‌ئێستایەكی تریش .....
AM:10:31:01/07/2019
د.سەنگەر سەید قادر


 فڕۆكەی میسری و فرۆكەكانی سوپای حەفتەر بە خەستی  چەند ناوچەیەكی شاری  تەرابلوسی پایتەختی لیبیا بۆردومان دەكەن،
  هاوكات فڕۆكە كانی ئیسرائیل چوار كۆگای موشەكی سوپای پاسدارانی ئێران و حیزبوڵایان لە جبل قەلمون و بەرزایەكانی مەزەی و ناوچەی كسوەی دیمەشق بۆردمان كرد و دەنگی چەند تەقینەوەیەكی گەورەش لەناو شاری دیمەشق بیستراوە.

 تێبینیت كرد ئەم شەو شەوێكی پڕ ڕوداو بوو، بەڵام  بەچاو خشاندنێك بە ڕووپەڕی ڕاگەیاندنی كوردی دا تێ ئەگەی ڕاگەیاندنی ئێمە لە قەیرانێكی قوڵدایە لە ڕوماڵكردنی ڕوودا و پێشهاتە نێودەولەتی و جیهانیەكاندا،  وەك ئەوەی ئێمە لە گوندێكی مەریخ بین دابڕوابین لە جیهان، بە كورتی ڕاگەیاندنی كوردی یەك شەفتیە دوای ١٢ دایەخەن و ئەی پێچنەوە.

لەكاتێكدا ئەو كاتەی لە كوردستان شەوە لە نیوەكەی تری گۆی زەوی ڕۆژە، مەرجیش نیە هەموو ڕوداوەكان لە ٨ بەیانیەوە بۆ ١٢ شەو ڕوبدەن، بۆنمونە زۆرینەی ڕووداوەكانی ئەمەریكا  و بڕیار و تویتەكانی ترەمپ لە كاتێكدابوە كە ڕاگەیاندنی كوردی لە خەودابووە

ڕەنگە ئێستا تۆ بڵێی باشە كاكە لیبیا و توركیا و سودان وئیسرائیل و سوریا  پەیوەندی بە ئیمەوە چیە، ئەگەر ئەمەش بلێی لەسەر حەقی چونكە ڕاگەیاندنی ئێمە هۆشیاری تاكی سنوردار كردوە و وای تێگەیاندوین لەهەولێر دنیا وێرانبێت پەیوەندی بەسلێمانیەوە نیە، هەوڵیان نەداوە تاكی كورد بە جیهانی بكەن  و تاكێكی هۆشیار و بە ئاگابێت

ڕەنگە بیانوی میدیاكانیش ئەوەبێت كۆمەڵگای ئێمە نەریتێكی گوندی هەیە و لە  دوای ئێوارەوە ژیان دەوەستێت و دوای ١١ خەڵك هەمووی دەنوێ، بەڵام نابێت ڕاگەیاندن و مێدیا دوای نەریتی تەمەڵی كۆمەڵگا بكەوێت، بەڵكو دەبێت كۆمەڵگا بە ئاگا بێنێت و پێشڕە و چاوی بەئاگا و كراوەی كۆمەڵگابێت.


هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.