لەئێزيديەكی زوڵملێکراوە بۆ سەرۆکی حکومەت مەسرور بارزانی

‌دلزار نشوان سەلیم

لەئێزيديەكی زوڵملێکراوی پۆلەندا بۆ سەرۆكی حکومەتی هەرێم
ڕێزدار سەرۆکی حکومەت مەسرور بارزانی،
ڕێز و سڵاومان،
من ناوم دلزار نشوان سه ليم ماوەی چەندین ساڵە لە وڵاتی پۆڵەندا دەژیم. لێرە خوێندنی بەکالۆریۆس و ماستەر و دکتۆرام تەواوکردووە لە بەشی زانستە سیاسییەکان.

سەرەڕای ئەوەی خێزانەکەم لە کوردستان دووچاری کارەسات بوونەوە، لە بەحزانی کۆچیان کرد بەهۆی هێرشی تیرۆریستانی داعش، دواییش سەرگەردان و ئاوارە بوون، من بۆ ماوەی سێ ساڵ لە نوسینگەی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵەندا کارم کرد  بە نوێنەرایەتی زیاد رەئوف و لەسەر داوای ئەو. بەڵام بەداخەوە نوێنەری حکومەت مافەکانمی زەوت کردووە و بێ بەشی کردووم لەو شایستە داراییانەی کە لە لایەن فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم بۆمان دیاریکراوە. نوێنەری حکومەت گرێبەستی فەڕمی لێم شاردەوە کە ساڵانە لە لایەن فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بۆمان دەهات. نوێنەر دەیگوت من بە پارەی خۆم نوێنەرایەتی بەڕێوە دەبەم و پارەی هەموو مەسروف و موچەی کارمەندان لە گیرفانی خۆم دەدەم، بۆیە دەبێت هەمووتان ڕازی بن و ئەوە قبوڵ بکەن. بەڵام دوایی بۆمان دەرکەوت کە ئەو قسانەی نوێنەر دوور بوون لە ڕاستی.

ئێمە بەوپەڕی دڵسۆزی و کوردپەروەریەوە خزمەتی نوسینگەی نوێنەرایەتی و کارەکەمان دەکرد، کەچی ئەو بەو شێوەیە ئێمەی ئیستغلال کرد و دواییش بە خوێنی سارد دەری کردین.

ویستمان لە ڕێگەی دۆستێکی نزیکمانەوە ڕاستەوخۆ کێشەکە بە دانیشتنێك چارەسەر بکەین بەشێوەیەکی ئاشتیانە، بەڵام نوێنەری حکومەت گوێی لە داواکەمان نەگرت و ئامادەش نەبوو نوسراوێکیش بدات کە ئێمە لەو ماوەیە لەوێ کارمان کردووە. دوای ئەوە پەیوەندیمان کرد بە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم لە ڕێگەی ئیمەیڵەوە و سکاڵای خۆمان نارد. لە وەڵامدا فەرمانگەی پەیوەندییەکان گوتیان دەبێ خۆتان ئەو کەیسە لەگەڵ نوێنەری حکومەت یەکلایی بکەنەوە و فەرمانگەی پەیوەندییەکان هیچ حەقی بەسەرەوە نیە. دووبارە داوامان کردەوە گوێمان لێ بگیرێت بەڵام بێ سود بوو وەڵامی هیچ نامەیەک و تەلەفۆنێکیان نەدایەوە. دواتر پێمان گەیشتەوە کە نوێنەری حکومەت بە تەلەفۆن و لە ڕێگەی ئەو دۆستەمان تەهدیدی بۆمان ناردووە کە ئەگەر بێت و ئێمە سکاڵای لە دژی تۆمار بکەین ئەوا نیوەی سەروەتەکی دەدات تاوەکو تۆڵەمان لێ بکاتەوە.  
بەڕێز جەنابی سەرۆکی حکومەت،

بەلامانەوە سەیرە چۆن لە نوێنەرایەتی کارمەندی بە توانا بەم شێوەیە پەڕاوێز دەخرێت و مافەکانی وەلا دەنرێت و لەوەش سەیرتر نوێنەری حکومەت تەهدیدمان بۆ دەنێرێت. ئێمە کەسانی خاوەن توانا و بەهرەین، زمانزانین، وڵاتانی ئەوروپا بەشێوەیەکی شایستە و ڕێكوپێك هەڵسوکەوت لەگەڵ کارمەندانی ئەوها دەکەن، نەك دەریان بکەن و بەو بێ ڕێزیە تەهدیدیشیان بۆ بنێرن. ئەوەی زیاد رەئوف لەگەڵی کردین، دوورە لە هەموو پێودانگ و یاسایەکی کارکردن و پیشەیی.
 
بەڕێز جەنابی سەرۆکی حکومەت، زۆر لە بەرپرسانمان بۆ ڕاگەیاندنەکان قسەی بە باق و بریق دەکەن دەربارەی شەهیدان و خانەوادەی شەهیدان و قوربانیانی ئێزیدی، کەچی لە ڕاستیدا ئەوها ڕەفتاری خراپ و ستەمکارانە دەکەن لە بەرانبەریان. تکا لە جەنابتان دەکەم سنورێك بۆ ئەو جۆرە بەرپرسانە دابنێن کە سومعەی حکومەت و کوردستان ناشیرین دەکەن.

شایانی باسە من و هاوکارم ڕێباز جلال احمد نانەکەلی، پێکەوە کارمان کردووە پێکەوەش لە کارەکەمان دوور خراینەوە بە بێ ئەوەی پێشتر ئاگاداریش  بکرێینەوە، وە دوای هەموو هەوڵەکانمان بۆ گەڕانەوەمان، هیچ ئیعتیبارێکی بۆ ئێمە دانەنا. لەو دۆخە نالەبارە کە کوردستان لەناو جەنگی سەربەخۆیی و ڕیفراندۆم بوو، بەرگەی ئەو هەموو ناخۆشی و نارەحەتیەمان گرت بەو موچە کەمە، کەچی نوێنەر بێ ئەوەی باکی هەبێت، دووری خستینەوە.

ئێمە زانیاریمان هەیە کە کەسانی وەهمی لە نوێنەرایەتی بە درێژایی ئەو چەند ساڵە تۆمار کراون و بەناویانەوە پارە وەردەگیرێ کە بە هیچ شێوەیەك وجودیان لە نوێنەرایەتی نیە.
ئێمە لەبەر خاتری پاراستنی سومعەی کورد و هەرێمی کوردستان، ئەو پرسەمان نەگەیاندوەتە ڕاگەیاندن و لایەنی پۆڵەندی، چونکە خۆمان بە بەشێك لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەزانین.
 
تکا لە ئێوەی بەڕێز دەکەم مافە ماددی و مەعنەوەیەکانم بۆ بگەڕێنرێتەوە و هێشتا خۆمان بە کارمەندی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم دەزانین لە پۆڵەندا، بەڵام نەوەك لەژێر سایەی کەسێكی ئەوها کە مافەکان زەوت دەکات.
لەگەڵ ئەوپەڕی ڕێز
دلزار نشوان سەلیم


PM:03:10:19/08/2019

ئه‌م بابه‌ته 4508 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی