كۆدی كاركردن لەگەڵ پارتی

‌ئازا حەسيب قەرەداخی

ناونیشانی بەرنامەی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ هەڵبژاردن (پێكەوە بەرەو كوردستانێكی گەشتر) بوو. بۆیە لە سەرووبەندی پێكهێنانی حكومەتی هەرێمدا كە نێچیرڤان بارزانی راسپێدرابوو بە پێكهێنانی، ئیشی بۆ ئەو پێكەوەییە كرد و چەند مانگی ویست تا توانی حكومەتی بەشداری هەمووان و بنكە فراوان پێكبهێنێ.

سەبارەت بە پۆستەكانی ناو حكومەت و دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق، پارتی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕاندا رێكەوتنی واژۆ كرد و ئیلتیزامیشی پێوە كرد و لە مانگی تەمووزی پارەوە بەو پێیە كار كراوە و هەموو دەسەڵاتەكانیش بەو كەسانە دراوە كە ئەو پۆستانەیان وەرگرتووە. 
لەبەرئەوەی بزووتنەوەی گۆڕان بەرهەمی عەقلییەتی پۆپۆلیستی و ئەنارشیزمی نەوشیروان مستەفایە و لە سروشتی دروستبوونیدایە كە ناتوانێ لە ئارامیدا ژیان بكات... ناتوانێ لە ئۆقرەییدا سەركردایەتی بنكە جەماوەرییەكەی بكات... ناتوانێ بەشێك بێ لە سستمی حوكمڕانی و تەنزیم و بەڕێوەبردن و دەوڵەتداریی، بۆیە هەر زوو كەوتە گێچەڵ كردن بە حكومەتی هەرێم و هەوڵی دا لە ناوەوە بنكوڵی بكات.

لە كودەتاكەی 23ی حوزەیراندا تاقمەكەی نەوشیروان مستەفا ئەو وەرقەیان دڕاند كە پارتی و گۆڕان رێككەوتنەكەی نێوانیان لەسەری واژۆ كردبوو. بەرسڤی پارتی ئەوەبوو پارچەكانی ئەو رێكەوتنە دڕاوە پێكەوە بلكێنێتەوە. ئەمەی ناونا سازانی نیشتمانی و لە كۆبوونەوەیەكی فراوانی حزبە كوردستانییەكان و بە بەشداری دۆستانمان لە ئەمریكییەكان و بەریتانییەكان و نوێنەرایەتی نەتەوە یەكگرتووەكان، هەروەها لە نۆ كۆبوونەوەی پێنج قۆڵیدا لەو پێناوەدا كاری كرد، بەڵام دەستەوتاقمەكەی نەوشیروان مستەفا سوور بوون لەسەر تەواوكردنی سیناریۆی كودەتاكەی 23ی حوزەیران. دواجار لە قەڵادزێوە تا كەلار گێرەشێوێنەكانی نەوشیروان مستەفا بە هێرشكردنە سەر بارەگاكانی پارتی و ئاگرتێبەردانیان و شەهیدكردنی هەڤاڵانی پارتی، ئیتر رێككەوتنەكەیان سووتان و كەڵكی ئەوەی نەما پارچە دڕاوەكانی پێكەوە بلكێنرێنەوە. كەواتە ئیتر پارتی مافی خۆی بوو كە خۆی ئازادبكات لە هەموو رێككەوتنەكانی پێكهێنانی حكومەت و دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان.

لەو ساتە بەدواوە حكومەتی هەرێم وەكوو دامەزراوەی بەڕێوەبردن مایەوە، بەڵام پارتی دیموكراتی كوردستان بەم خۆئازادكردنە سەرۆكی حكومەتیشی ئازادكرد لەوەی كە بەشەكەی گۆڕان لە حكومەتدا وەرگرێتەوە و پۆستە وەزارییەكان بە خەڵكانی لێهاتوو پڕ بكاتەوە. هەروەها پەرلەمان وەكوو دامەزراوەی شەرعی و هەڵبژێردراو مایەوە و هەموو ئەندامەكانیشی ئەندامی پەرلەمانن بە یوسف محەمەدیشەوە، مەگەر كەسێك ئارەزوومەندانە دەستلەكار بكێشێتەوە، بەڵام پۆستی سەرۆكی پەرلەمان كە بەرهەمی هەمان ئەو رێككەوتنە سووتاوە بوو، لە تاقمەكەی نەوشیروان مستەفا وەرگیرایەوە.

بە شەهیدكردنی هەڤاڵانی پارتی و پەلاماردان و سووتاندنی بارەگاكانی و راوەدوونانی كادیران و ئەندامان و هەوڵی كوشتنیان، نەوشیروان مستەفا جارێكی دیكە سەلماندییەوە، پیاوێكە بڕوای بە یاساكانی جەنگەڵە و لە هەر دەرفەتێكدا پێی وابێ كە هێزی هەیە، پەلاماری مونافیسەكانی دەدات بە نیازی لەناوبردنیان. لەبەر ئەوەی هەمیشە لە تەقدیركردنی هێزەكەیدا بە هەڵەدا چووە، دەرەنجامی پەلامارەكانی، بە پێچەوانەوە بەسەریدا شكاوەتەوە و بە سەروگوێلاكی شكاوەوە گەڕاوەتەوە.

نەوشیروان مستەفا بە ئاشتی و دۆستایەتی لە كەمترین دانوساندا لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان، توانی پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كە هەردووكیان ئیستیحقاقی پارتی بوون بەو پێی براوەی یەكەمی هەردوو هەڵبژاردنەكە بووە، هەروەها چوار وەزارەت و دەستە و پلەی تایبەتی لەناو حكومەتی هەرێمدا دەست كەوت، بەڵام بە پێچەوانەی ئەوەوە لە هەموو هەوڵەكانی بۆ قۆڵبادان و شكاندنی ئیرادەی پارتی و دواجار پەلاماردانی توندوتیژانە بۆ سەری، نەك هیچی دەستنەكەوت بەڵكو هەموو دەستكەوتەكانیشی لەدەست دا. 

بە دۆستایەتی هەموو شتێكت لە پارتی دەستدەكەوێ، بە قۆڵبادان و خۆسەپاندن هیچت دەست ناكەوێ و خۆیشت تووشی شكستی كەمەرشكێن دەكەیت. ئەمە وانەیەكی گرنگە بۆ بزووتنەوەی گۆڕان ئەگەر پاشی نەوشیروان مستەفا مایەوە، پەندی لێ وەرگرێ و بیكاتە كۆدی كاركردنی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان.


PM:11:03:14/10/2015

ئه‌م بابه‌ته 2538 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی