تۆماس فریدمان مەتەڵەكانی ئەمریكای لەعێراق هەڵهێنا

‌سەنگەر رسول

لەدوایین وتاری ستوونی خۆی لە نێویۆرك تایمزدا، تۆماس فریدمان زۆر بەپوختی و كورتی باسی لەستراتیژییەتی نوێی ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كردووە لەئەفغانستان و عیراق و زۆر بەووردیش وەڵامی ئەوەی داوەتەوە كە بۆچی ئەمریكا عاشقی یەكپارچەیی عیراقە. ئەو بەناراستەوخۆیی باس لەوە دەكات كە ستراتیژییەتی نوێی ئەمریكا بەردەوامی پێبدرێت و ئەمەش راستەوخۆ دژ بەهەنگاوەكانی هەرێمە بەرەو سەربەخۆیی.

تۆماس فریدمان لەوتارەكەیدا ئەوها باسی رۆڵی ئەمریكا لەعیراق لەقۆناغی رووخاندنی سەدام و دوای درووستبوونی داعش دەكات، ئەو دەڵێت؛ كاتێك سەدام لەناوبرا، ئەمریكییەكان لەلایەن نوخبەیەكی سیاسی عیراقی هەندەرانەوە كە خاوەن شەرعییەتێكی گوماناوی بوون لەچاوی ناوخۆی وڵاتەكەوە، ئەمریكییەكان رێنوێنی دەكران و بەقەبارەیەكی زەبەلاحەوە سوپای ئەمریكی شەری ماڵ بەماڵی دەكرد، ئەمریكییەكان هەم قوربانی زۆریانداو هەمیش نەویستراو رق لێیبووەبوون. نووسەر دەشڵێت: بەڵام لەسەردەمی شەری داعشدا ستراتیژیەتێكی نوێ، ئەمریكییەكان لەرێگەی راوێژكارو هێزی تایبەتی بچووك و فرۆكەی جەنگی و درۆنەوە، ئەمجارە وەك هێزێكی داوەتكراو لەلایەن حكومەتی عیراقییەوە، هاتنەوە عیراق و بەلایەنی كەمەوە توانرا لەرووی سەربازییەوە عیراقییەكان (كوردو سوننەو شیعە ) لەیەك بەرەدا دژی دوژمنێكی هاوبەش بجەنگن، ئەمە ستراتیژیەتێكی سەركەوتووی كۆشكی سپی بوو لەچاو پێشوو، لە 2014 –شەوە تاوەكو ئێستا 17 مارێنزی ئەمریكی بوونەتە قوربانی كە ئەم ژمارەیە خۆی دەدوێنێت هەم لەسەركەوتنی ستراتیژیەتی نوێ هەمیش لەئاراستەكردنی هێزە عیراقییەكان بەپاڵپشتی فرۆكەو راوێژكاران.

لەرووی سیاسیشەوە، تۆماس فریدمان وەها وەسفی بارودۆخی عیراق وستراتیژییەتی ئەمریكی دەكات؛ عیراق بۆ ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا وەكو بچوككراوەی جیهانی عەرەبییە، كوردو شیعەو سووننە و توركمان و كریستیانەكان و گەلێك پێكهاتەی دیكەی تێدا دەژین، بۆیە هەر چارەسەرییەك بۆ عیراق دەبێتە كلیلێك بۆ كێشەكانی ناوچەكە.

هەروەها تۆماس فریدمان لەزاری فەرماندەی گشتی هێزەكانی ئەمریكا لەعیراق ستیڤن تاونسێند (Stephen Townsend ) دەڵێت؛ دوای شكاندنی داعش، یەكەم ئەرك و ئامانجی ئەمریكا دامەزراندی حكومەتی شەراكەتە لەعیراق كە تێیدا سوننەكان هەست بەترس و مافخوراوی نەكەن، ئەگەر سەركەوتوو نەبین لەو شێوە حكومەتە ئەوا دڵنیابن لەسەرهەڵدانەوەی ڤێرژنی دووەمی داعش.

لەو شیكارییەی تۆماس فریدمان كە لەگەشتێكی هەشت رۆژەی خۆی لەنێوان كابول و بەغدا ئەنجامیداوە ئەوە روونكراوەتەوە كە بۆچی ئەمریكا هێندە پێداگیری لەسەر یەكپارچەیی عیراق دەكاتەوە، ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ دوو هۆكاری سەرەكی: یەكەمییان؛ ئەمریكا دەیەوێت ستراتیژیەتی نوێی رووبەرووبوونەوە سەربازییەكان (لەجیاتی سوپای گەورە، بەكارهێنانی درۆن و فرۆكەو راوێژكاری سەربازی و هێزی تایبەتی بچووك)، ئەو مۆدێلە تا قۆناغی كۆتایی سەربخات و ئەمەش راستەوخۆ كاریگەری لەسەر ستراتیژییەتی داهاتووی پنتاگۆن و سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكی دەبێت. دووەمیشیان؛ گەراندنەوەی شكۆیە بۆ ئەمریكا لەعیراق دوای ئەوەی لەقۆناغی یەكەمی رووخاندنی سەدام و درووستكردنی عیراقی تازە شكستی هێنا، ئێستا دەیەوێت لەرێگەی ئەو ستراتیژییەتە نوێیەوە پێگەو وێنەی خۆی لەعیراق رەسم بكاتەوە.

لەدەرئەنجامی ئەو شیكارییەشدا ئەوە روون دەبێتەوە، كە ریفراندۆم و سەربەخۆیی هەرێم دەبنە لەمپەری گەورە لەبەردەم ئەو ستراتیژەتە ئاشكرایەی ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، بۆیە ئەوەی دیارە ئەمریكا تا دوا سات دژ بە ریفراندۆم دەبێت و ستراتیژییەتی پشت پەردەش كەس نازانێت چۆن دەبێت و چۆن ئەمریكا لەژێرەوە گلۆپی سەوز بۆ هەرێم هەڵدەكات!


PM:04:20:23/08/2017

ئه‌م بابه‌ته 4681 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی