ئاڵۆزیەكانی هۆنگ كۆنگ پەیوەندی بەكوردستانەوە هەیە ..!

‌د.سەنگەر سەید قادر

ڕەنگە ئەم ناونیشانە بۆتۆ  جێگای پرسیار بێت، یان ڕەنگە بەدرۆی بزانی بەڵام ڕاستیە خۆپیشاندانەكانی هۆنگ كۆنگ پەیوەندی ڕاستەوخۆی بەهاوڵاتیانی هەرێمەوە هەیە، ڕەنگە بپرسی چۆن؟

 كە خۆپیشاندان لە هۆنگ كۆنگ دەستی پێكرد  گەشەی ئابوری چین لە سەدا ٦.٣ بۆ سەدا ٦.١ دابەزی بۆرسەی هۆنگ كۆنگ و شەنگەهای دابەزی و بەوەش پیشبینی گەشەی ئابوری جیهان دابەزی و پێشبینیەكانی نرخی بەڕێژەی ٣-٥ دۆلار دابەزی

بەهۆی ئەوەی ئێمە سەرچاوەی داهاتمان نەوتە داهاتی هەرێم بەڕێژەی سەدا ٦-٧% دابەزی، ئەگەر ئاڵۆزیەكانی چین و ئەمەریكاش بەهۆی هۆنگ كۆنگەوە بەرە بسینێت و نرخی نەوت بێتەوە ژێر ٤٠ دۆلار واتە موچەكەی تۆ ئەبێتەوە بەنیوە موچە، ئێستا ڕوونە پەیوەندیەكە؟

 بۆیە ئەمە نمونەیەكی بچوك بوو بۆ موچە خۆران ئەگەرنا بازرگان و ئەوانەی لە بۆرسە وئاڵتون و بازرگانی دراونو خانوبەرەدا كاردەكەن پەیوەندی ڕاستەوخۆی هەیە، تەنانەت تۆ كە ئەتەوێت ژن بێنی پەیوەندی بەتۆشەوە هەیە چونكە كەنرخی نەوت دابەزی ئاڵتون بەرزدەبێتەوە

بەڵام بەهۆی ئەوەی ڕاگەیاندنی كوردی ڕاگەیاندنێكی لۆكاڵی و بیرداخراوە وایكردوە سنوری زانیاریەكانی من و تۆی خوێنەر وبیسەر و بینەر سنوردار بێت، چونكە تائیستا ڕاگەیاندنی ئیمە كار بە بنەمای دوری و نزیكی جوگرافی دەكات كە ئەو پێوەرە دەیان ساڵە بەسەر چووە، تێنەگەشتووە ئێستا جیهان گوندێكی بچوكە

ڕاگەیاندنی ئێمە لەبری ئەوەی چاوی كۆمەڵگابێت و پێشڕەو بێت و تاكی كورد بكات بەتاكێكی جیهانی بواری زانیاری فراوان بكات و جیهان بەوردەكاری و كێشەكانیەوە بخاتە بەردەم هاوڵاتی كەچی خۆی لە چوار گەڕەكی هەولێر وسلێمانیدا قەتیس كردوە.

- هۆنگ كۆنگ تەنها نمونەیەكی بچوك بوو.


AM:08:33:16/09/2019

ئه‌م بابه‌ته 3592 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی