‌م بابه‌ته 39656 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی