ئاماژە نوێیەكانی قۆناغی ئایندە

‌ئازا حەسيب قەرەداخی

كۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان سەرۆكی هەرێمی كوردستان و هاوسەرۆكی پەیەدە و یاریدەدەری جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە هەفتەی رابردوودا هەرچەندە لە مێدیاكان تیشكی زۆری نەخرایە سەر، بەڵام كۆبوونەوەیەكی گرنگ بوو لە كاتێكی هەستیاردا.

لەو كۆبوونەوەیەدا گفتوگۆ لaەبارەی دواپێشهاتەكان و هەماهەنگی و كاری هاوبەشی هەردوولا بە تایبەت لە پرۆسەی بەرەكانی بەرگری و شەڕی دژی رێكخراوی تیرۆریستی داعش كرا .
دوابەدوای ئەوە چەند رووداوێكی تر هاتنە ئاراوە كە هەر یەكەیان لە پەیوەندیدا بەو كۆبوونەوەیە بایەخی خۆیان هەیە. یەكەمیان ئەوە بوو كانتۆنەكانی رۆژئاوای كوردستان راگەیێندراوێكی لەسەر پرسی گەڕانەوەی پێشمەرگەكانی رۆژئاوای كوردستان، لە باشووری كوردستانەوە بۆ ئەوێ بڵاوكردەوە، سەرۆكایەتی هەریمی كوردستانیش نیگەرانی دەربڕی.

كانتۆنەكانی رۆژئاوای كوردستان لە راگەیێنراوەكەیاندا رەتیانكردەوە قبوڵیان كردبێت پێشمەرگە مەشقپیكراوەكانی رۆژئاوای كوردستان بگەڕێنەوە. لە بەرامبەردا د. فوئاد حوسێن، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەریمی كوردستان رایگەیاند: ئێمە دەمانەوێت بزانین ئایا ساڵح موسلیم دەسەڵاتی بەسەر كانتۆنەكانی رۆژئاوای كوردستانەوە هەیە یان نا.
گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگەی رۆژئاوای كوردستان یەكێك بوو لەو پرسانە كە لە كۆبوونەوەی ئاماژە پێكراودا باسی لێوە كراوە.

ئەو هێزە لە یانزە فەوج پێكدێت و زیاتر لە شەش هەزار پێشمەرگەیە.
لەسەرینی ئەو دوو رووداوەوە (عوسمان ئۆجەلان) برای عەبدوڵا ئۆجەلانی رێبەری زیندانیكراوی پەكەكە، رایگەیاندووە كە پێویستە پەیەدە بەشداری بە لایەنەكانی دیكەیش بكات و ڕێككەوتنی دهۆك جێبەجێ بكات، تا هەموویان پێكەوە بتوانن ڕۆژئاوای كوردستان بپارێزن، چونكە مەترسیی داعش و هێزەكانی دیكە بۆ سەر ڕۆژئاوای كوردستان بەردەوامە. لە سەرینی ئەمەیشەوە داوای كردووە كە ڕێگە بە هێزی پێشمەرگەی ڕۆژئاوا بدات بگەڕێنەوە ئەو بەشەی كوردستان تا پارێزگاری لە دەستكەوتەكان بكات، لەگەڵ ئەوەیش دەبێت لایەنەكانی ڕۆژئاوا ڕێز لە بیروبۆچوونەكانی پەیەدە بگرن و، هێرش نەكەنە سەر یەكدی، بەڵكو زەمینەیەكی لەبار ئامادە بكەن، بۆ ئەوەی پێشمەرگەی ڕۆژئاوا بگەڕێتەوە.

یەكشەممەیش شەشەمین كۆنگرەی پەیەدە لە شارۆچكەی ڕمێلان دەستیپێكرد. د.كەمال كەكوكی ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بە نوێنەرایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان بەشداری كرد و وتارێكیشی پێشكەش كرد وتی هەڵوێستەكانی (سەرۆك بارزانی) لە پێناو یەكڕیزییە لە هەرچوارپارچەی كوردستان و گەیشتن بە مافی چارەی خۆنووسین. دەبێ گەلەكەمان مافی سەربەخۆبوونی بە دەست بێنێ و بڕیاری لێ بدات. 

لە جموجوڵەكانی ئەمریكاوە لە ناوچەكەدا پەیوەند بە كوردستانەوە دوو ستراتیژ لە سەرلیستدا دەبینرێ. یەكەمیان تێكشكاندنی یەكجاریی داعش كە هێزی پێشمەرگە و شەڕڤانانی رۆژئاوا تەنیا هێزی سەر زەمینن تێیدا و بۆ ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی زۆر گرنگە كە كۆكراوە و یەكڕیز بن. دووەم ستراتیژی سەرلەنوێ داڕشتنەوەی نەخشەی ناوچەكە كە مودەتێكە باسی هەڵوەشانەوەی نەخشەكەی سایكس بیكۆ و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی نەخشەی سیاسی ناوچەكە دەكرێ و هەرێمی كوردستانی عێراق و رۆژئاوای كوردستان لەو نەخشەیەدا دێنە بەرباس. هەرچەندە شێوازەكەی لە رووی رێكخستنەوە دیار نییە بەڵام ئاماژە بۆ ناوچەیەكی كوردستانی درێژكراوە تا سەر دەریای ناوەڕاست دەكرێ.
ل
ەم دوو ستراتیژەدا ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی، وەكوو هاوپەیمانێكی ستراتیژی مامەڵە لەگەڵ كورد دەكەن و ئەم مامەڵەیەش لە كۆبوونەوەكانیان لەگەڵ سەرۆك بارزانی رێكدەخەن و ئامادەن هەموو جۆرە هاوكارییەكی بكەن بۆئەوەی كوردستان ببێتە ناوچەیەكی ستراتیژی و خودان كاریگەریی لە ناوچەكەدا. بۆ ئەمەیش جگە لە هاوكاری سەربازی و لۆجیستی و ئاسمانی لە شەڕی دژی داعشدا، هەروەها هەموو دەستدرێژییەك بۆ سەر هەرێمی كوردستان و رۆژئاوای كوردستان بە دەستدرێژی بۆسەر هاوپەیمانان دادەنێن و تەنانەت ئەوەیش كراوەتە مەرج لەسەر توركیایش كە باسی زۆنی دژە فڕین دەكات و نابێت رۆژئاوای كوردستان بگرێتەوە. بۆ ئەمانە هاوپەیمانان ستراتیژی بەرگریكردن لە هەرێمی كوردستانی باشوور و رۆژئاوای كوردستانیان لێكگرێداوە و ئەم لێكگرێدانە تا سەرلەنوێ داڕشتنەوەی نەخشەی ناوچەكەیش درێژە دەكێشێ و شوێن پەنجەی دەبێ.

ئەم ئاماژانە زۆر گرنگ و چارەنووسسازن. ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی كاری لەسەر دەكەن. سەرۆك بارزانی بە حیكمەت و پشوودرێژییەوە بۆ ئەو پێناوە لەگەڵ ناوماڵی كوردستانیی كار دەكات تا لەسەرووی بەرژەوەندی تەسكی حزبییەوە ئەو ئاماژانە ببینرێن و پێكەوە كار بۆ بەدیهێنانیان بكەن.


PM:07:40:23/09/2015

ئه‌م بابه‌ته 2412 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی