نه به‌ختی كۆریا و نه حاڵی كه‌ركوك!
سەنگەر رسول
ئه‌گه‌ر مێژوو كاراكته‌رێكی سه‌ره‌كی بێت له‌حوكمرانی، ئه‌وا بۆگێرانه‌وه‌ی خاكی ناوچه كوردستانییه كێشه له‌سه‌ره‌كان ده‌بێت خوێندنه‌وه‌مان بۆ دوو مۆدێڵی یه‌كگرتنه‌وه و یه‌كنه‌گرتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌كانی دیكه هه‌بێت. مۆدێلی یه‌كه‌می؛ دوای كه‌وتنی دیواری به‌رلین له‌كۆتایی هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی ڕابردوو، به‌شی ڕۆژئاوای ئه‌ڵمانیا (له‌ژێر هه‌ژموونی ئه‌مریكا) به‌وپه‌ری توانایه‌وه هه‌وڵیدا ئه‌و به‌شه شه‌كه‌ت و بێ خزمه‌ته‌ی ڕۆژهه‌ڵات (له‌ژێر هه‌ژموونی ڕووسیا) وڵات نۆژه‌ن و بینا بكاته‌وه.
دوای زیاتر له ٢٥ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و مێژوودا، ده‌وڵه‌تی ئه‌ڵمانیا نه‌ك به‌ته‌نها سه‌ركه‌وتوو بوو له‌بیناكردنه‌وه‌ی ڕۆژهه‌ڵاته‌كه‌ی و زیاتر له دوو تریلیۆن دۆلاریشی بۆ خه‌رج كرد، به‌ڵكو له‌ئێستادا بۆته سه‌رمه‌شقی ئابووری ئه‌وروپا و خاوه‌ن ئابوورییه‌كی به‌هێزیشه له‌سه‌ر ئاستی جیهانی.
مۆدێڵی هه‌ردوو كۆریاكه‌ش كه تا ئێستا به‌هه‌مان شێوه‌ی ئه‌ڵمانیای ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوای پێشوو ده‌گوزه‌رێت، كۆریای باشوور (ئه‌میش له‌ژێر هه‌ژموونی ئه‌مریكا گه‌شه‌ی سه‌ندووه)، ئابوورییه‌كی سه‌ركه‌وتوو، له‌ڕیزبه‌ندی بیست یه‌كه‌مه‌كانی ده‌وڵه‌ته خاوه‌ن ئابوورییه به‌هێزه‌كانی جیهاندایه و كۆریا باكووریش (دیكتاتۆر و له‌ژێر هه‌ژموونی چاینا و ڕووسیا) به‌پێچه‌وانه‌وه چاوی له‌هاوكاری مرۆیی و له‌وپه‌ری خراپی ئابووری خۆیدایه.
بۆ حه‌فتا ساڵ ده‌چێت ئه‌و دوو كۆریایه لێك دابراون و ڕۆژبه‌ڕۆژیش جیاوازیی ئابووری و كه‌لتووری و سیاسی‌یان ئاسمان و ڕێسمان زیاد ده‌كات.
به‌پێی ڕاپۆرته‌كانی بانكی نێوده‌وڵه‌تی و سندوقی نه‌ختینه‌ی نێوده‌وڵه‌تی، كۆریای باشوور ده‌یه‌ك زیاتره هاتۆته ڕیزی وڵاتانی خاوەن تریلیۆن دۆلار (١,000,000,000,000 )، جی دی پی به ١.4 تریلیۆن خه‌ملاندووه. هه‌روه‌ها داهاتی تێكرایی نزیكه‌ی ٣٤٠٠٠ دۆلاره. له‌به‌رامبه‌ریشدا، هه‌ژاری كۆریای باشووری ته‌نیوه و داهاتی تێكرایی ته‌نها ١٨٠٠ دۆلاره له‌باشترین حاڵه‌تدا.
ئه‌م جیاوازییه واده‌كات یه‌كگرتنه‌وه‌ی هه‌ردوو كۆریا و كاری زۆر و قورسی ده‌وێت و هه‌ر ساڵێكیش تێپه‌رێت، ئه‌وا یه‌كگرتنه‌وه باجی زیاتریش ده‌وێت. به‌پێی راپۆرته‌كانی حكومه‌تی كۆریا له‌ساڵی ٢٠١٤ دا، ئه‌گه‌ر بێت و یه‌كگرتنه‌وه ڕووبدات، ئه‌وا له‌نێوان ٥٠٠ ملیار تا سێ تریلیۆن دۆلاری ده‌وێت! هه‌روه‌ك پێشبینیشیان كردووه له‌نێوان ساڵانی ٢٠٣٠ تا ٢٠٥٠ یه‌كگرتنه‌وه‌ی ئاشتییانه ڕووبدات.
له‌كاتێكدا، حكومه‌تی كۆریا باشوور باش له‌وه تێده‌گات كه یه‌كگرتنه‌وه چه‌نده باجی ده‌وێت و به‌پێی دوایین ڕاپرسییه‌كانیش نه‌وه‌ی گه‌نجی كۆریا باشوور (له‌نێوان ته‌مه‌نی ٢٠-٢٥) ئه‌وه‌نده حه‌ماسییان بۆ یه‌كگرتنه‌وه نییه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پسپۆڕان و شاره‌زایانی كۆریای باشوور ده‌ڵێن؛ له‌وانه‌یه له‌كورت مه‌ودا سووده‌كانی نه‌بینین، به‌ڵام له دوورمه‌ودا سووده‌كانی گه‌لێك زیاتر ده‌بن و كۆریا ده‌بێته ژماره‌یه‌كی گه‌وره‌تری ئابووری. له‌وه‌ش گرنگتر، له‌رووی مرۆڤایه‌تییه‌وه، تێكه‌ڵكردنه‌وه‌ی ده‌یان ملیۆن كۆری باكوور به‌شارستانییه‌تی سه‌رده‌م و ڕزگاركردنیانه له‌برسییه‌تی.
ڕووخانی دیواری به‌رلین و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی یه‌كێتی سۆڤییه‌ت وایكرد ئه‌ڵمانه‌كان له‌كاتێكی باش‌دا پارچه‌كه‌ی دیكه‌یان بنیاتبنێنه‌وه و دوای ٢٥ ساڵ كار و خه‌رجكردنی پاره‌یه‌كی زه‌به‌لاح ئه‌مرۆ به‌رهه‌مه‌كه‌یان چنیوه‌ته‌وه، به‌ڵام كۆریا باشوور ئه‌و به‌خته‌ی نییه و هێشتا چاوه‌ڕوانی ڕووخانی حوكمی كیم جۆن ئونه و ده‌بێت موعجیزه‌یه‌ك ڕووبدات!
بۆیه له‌م دوو مۆدێله‌ی سه‌ره‌وه هه‌م یه‌كگرتنه‌وه‌ی سه‌ركه‌وتوو له‌گه‌ڵ یه‌كنه‌گرتنه‌وه‌ش باسكرا، ئه‌وه‌ی ده‌بێت په‌ندی لێوه‌ربگیرێت ئه‌وه‌یه كه چۆن حكومه‌تی هه‌رێم له‌و مۆدێلانه‌وه فێری دوو وانه‌ی سه‌ره‌كی بن ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت كه‌ركوك و ناوچه كێشه له‌سه‌ره‌كان بگه‌رێنه‌وه سه‌ر هه‌رێمی كوردستان.
وانه‌ی یه‌كه‌می ئه‌وه‌یه كه ئه‌ڵمانه‌كان به‌خه‌رجكردنی بودجه‌ی زه‌به‌لاح و خزمه‌تكردنی خاكی گه‌راوه، نه‌ك هه‌ر ئابوورییه‌كه‌یان لاواز نه‌بووه، بگره ئێستا له‌ڕووی ئابووری و سیاسیشه‌وه ڕابه‌رایه‌تی ئه‌وروپا ده‌كه‌ن. وانه‌ی دووه‌میشیان ده‌رباره كۆریای باشووره، كه بۆمان ده‌ركه‌وت هه‌رچه‌ندی دیكتاتۆرییه‌ت حوكمی كۆریا باكوور بكات ئه‌وا یه‌كگرتنه‌وه‌ش دوا ده‌كه‌وێت و دواكه‌وتنی یه‌كگرتنه‌وه‌ش مانای ئه‌وه‌یه له‌ڕووی ئابووری و كه‌لتوورییه‌وه جیاوازییه‌كان تا دێن په‌ره ده‌سێنن و ئه‌وكاتیش یه‌كگرتنه‌وه قورس‌تر و گرانترو پاره‌ی زیاتریشی ده‌وێت.
بۆیه ده‌بێت حكومه‌تی هه‌رێم بۆ كه‌ركوك و ناوچه كێشه له‌سه‌ره‌كان نه‌ك حه‌قی خۆیان پێبدات، به‌ڵكو ده‌بێت پرۆژه‌ی زیاتر و بودجه‌ی زیاتریش بۆ خزمه‌تكردنیان ته‌رخان بكات، ئه‌میش هه‌م بۆ پرۆسه‌ی گێرانه‌وه‌ی كه‌ركوك و ناوچه كوردستانییه كێشه له‌سه‌ره‌كان ساناتر ده‌كات و هه‌میش ده‌بێت خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه به‌كورد و عه‌ره‌ب و توركمان و شیعه‌شه و هه‌ست بكه‌ن له‌ژێر حوكمرانی هه‌رێم باشتر خزمه‌ت ده‌كرێن نه‌ك ناوه‌ند!.
به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه ڕۆژبه‌ڕۆژ نائومێدییان زیاتر ده‌كات ئه‌گه‌ر كه‌ركوك و ناوچه كوردستانییه كێشه له‌سه‌ره‌كان به‌و حاڵه‌وه به‌بێ خزمه‌تی زیاتر بهێڵینه‌وه!.
PM:05:04:13/03/2017
ئه‌م بابه‌ته 2798
جار خوێنراوه‌ته‌وه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی