​ چۆن دەنگدەر دەتوانێت شەڕی مۆنۆپۆلی کارەبا بکات؟

‌سەنگەر رسول

لێرە لەکالیفۆرنیا و نیڤادای ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، دەنگدەری ئەمریکی لەھەڵبژاردنە ناوەندییەکانی ئەمریکا ئەمساڵ ٢٠١٨ کێشەی کارەبای ھەیە؛ بەڵام کێشەی ئەوان وەک کێشەی شەرقی و خۆمان نییەو لەبارەی کوژانەوە نییە کە ھەڵامەتی بەردەوام کوژانەوەی ھەیە، بەڵکو لەبارەی نرخ و جۆری مۆنۆپۆڵکردنی بازارەکانی فرۆشتنی ووزەوە ھەیەو ئەمەش چیرۆکی خۆی ھەیە.

چیرۆکی ئەوان لەبارەی ھەڵامەتی کارەبایییەکان بەم شێوەیە دەست پێدەکات؛ لەکۆتایی نەوەدەکان و سەرەتای ساڵانی ٢٠٠٠، ٢٤ ولایەتی ئەمریکا بەیاسا سیستمی کارەبایان لەکەرتی گشتی گواستەوە بۆ کەرتی تایبەت، بەڵام دەرئەنجامی ئەو سیاسەتە نێگەتیڤ بوو کە بووە ھۆی ئەوەی ١٠ ولایەت پاشگەزببنەوەو لەنێویشیاندا ولایەتی نیڤادا کە گەڕایەوە بۆ سیستمی کۆنترۆڵکردنی بازار ووزە. لەھەمانکاتیشدا، بەردەوامبوونی ولایەتی کالیفۆرنیا لەسەر سیاسەتی کەرتی تایبەتی کارەبا، نەک بەتەنھا وایکرد نرخی کارەبا گران بێت، بووە ھۆی ئەوەی لەو ماوەیەدا زیاتر لە ٤٠ ملیار دۆلار لەسەر حسابی ھاووڵاتییان و باجدەران بکەوێت.

ھەروەھا بەپێی لێکۆڵینەوە ‌و داتاکان ھاووڵاتییانی ئەو ولایەتانەی کە سیستمی کاری کارەباکەیان بۆتە کەرتی تایبەت ٢٥ ملیار دۆلارییان زیاتر داوە لەماوەی ١٢ ساڵدا بە بەراورد بەو ویلایەتانەی جۆرێک لەکۆنترۆڵی حکومەت بەسەر بازاری کارەبادا ماوە، ھەروەھا لەولایەتی نیڤادا کرێی کارەبا لەماوەی دەیەی رابردوودا ١٥% ھەرزانتربووەو لەکاتێکیشدا لەو ماوەیە لە ھەر ١٤ ولایەتەکەی دیکەدا ٣٠%  نرخ گرانتر بووە!
نموونەی پێچەوانەش ھەن، بۆ نموونە لەولایەتی تەکساس بەڵام جۆرێک لەرێکخستنی حکومەت کەبوونی ھەیە بەسەر بازاری کارەبا و چۆنیەتی سیاسەتی مۆنۆپۆلکردن، ئەوا سیاسەتی کەرتی تایبەتی کارەبا بەقازانجی کریارەکان شکاوەتەوە. لێرەدا ئەوە روون دەبێـتەوە کە پرۆسەی گۆرینی سیستمی کارەبا لەکەرتی گشتییەوە بۆ تایبەت پرۆسەیەکی ئاڵۆزو ووردەو ھەر ھەڵە حسابکردنێک ئەوا یەکمجار بە زیانی بەکارھێنەران کە ھاووڵاتییان بەدەرەجە یەک و بازرگانان بەپلەی دووەم دەکەوێتەوە، ئەگەر سرنجیش بدەین ئەم گۆرینە تەنھا لەچوارچێوەی دەوڵەتە ھەرە پێشکەوتووەکان سەرکەوتووەو لەناوەراستی نەوەدەکانی رابردوو یەکێتی ئەوروپا ئەندامانی ھاندەدات نەک ناچاری بۆ پەیرەوکردنی ئەو سیستەمە و لەسەرەتا ساڵی ٢٠٠٠ کانیش (OECD) پشتگری کرد.

ئەمەش ئەوە دەردەخات کە گۆرینی سیاسەتی کارەبا لەکەرتی گشتییەوە بۆ کەرتی تایبەت لەووڵاتی پێشکەوتوو ھیوای سەرکەوتنی زیاتر تا لەوڵاتانی دیکە!

بەپێی ئەو روونکردنەوانەی سەرەوە و بەتایبەتیش کە لەماوەی رابردوو خودی سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان بانگەشەی ئەوەی کرد کەپێویستە کارەبای ھەرێم بدرێـتە کەرتی تایبەت، پرسیارێک کە پەیوەندی بەرێکخستنی کارەبای عیراق و ھەرێمی کوردستانەوە ھەیە دێتە پێشەوە: بۆچی گۆرینی سیاسەتی کارەبا لەکەرتی گشتییەوە بۆ کەرتی تایبەت ھەڵوەستەیەکی جددی دەوێت؟

لەبەر چەند ھۆکارێک، لەوانە: یەکەم لێرە لەئەمریکا کاتێک ھاووڵاتییان ھەست دەکەن سیاسەتێکی ھەڵە بوونی ھەیە، ئەوا سندوقەکانی دەنگدان دەتوانێت کەم وکورتییەکانی ئەو سیاسەتە ئابووری یان چاک بکاتەوەو یان بیگۆرێت، بەڵام لەعیراق و ھەرێم-دا ئەستەمە سندوقەکانی دەنگدان بتوانن ئەو جۆرە کاریگەرییە دروست بکەن. دووەم ھۆکار، بۆئەوەی دەگەرێـتەوە کە ھەر کۆمپانیایەکی قۆرغکار سوودی خراپ لەبازاری کارەبا وەربگرێت ئەوا یاسا دەتوانێت ئەو کۆمپانیا لەشوێنێک رابگرێت، بۆ کەیسی کوردستان و عیراقیش ئەوە ئەستەمە کۆمپانیایەک بەو شێوە زەخمە بتوانرێت رابگیرێت.

ھەر لەبارەی سیاسەتی بازاری کارەباوە نموونەیەکی دیکە خۆی دێنێتە پێشەوە، بۆ نموونە: لە ولایەتی کالیفۆرنیا بەھۆی مۆنۆپۆلکردنی بازاری کارەباوە لەلایەن کۆمپانیای دیاریکراوەو دەیانەوێت یاسای کێبرکێ و بازاری ئازاد پەیرەو بکرێت و کارەباکە نەدرێـتە یەک کۆمپانیاو ھەروەھا داوا دەکەن ئەو یاسا ولایەتی نیڤادا بگرێتەوەو کە جۆرێک لە مۆنۆپۆلی حکومی بەسەرەوەیە و کارەبای ھەردوو لا تێکەڵ بکرێت و تێیدا بازاری ئازاد پەیرەو بکرێت. ئەو سیاسەتە نوێیە پێشنیارکراوە کە بۆ کالیفۆرنییەکان گونجاو و دژ بە بەرژەوەندی نیڤاداییەکانەو بۆیە کەمپەینێک ھەیە بۆ رەتکردنەوەی. ئەمەش ئەوە دووپاتدەکاتەوە کە سێنترالیزم لەبازارو ووزەشدا زیانی خۆی ھەیە و لامەرکەزییەت چارەسەرە گونجاوەکەیە و دەبێت بۆ ھەر ناوچەیەک رێوشوێنی جیاواز بگیردرێـتە.

لەو ھۆکارانەی سەرەوە کە روونکرانەوە بۆچی ئاڵۆزە سیستمی فرۆشتنی کارەبا بگۆردرێت دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی کە یەکەم بۆ بارودۆخی ھەرێم کە پرۆسەی ھەڵبژاردن نەگەیشتۆتە قۆناغی کامل بوون و ھاووڵاتییانیش ناتوانن ببنە کارتی فشارو بریار دروستبکەن لەسەر پرۆژو سیاسەتە ئابوورییەکان وەک ئەوەی لەئەمریکا بوونی ھەیە، بۆیە دەبێت بەووریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ھەر بریارێک بکرێـت کە پەیوەستە بەکەرتی کارەباوە لەکاتێکدا ئێمە نەگەیشتوونەتە قۆناغی ھەبوونی کارەبای بەردەوام.

ھەروەک باسکرا، بازاری کارەباو کرێی کارەبا یەکێکە لەپرسەکانی ھەڵبژاردن بۆ ھاووڵاتییانی ئەو ولایەتانەی کە راستەوخۆ کێشەیان لەگەڵ چۆنیەتی بەرێوەبردنی ئەو پرسەوە ھەیە، ئەوەش ئەوەمان بۆ دەردەخات لێرە ھەڵبژاردنەکان پەیوەستن نییە تەنھا بەھۆکارە سیاسییەکان و سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا، بەڵکو سیاسەتی بازارو ووزە پانتاییەکی فراوان لەبیرکردنەوەکانی دەنگدەر داگیر دەکات. لەھەمووشی گرنگتر ئەوەیە ھیچ حکومرانییەک بەدەرنییە لەھەلەو کەموکورتییەو راستکردنەوەی ئەو ھەلەو کەموکورتییانەش زیاتر لەسیستمێکی دیموکراسی ھەلی دادگەرانەوەو چاککردنەوەی ھەیە تا لەدیکتاتۆرییەت و رژێمە سەرکوتکەرەکان.


AM:11:19:08/11/2018

ئه‌م بابه‌ته 1285 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی