كازمی كەی و چۆن بەشداری هەڵبژاردن دەكات؟

‌د.سەنگەر سەید قادر


بڕیاری دیاری كردنی كات و ڕۆژی هەڵبژاردن دەسەڵاتی پەرلەمان و سەرۆك كۆمارە و بڕیاری كازمی بۆ دیاری كردنی ڕۆژی هەڵبژاردن تاكتیكە و لەسەر پیشنیاری ڕاوێژكارەكانی بووە لەبەر چەند هۆكارێك:

١- داواكاری خۆپیشاندەرانی ساڵی ڕابردوو هەڵبژاردنی پێشوەخت بوو كازمیش كە خۆی بەزادەی ئەو خۆپیشاندانە دەزانێت لە كاتی متمانەپێدانی دا بەڵێنی هەڵبژاردنی پێشوەختی دا و ئێستاش داواكاری شەقام هەمان داواكارییە و فشارێكی زۆر لەسەر كازمیە

٢- كازمی بەم هەنگاوەی دەیەوێت دەستكراوە بێت لە لەقاڵبدانی حەشدی شەعبی و پشتیوانی شەقام زیاتر بەدەست بهێنێت

٣- ڕاگەیاندنی كاتی هەڵبژاردن پێش سەردانی بۆ واشنتن پەیامێكە بۆ حەشدی شەعبی و هێزە سیاسیەكان كە هەڵبژاردنی داهاتوو جیاواز دەبێت.

٤-بەم بڕیارە هێزە سیاسیەكانی توشی ئیحراجیەكی گەورەكرد و ڕووبەڕووی شەقامیان دەكاتەوە چونكە دیاریكردنی كاتی هەڵبژاردنی پێشوەختە داواكاری سەرەكی خۆپیشاندەرانە

 ئامادەكارییەكانی كازمی بۆ ڕێكخستنەوەی سیستەمی حوكمڕانی:

كازمی لە ماوەی كەمتر لە سێ مانگدا بە پلانێكی تۆكمە كۆمەڵێك كاری ئەنجامداوە كە سەرەتایەكەی باش بۆ گرەنتی كردنی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد لەوانە:

١- هێزە ئەمنیەكانی ڕێكخستووەتەوە و سەركردە و فەرماندەی هێزەكانی سوپا و وەزارەتی ناوخۆ و هەواڵگری گۆڕیووە

٢- زۆرینەی دەروازە سنورییەكان كۆنترۆڵكردووەتەوە كە سەرچاوەی داهاتی نایاسای میلیشیاكان بوو

٣- كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان گۆڕاوە و سیستەمێكی نوێی هەڵبژاردن پەیڕەو دەكرێت

٤- لەسەر ئاستی چاكسازی سیاسیش هەر لە دیاری كردنی بەرپرسەكانی وەزارەتەكانەوە تا بەڕێوبەڕایەتی دام و دەزگا خزمەتگوزارییەكان چاكسازی تێدا كراوە بەڵام سنوردارە

- ئایا لە ئێستا دەرفەت لەبارە بۆ هەڵبژاردن؟

ئەگەر چی ئەو چاكسازیانەی لەسەرەوە ئاماژەی پێكرا هەنگاوی گرنگن بەڵام بەس نین بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد دووبارە نەبوونەوەی سیستەمی سیاسی ڕابردوو كە لە ١٧ ساڵی ڕابردوودا عێراقی بەم دۆخەی ئێستای گەیاندووە

لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٨ دا بەپێی ڕاپۆرتی ڕێكخراوە جیهانییەكان و لێدوانی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق و دانپیدانانی ئەندامانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان تەنها سەدا ١٩% ئەو كەسانەی مافی دەنگدانیان هەبووە بەشداری هەڵبژاردنیان كردووە و بە ڕێكەوتنی هێزە سیاسیەكان بۆ سەدا ٤٤-٤٥% بەرزكراوەتەوە

هەروەها هەڵبژاردنی ڕابردوو وایكرد كە حەشدی شەعبی ٤٨ كورسی لە پەرلەماندا بەدەست بهێنێت كە لە مێژووی ١٥ساڵی پیش هەڵبژاردنی ٢٠١٨ هاوشێوەی نەبووە كە میلیشیا چەكدارەكان بەو ڕێژەیە بچنە پەرلەمان و بەتەواوەتی دەست بەسەر كەرتی ئابوری عێراقدا بگرن و داهاتی عێراق بخەنە خزمەتی پرۆژەی هیلالی شیعی ئێران و دەرهاویشتنی شۆڕش بۆ دەرەوە

هەربۆیە لە ئێستادا كە ئەمەریكا پرۆژەی لەدایك بوونی عێراقێكی نوێی خستووەتە بواری جێبەجێكردنەوە ڕێگە بە هەڵبژاردن نادات تەنها لە كاتێكدا نەبێت:

١- حەشدی شەعبی سەربە ئێران لە قاڵب بدرێن و سنوریان بۆ دیاری بكرێت بۆ ئەوەی كاریگەریان لەسەر هەڵبژاردن نەبێت و ساختەكاری هەڵبژاردنی پێشوو دووبارە نەبێتەوە

٢- دەبێت پەرلەمان هەڵبووەشێتەوە یان خۆی خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و ئەوكات بەپێی مادەی ٦٤ دەستور سەرۆك كۆمار لەماوەی ٦٠ ڕۆژدا كاتی هەڵبژاردن دیاری دەكات

٣- پێویستە كاتێك كازمی و هاوپەیمانەكانی بچنە هەڵبژاردنەوە كە شوێن پێی خۆی قایم كردبێت و هێزە چەكدارەكانی توندوتۆڵ كردبێت كە توانای ڕێگریان لە گزی و ساختە هەبێت

٤- لەسەر ئاستی كەسیش كازمی هێشتا دەستكەوتەكانی و كارەكانی ئەوەندە نیە كە شەقامی پێ ڕازی بكات و كاری زۆر تری پیویستە

٥- لەسەر ئاستی ناوچەیش ئێران لە ڕابردوودا ڕۆڵی گرنگ و یەكلایكەرەوەی هەبووە لە دیاریكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكاندا بۆیە دەبێت سەرەتا ڕۆڵی ئێران سنوردار بكرێت ئەویش لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢١ دەست پێدەكات و زیاتر لە ٨ مانگی پێویستە بە پێی ستراتیژی ئەمەریكا بۆ بە چۆكداهێنانی ئێران

هەر بۆیە ئەگەر چی بەدیاری كردنی كاتی هەڵبژاردن لەلایەن كامیەوە تۆپەكەی هەڵدایە گۆڕەپانی لایەنە سیاسیەكان و بەرپرسیارێتی سەرشارنی سوك كرد بەڵام كارێكی زۆر قورس تری لە پێشە كە ئەویش لە قاڵبدانی حەشدی شەعبی سەربە ئێرانە و دیاریش نیە كە سەركەوتوو دەبێت یاخود نا

دەر ئەنجام:

١- دیاری كردنی كاتی هەڵبژاردن گرنگە بەڵام بەبێ ئەو مەرجانەی لە سەرەوە ئاماژەی پێكرا ئەستەمە لە ئەنجام بدرێت

٢- ڕۆژی ٢٠٢١/٦/٦ وەك ڕۆژی هەڵبژاردن دیاری كراوە كە پلەی گەرما لەو كاتەدا بەرزە و قوتابخانەكان لەوكاتەدا دەست بە تاقیكردنەوە دەكەن و قوتابخانەكان ناتوانرێت بۆ پرۆسەی دەنگدان بەكاربهێنرێت

٣- هەڵبژاردنی ئەمجارە جیاواز دەبێت لە هەڵبژاردنی ڕابردوو و خۆری زۆر سەركردەی عێراقی ئاوا دەكات

٤- هەڵبژاردنی ئەمجارە كۆتای بە سیستەمی مەزهەبی و نەتەوەی لە هەڵبژاردن و دابەشكردنی پۆستەكاندا دەهێنێت و هەڵبژاردن قۆناغی مەزهەبگەرایی و نەوەیی بوون تێدەپەڕێنێت

٥- باشترین كات بۆ هەڵبژاردن لە دوای مانگی ئەیلولی٢٠٢١ دەبێت چونكە تا ئەوكات دەرفەت دەبێت بۆ یەكلایی كردنەوەی هاوكێشە ناوچەیی و ناوخۆییەكان

٦- ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە ٢٠٢١/٦/٦ ئەگەر مەرجەكانی كەلەسەرەوە باسكرا جێبەجێ كرا ئەگەرێكی كراوەیە

٧- بەشێك لە لایەنە سیاسیەكان دركیان بە گەمەكەی كازمی كردووە و دەست جوڵە دەكەن بۆ بە تاڵكردنەوەی هێزی كازمی و ڕێگری كردن لەكارەكانی.

٨- بەپێی دەستور هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان لەسەرداوای یەك لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان یان لەسەر داوای سەرۆك وەزیران بە ڕەزامەندی سەرۆك كۆمار دەبێت و بۆ هەڵوەشاندنەوەی پێویستی بە 50+1 دەنگی ئەندامانی پەرلەمان هەیە و ئەمە ئەستەمە ئەگەر ڕێكەوتنی سیاسی نەكرێت

٩- لە كاتی لێپرسینەوەی پەرلەمان لە سەرۆك وەزیران ئەوا لەو كاتەدا سەرۆك وەزیران ناتوانێت داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بكات

١٠-لەدوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بەپێی دەستور حكومەت بە دەستلەكاركێشاوە و كار بەڕێكەر دادەنرێت بەپێی دەستور.

١١- ئەگەر هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت ئەوا بۆ پەسەند كردنی پێویستە بچێتە دادگای فیدراڵ و ئەو دادگایە ئێستا كیشە ناتەواوی ئەندامی هەیە و پێویستە یاسای دادگایی فیدراڵی سەرەتا هەموار بكرێتەوە لە پەڕلەمان بۆ ئەوەی كێشەی یاسای بۆ پەسەند كردنی ئەنجامەكان دروست نەبێت.


AM:10:11:01/08/2020

ئه‌م بابه‌ته 1984 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی