وێنەكە بە گەورەیی..

‌ئارام شوانی


دیسان دەپرسم: (فەرەج)و (عوزێر)و (رەمەزان)و (واحێد)و (تەیمور) بۆ لە كوردستان ناژین؟

تەیمور ماڵێكی عەرەب رزگاریان كرد و داڵدەیان داو بەخێویان كردو شاردیانەوە، تا كەس و كارەكەی دۆزیانەوە .. بیهێنە پێش چاوی خۆت، لە سەردەمی دەسەڵاتی دڕەندەیی بەعسدا، ئەو ماڵە لە بەردەم چ مەترسییەكدا بوون؟
ئەی وەفای كورد بۆ ئەو ماڵە عەرەبە چی بوو، وەچی بۆ كردن، ئەدی هیچ پاداشتی دانەوە؟

دەربازبووەكانی دیكەش هەروا بوون، خۆ كورد نەیپاراستن و دەربازی نەكردن..
دواتریش هەموو ئەو ئیشانەی لە سەر ئەنفال كرا، هەوڵی دڵسۆزانەو جوهدی شەخسی چەند نووسەرێكی كورد بوون، نەك دەسەڵاتدارانی كورد..

تۆ میلەتێكت هەیە كە پێنج دەربازبووی ناو گۆڕە بەكۆمەڵەكانی ئەنفالی هەیە، ئەو پێنج مرۆڤە ئێستا لەكوردستان ناژین، دەزانن بۆ؟
ئاخر چونكە دەسەڵاتی كوردی ئەوەندەی مستەشار و بەعسیەكیانیشیان پێڕەوانابینێت، لانی كەم ژیان و موچەیەكیان بۆ دابین بكات و بیانهێنێتەوە كوردستان..

هیچ میلەتێك هەیە ئاوا لە رەمزەكانی خۆی بكات و ئیهمالیان بكات، بەڵام مستەشار و ئەنفالچی و كوردكوژەكان بەخێو بكات، باشە ئەوە ئێمە لە كام توخمی بەشەرییەتین؟

كێشەكە بە دەنگە دەنگ و هاتووهاوار چارەسەر نابێت، ئێ بەر لە عەرەب و ئەو ئەفسەرەی سەماوە، تۆی كورد خۆت ئیهانەی رەمزەكانت دەكەیت.. بابەتی هەڵدانەوەی گۆڕێكی بە كۆمەڵ هی ئەوەیە ئاوا سەقەت مامەڵەی لە گەڵ بكرێت؟

یا دەبێ مەزڵومیەتی كورد بكرێتە بەڵگەو دۆكیۆمێنت و بە ئامارو داتای ورد، پیشانی دونیا بدرێت و بناسێنرێت؟

بۆ ئەم قۆناغەی ئەمڕۆ، لانی كەم ئێستا بانگهێشتی میدیای دەرەوەو نوێنەرانی ولاتان بكرێت و با لە نزیكەوە شایەدی هەڵدانەوەی گۆڕەكان بن، نەك ئاوا بە خەمساردی لەو بیابانەی سەماوە، تەیمور و چەند كەسوكارێكی دیكەی بەجێماوی ئەنفال، سەفاو مەروا بكەن و بە دیار روفاتی ئەزیزەكانیانەوە بە تەنیا بگرین و تۆش لێرە، خەریكی شەڕە دەنوكی فەیسبووك و كۆمێنت بیت..

ئەو هەموو میدیا جیاوازەت هەیە، تا ئێستا چەند بەرنامەی دۆكیۆمێنتاری زانستی و مەعقولت هەیە لە سەر ئەنفال و جینۆسایدی كورد؟
چەند كتێب و نووسراوت هەیە، بە وردی و بە دەقیقی بەڵگەو داتای قوربانییەكانی تێدا بێت؟
تەبعەن هیچت نییە!!

ئەنفال و جینۆساید، لە كوێی خەمی حكومەت و حزب و تاكی كورددایە؟

تا ئێستاش لە قۆناغی شیعرو پەخشاننووسین دان، خەمی ئەنفال لەوە گەورەترە كە كردوتانە بە مەهزەلەی فەیسبووك..

لە سەروی ”پەڕلەمان هەژاندن”ی دكتۆر موسەناو ئەعسابی ساردی شاندەكەی سەرۆكایەتی كۆمارو حەماسەتی مەشخەڵ كەوڵۆسیی دژی عەرەب و شەڕە جنێوی فەیسبووك، ئەنفال و هەڵدانەوەی گۆڕەكان و بە دۆكیۆمێنتكردنی كۆی پرۆسەكە، پێویسیتی بە خەمێكی جدیتر لە ئێستا هەیە، كە دڵنیام دەسەڵاتی كوردی خەمی لێناخوات..

میلەت هەیە لە دونیادا مستەشار و ئەنفالچی بەخێو بكات و قوربانییەكانی دەربەدەرو سەرگەردان؟

ئەو لێشاوە كوردەی لە بەغدا خەریكی بەرژەوەندی شەخسی و پارە خواردنن، با خەمێكی بچوك لە ئەنفال و جینۆسایدی میلەتەكەشیان بخۆن، لانی كەم با مانگی یەكی سەد سەد دۆلاری موچەكەیان بۆ بەدواداچوونی ئەو كەیسە تەرخان بكەن..

وێنەكان بەرگی كتێبەكانی كاك عارف قوربانىیە















AM:10:52:31/07/2019

ئه‌م بابه‌ته 2544 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی