دابه‌شکردنی سوریا بۆ سێ به‌ش
ئازا حەسيب قەرەداخی
له چوارچێوه‌ی گه‌ڕان به دووی چاره‌سه‌ر بۆ قه‌یرانی خوێناوی سوریا، ماوه‌یه‌که باس له سیناریۆی دابه‌شکردنی ئه‌و ده‌وڵه‌ته بۆ سێ به‌ش ده‌کرێ.
یه‌که‌م به‌ش له سوریای به‌شبه‌شکراو ئه‌وه‌یانه، که سەرۆكی توركیا، رەجەب تەیب ئەردۆگان، لەو كۆنگرە رۆژنامەوانیەی له‌دوای نوێژی جەژنی قوربان لە ئەستەنبول سازی کردبوو، باسی کردووه، گوایه ڕژێمی سوریا دەیەوێت "سوریای بچووك" دروست بكات له ناوچه‌یه‌کدا له دیمەشقەوە دەست پێ بكات بە ناو حمس و حه‌مادا بڕوات تا دەگاتە لازیقییە. ئەو ناوچەیە رووبەری 15% خاكی سوریا پێك دەهێنێت.
سوریای بچووک بۆ عه‌له‌وییه‌کان ده‌بێ به سه‌رۆکایه‌تیی به‌شار ئه‌سه‌د. ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌یش هه‌یه که دوای ساڵێک یا دوو ساڵ له‌و وه‌رگیرێته‌وه. له سه‌رینی ئه‌وه‌وه‌یه که وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی روسیا وتبووی؛ له چاره‌سه‌ردا مه‌رج نییه به‌شار ئه‌سه‌د یه‌کسه‌ر ده‌سه‌ڵات راده‌ست بکات. که‌واته ده‌شێ دواتر راده‌ستی بکات.
ئێران و روسیا لایه‌نگری دروستکردنی ئه‌و ده‌وڵه‌تۆکه‌یه‌ن بۆ به‌شار، چونکه هه‌ردووکیان، وه‌کو دوو دۆستی سه‌رسه‌ختی ئه‌سه‌د و رکابه‌ری ئه‌مریکا له ناوچه‌که‌دا، ده‌زانن تازه هه‌موو سوریایان پێ وه‌رناگیرێته‌وه، بۆیه به‌شێکیان بۆ بمێنێته‌وه باشتره له‌وه‌ی هه‌مووی له‌ده‌ست بده‌ن. ئه‌و پارچه‌یه پێگه‌ی ئێران ده‌بێ بۆ نزیکی له لوبنان و حزبوڵڵا. بۆ روسیاش پێگه‌یه‌ک ده‌بێ له ناوچه‌که‌دا، که هیچ شوێن پێی تێدا نه‌ماوه.
دووه‌م به‌ش بۆ سوننه‌کان. ئه‌مه‌ریکا و هاوپه‌یمانه‌کانی ئه‌وه‌یان ده‌وێ به‌ڵام موشکیله‌ی زۆره چونکه نازانن ته‌سلیمی کام گروپ یان فه‌سیلی بکه‌ن. ئه‌و به‌رهه‌ڵستکارانه‌ی له‌لایه‌ن ئه‌مریکا و هاوپه‌یمانه‌کانی پشتیوانی و هاوکاری ده‌کرێن، خودان هێزێکی راسته‌قینه و ده‌ستڕۆیشتوو نین له مه‌یداندا و ته‌نانه‌ت زه‌وی و ناوچه و ده‌ڤه‌ری ئه‌وتۆیان له ژێر ده‌ستدا نییه، که حکوومه‌تێکی کاتیی تێدا راگه‌یه‌نن. تورکیاش، که ئه‌ندامی ناتۆیه، مه‌یلی له‌م چاره‌سه‌ره نییه و ئه‌ردۆگانیش باسی یه‌کپارچه‌یی خاکی سوریا ده‌کات. بێگومان له‌و یه‌کپارچه‌ییه‌دا مه‌یلی بۆ ده‌سه‌ڵاتدارێتی سوننه‌یه. ئه‌وه‌ی هێشتا ناڕۆشنه ئه‌وه‌یه له کام فه‌سیڵی سوریاوه نزیکه و وه‌ک ئه‌ڵته‌رناتیڤی رژێمی ئه‌سه‌د تێی ده‌ڕوانێ. به‌و هۆیه‌شه‌وه، ڕۆژانه تورکیا تۆمه‌تبار ده‌کرێ به هاوکاریکردنی گرووپه تیرۆریسته‌کانی جه‌بهه‌ی نوسره و داعش و شتی دیکه‌ی له‌و جۆرانه.
سێیه‌م به‌ش بۆ کورد. ئه‌مریکا و هاوپه‌یمانه‌کانی له‌گه‌ڵ دابه‌شکردنی سوریادان و له‌وه‌یشدا پارچه‌یه‌ک بۆ کورد به باش ده‌زانن. حه‌زیش ده‌که‌ن ئه‌و به‌شه به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی کوردستانی خۆمانی گرێ بده‌ن. هه‌رچه‌نده هێشتا ڕۆشن نییه ئه‌و گرێدانه یان په‌یوه‌ندییه چۆن ده‌بێت و به چی میکانیزمێک رێکده‌خرێ، به‌ڵام گفتوگۆی له‌باره‌وه ده‌کرێ. به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وانه‌وه ئێران و روسیا ئه‌گه‌رچی به‌شێک یان چه‌ند کانتۆنێکیان بۆ کورد قبووڵه، به‌ڵام نایانه‌وێ هیچ په‌یوه‌ندیی به هه‌رێمی کوردستانه‌وه هه‌بێ، به‌ڵکو ئه‌وان ده‌یانه‌وێ له ڕێی په‌که‌که‌وه بیکه‌نه به‌شێک له میحوه‌ری خۆیان و درێژکراوه‌ی به‌شه‌که‌ی ئه‌سه‌د بێ و دژی تورکیا بێ. له هه‌رێمی کوردستانیش هه‌ن هه‌مان تێڕوانینیان هه‌یه بۆ رۆژئاوا، به‌ڵام له سۆنگه‌یه‌کی جیاوازه‌وه نه‌بادا دوو هه‌رێمی سه‌ربه‌خۆی باشوور و رۆژئاوا و لێکگرێدانیان به خێر بۆ بارزانی و پارتی بشکێته‌وه.
تورکیا له نیاز و پێویستی ئێران و روسیا له‌لایه‌ک و ئه‌مریکایش له‌لایه‌کی دی تێده‌گات بۆیه هه‌ر له بناغه‌وه نایه‌وێ هه‌رێمی کوردان له رۆژئاوا دروست بکرێ، به‌ڵکو ده‌یه‌وێ هه‌ر به‌شێک بێ له ده‌وڵه‌ته سوننیه‌که. بۆیه سه‌یر نییه له‌م کاته‌دا دیسانه‌وه لە میانەی کۆنگره رۆژنامه‌نووسیه‌که‌یدا ئه‌ردۆگان دوپاتی ئه‌وه بکاته‌وه که وەزارەتی دەروەی ئەمریكا هەڵه‌یه که یەپه‌گە و په‌یەده‌ی بە تیرۆرست دانه‌ناوه.
ماده‌م ئه‌ردۆگان به‌و راشکاوییه هاته گۆ و دانی نا به‌وه‌دا که سوریایه‌ک بۆ به‌شار ئه‌سه‌د دروست ده‌کرێ، که‌واته سیناریۆی دوو به‌شه‌که‌ی دیکه‌یش راست و دروسته. واته قۆناغی خۆ سازکردنی کوردانه بۆ ئاڵوگۆڕه‌کانی ئاینده و هه‌ڵبژاردنی بژارده‌کان. باڵاترین بژارده که خه‌ونی دێرینی کوردانه سه‌ربه‌خۆییه. دوو هه‌رێمی باشوور و رۆژئاوای سه‌ربه‌خۆ و خودان په‌یوه‌ندی دریژکراوه له‌گه‌ڵ یه‌کدا باشترینی باشه‌کانه له‌م قۆناغه‌دا. کوردان له باشوور و رۆژئاوا به هاوکاری ئه‌مریکا و هاوپه‌یمانانی ئیشی بۆ بکه‌ن ته‌نانه‌ت با ئێران و روسیا و تورکیایش نه‌یانه‌وێ.
PM:12:07:29/09/2015
ئه‌م بابه‌ته 2466
جار خوێنراوه‌ته‌وه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی