لەپشتیوانی خالەقیدا

‌شوان حەمە

گەڕانەوەی مامۆستا مەزهەری خالەقی بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان و زێدی خۆی لەشاری سنە، هەرایەکی بەربڵاوی بەدوای خۆیدا هێناوە.

بەشی زۆری ڕەخنە و هێڕشەکان بۆ سەر خالەقی، پەیوەندیان بە هەڵوێستی پێشوەختی سیاسیانەوە هەیە، تا ئەو ئاستەی هیچ کەس باسی هونەری موسیک و گۆرانی ئەو زاتە ناکات

خالەقی پەروەردەی د ەستی ڕۆستەم موقەدەس و حەسن کامکار (باوکی کامکارەکان)ە. یەکەمین هەنگاوی هونەری خالەقی فیربونی مەقامی فارسی بووە، بەڵام هەر زوو ڕووی لەگۆرانی و موسیکی کوردیی کردوە و لەڕادیۆی سنە و دواتریش لەتاران لەگەڵ دیارترین موسیکزانە کوردەکان، دەیان گۆرانی جوانی کوردییان بەرهەم ‌‌هێناوە، کە تا ئێستاش لەویژدان و یادەوەری چەندین نەوەدا بە زیندووی ماون.

دەبوا ڕەخنەگران و هێرشبەران ئەو ڕاستییەیان لەبیر نەکردایە کە مەزهەری خالەقی لەکاتی حوکمڕانی شادا، توانی دەیان گۆرانی فۆلکلۆری کوردی نوێبکاتەوە. بۆ یەکەم جار لەمێژووی هونەریی ئێمەدا، کوالیتی گۆرانی کوردی تا ئاستی ئۆرکسترا گەورەکان بەرزبکاتەوە.

مێژووی خالەقی مێژووی کاری هونەری ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانە. خالەقی لەزەمەنێکدا بوو بە خالەقی کە شای ئێران، کورد و نەتەوەکانیتری بە توندترین شێوە دەچەوسانەوە، بەڵام ئەو سەرقاڵی نوێکردنەوەی گۆرانی کوردی بوو.

بەهەمانشێوە عەباسی کەمەدنی و شەهرامی نازری وکامکارەکان لەزەمەنی جمهوری ئیسلامیدا و حەسەنی کامکاری باوکیان لەزەمەنی شادا، دەیان شاکاری هونەریی ناوازیان  بۆ بەرهەم بێن.

ئایا بوونی جەلالی مەلەک شا لەشاری سنە باشترە یا لەئاوارەیی؟
باشتر نەبوو ماملێ لەشاری خۆی و لەناو خەڵکی خۆیدا ژیا؟
مەزاری حەسەن زیرەک لەسەر گردی ناڵەشکێنە باشترە یا وەک نالی و حاجی قادری کۆیە گۆڕغەریب بوایە؟

ڕەخنەگران و ‌‌هێرشبەرانی سەر خالەقی کێشەی گەورە و بونیادیان لەگەڵ جیاکاری هەیە! جیاکاری بەو مانایەی پەیام و ئەرکی هونەر لەدۆخی کورد لەڕۆژهەلاتی کوردستان، تەواو لەپەیام و ئەرکی سیاسی جیاوازە

بڕوانن ئێمە چەند شکستی سیاسیمان بینیوە! ئەوکاتانەی سیاسییەکانمان دوای خۆیان دەستکەوتێکیان بۆ بەجێ نەهێشتوین، چۆن هونەر و موسیک و شیعری کوردی دڵخۆشی داوینەتەوە. چۆن هونەرو شیعرو موسیکی کوردی پارێزگاری لەفەرهەنگ و شوناسی ئێمە کردووە

ڕەنگە ڕێکەوت نەبێت ساڵانێک بەر لەئێستا، خالەقی گۆرانی بۆ بێڕوحمان و دڵبەردان وتووە، لەکاتێکدا ناسیونالیستی توڕە و بێ فیکر و ئەوانەی لە زۆر شت بێئومێد بوون،  وەک "نەسیمی ساردی پایز"  پەلاماری ڕۆح وهونەری ئەو زاتە دەدەن!


PM:02:55:04/07/2019

ئه‌م بابه‌ته 3352 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی