دواهەمین فیلم کە نەوشیروان موستەفا تەماشای کرد

‌دانا نەوزار علی

شوێن: ماڵی نەوشیروان موستەفا لە سلێمانی
کات: چەند کاتژمێرێک بەر لە مەرگی یەکجاری

بارودۆخی تەندروستی کاک نەوشیروان بەشێوەیەکی چاوەرواننەکراو باش بووە. دڵی کەسە نزیکەکانی خۆش بووە.

کاک نەوشیروان سەیری تەلەفزیۆن ئەکات و بە کۆنترۆڵەکەی دەستی کەناڵەکان ئەگۆڕێ. کەناڵێک فیلمی بەناوبانگی "٣٠٠" پەخش دەکات. کاک نەوشیروان کۆنترۆڵەکەی دەستی دائەنێ و دەست دەکات بە تەماشاکردنی ئەو فیلمە.

فیلمی ٣٠٠ لەسەر بنەمای نۆڤڵێکی نوسەری ناسراوی ئەمریکی فرانک میلەر بەرهەمهێنراوە کە چیرۆکی شەڕی 'سێرمۆپیلای' ئەگێڕێتەوە کە لەساڵی ٤٨٠ ی پێش میلادی مەسیح لەنێوان یۆنانەکان و فارسەکاندا روویاندا.

خشایار شاه کە لەدوای داریوشی مەزن بوویە پادشای فارسەکان بە سوپایەکی ٣٠٠ هەزار کەسیەوە بەرەو یۆنان کەوتە رێ. یۆنانیەکان لەنێوان خۆیاندا دابەش بوون، بەڵام لیۆنیداس سەرکردەی سپارتەکان بریاریدا بە خۆی و تەنها ٣٠٠ جەنگاوەرەوە رووبەرووی خشایار شاه بێتەوە.

شاژنی سپارتە داوا دەکات کە سوپای سپارتە پشتیوانی لیۆنیداس بکا، بەڵام سیرۆن کە سیاسیەکی گەندەڵ بوو و لەلایەن خشایار شاهەوە بە پارە کڕدرابوو دژ بەوە وەستایەوە.
هەواڵدەری ناسراو و بەناوبانگی یۆنان کە بە "کاهینەکەی دەلفی" ناسراوە بە لیۆنیداس ئەڵێ کە ئەوان بەرەو مەرگێکی حەتمی ئەرۆن و رزگاربوونیان نیە. بەڵام لیۆنیداس مەرگ هەڵئەبژێردرێ نەک تەسلیم بوون. لیۆنیداس تەنها ئەو پیاوانەی لەگەڵ خۆی برد کە مناڵی کوڕیان هەیە، تا لەدوای خۆیان نەسلیان بەردەوام بێ.

لیۆنیداس بە هەموو ئەو کەسانە ئەڵێ کە لەگەڵیدان هەمو کەس ئازادە لەوەی بگەرێتەوە و شەڕ نەکات، هەندێک بەجێی دێڵن و زۆربەی جەنگاوەرەکانی لەگەڵی دەمێننەوە.

پێش دەستپێکردنی شەرەکە سیاسیە گەندەڵەکانی سپارتە نوێنەرێک ئەنێرنە لای لیۆنیداس و پێی ئەڵێ کە ئەوەی ئەو ئەیکات شێتیە ئەویش پێیان ئەڵێ "سپارتەییەکان هەرگیز پاشەکشە ناکەن، برۆ و بە هەمو لایەک بڵێ، سپارتەییەکان هەرگیز تەسلیم نابن. لێیان گەڕێ با هەریەکە و رۆحی خۆی بخاتە بەردەم پرسیار. تۆش بڕۆ و رۆحی خۆت بپشکنە."

خشایارشاه پشت بەستووبە سوپا گەورەکەی پێی وائەبێ کە بە ئاسانترین شێوە ئەتوانێ لیۆنیداس و ٣٠٠ جەنگاوەرەکەی لەناو ببا بەڵام سێ رۆژ سپارتەییەکان شەڕ دەکەن و زەرەرێکی گەورە لە سوپاکەی خشایار شاه دەدەن.

بۆ رۆژی سێیەم، سوپای فارسەکان بە یەکجاری و لە هەمو لایکەوە گەمارۆی لیۆنیداس و جەنگاوەرەکانی ئەدەن. تا کوشتنی دواهەمین سپارتەیی ناوەستن. دوای کۆتایی هاتنی جەنگەکە خشایارشاه فەرمان ئەدا کە تەرمی لیۆنیداس بدۆزنەوە و سەری لێبکەنەوە و لەخاچی بدەن، ئەگەرچی ئەوە لەناو فارسەکاندا بوونی نەبوو.

نەوشیروان موستەفا دوای چەند کاتژمێرێک لە بینینی ئەم فیلمە و لە بەرەبەیانی هەینی ١٩ ی مایسی ٢٠١٧ تەندروستی تێکدەچێت. بۆ هەمیشە چاوەکانی لێکدەنێت.

نەوشیروان موستەفا ژیانێکی هاوشیوەی لیۆنیداس ژیا، بەبێ ترس لە مەرگ، بەبێ ترس لەوانەی سوپای گەورەیان هەیە، بەبێ ترس لەوانەی خۆیان فرۆشتوە بە پارە، بەبێ ترس لەوانەی ئاواتیان بەدیلکردن و داگیرکردنی وڵاتە.

نەوشیروان موستەفا وەک لیۆنیداس روبەرووی گەورەترین ملهورەکانی زەمەنی خۆی بوویەوە، گرنگیش نەبوو بەلایەوە کێ شوێنی دەکەوێت. ئەگەرچی ئەو عەقڵیەتی چەکداری وەلانا و بەبڕوایەکی بەهێزەوە خەباتی مەدەنی بێ چەکی هەڵبژارد، بەڵام دەستی لە گرنگترین مەبدەئی هەڵنەگرت کە ئەویش تەسلیم نەبوون بوو لەژێر هیچ ناو و بیانوویەکدا.

نەوشیروان موستەفا پێویستی بە ٣٠٠ سواری سپارتە ئاسا هەبوو کە بەبێ ترس و لەرز روبەرووی جەبەروتی ئەوانی دیکە ببنەوە، بەڵام ئەو لە لیۆنیداس باشتریشی کرد، لەجێی ٣٠٠، هەزارانی لەو جۆرە مرۆڤە دروستکردوە کە مەگەر لەملیان بدرێ ئەگەر نا جارێکی تر مەحاڵە بە درۆ و زەیفی هیچ کەسێک بخەڵەتێن.

نەوشیروان موستەفاش بۆ هەمیشە ناوی لە ریزی پیاوانی خاوەن شەهامەت و سەرکردە نەترسەکاندا تۆماردەکرێ و وەک ڤێرژنی کوردی چیرۆکی تەسلیم نەبوونی حەق هەرچەندە لاوازیش بێ بە جەبەرووتی ناحەق هەرچەندە بەهێزیش بێ ئەنوسرێتەوە.

لیۆنیداس و ٣٠٠ سوارەکەی سپارتا کوژران ، بەڵام زۆری نەبرد لە ناو خاکی یۆنانەوە ئەسکەندەری مەزن لەدایک بوو کە نەک هەر تۆڵەی لیۆنیداسی کردەوە و خاکی فارسەکانی داگیرکرد، بەڵکو بوویە یەکێک لە گەورەترین ناوەکانی مێژووی دونیا.

نەوشیروان موستەفاش مرد، بەڵام دوای خۆی رێبازی سازش نەکردن و تەسلیم نەبون لەبەرامبەر ئیرادە و جەبەروتی عەرەب و عەجەم و کوردی ملهوردا بەهێزتر بوە.

درود بۆ گیانی کاک نەوشیروان


AM:10:12:07/07/2019

ئه‌م بابه‌ته 7824 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی