بۆ ئەوەندە رقیان لێمانە؟!

‌ئازا حەسيب قەرەداخی



لە دوای کردارە تیرۆرییەکەی ۱۱ ی سێبتەمبەر لە نیویۆرک، ئەمریکییەکان لە خۆیان پرسی ( بۆ ئەوەندە رقیان لێمانە؟! ).
لەوساوە تا ئێستا، ئەم پرسیارە چەقی بیرکردنەوەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئەمنی و سەربازییان بووە و وەڵامدانەوە جیاجیاکانی ئەو پرسیارەیش سیاسەتی ستراتیژی ئەوان لەبارەی تەوەرە نێودەوڵەتییەکان و دنیابینییان بۆ پەیوەندییەکان و دۆخ و جووڵەی ئەمنیی و سەربازیی دادەڕێژێ.

ئێمەیش دوای سەد ساڵ لە دابەش و داگیرکردنی نیشتمانمان و لکاندنی کۆلۆنیالییانەی زۆرەملێ بە چوار دەوڵەتی شۆفێنی فاشییەوە و بێ بەش کردنمان لە مافی سەربەخۆیی و دەوڵەتداریی. پاش بەرپاکردنی سەدان جەنگی دڕندانە لە دژمان و پەیڕەوکردنی هەموو شێوازەکانی  سیاسەتی جینۆساید و ئەنفالکردن دەرهەقمان. دوای راگواستن و دەربەدەرکردنی زۆرە ملێیانە. پاش کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و چەندین دەڤەری تر.

 دوای ئەوەی شەڕی دڕندەترین دەوڵەتی تیرۆریست کرا بە گژماندا و ئەنفالێکی تر لە شەنگال و بە درێژایی سنوورمان بۆ ماوەی زیاتر لە سێ ساڵ لەسەر دەستی داعش، ئەو رێکخراوە نێودەوڵەتییەی هەموو نەتەوەکانی ناوچەکە و جیهان تێیدا سەدان ئەندامی ئێجگار مەترسیداریان هەبوو، پەیڕەو کرا. دوابەدوای هەڵویستی نامەردانەی دەوڵەتانی ئیقلیمی و زلهێزانی دنیا بەرامبەر ریفراندۆممان بۆ سەربەخۆیی. پاش ئەوەی ئێستا لە ئەفرین روودەدا و پێشبینی دەکرێ دوای ئەفرین لە شوێنانی تری نیشتمانەکەشمان روو بدات، دەبێ ئێمەی کورد لە خۆمان بپرسین ( بۆ ئەوەندە رقیان لێمانە؟! ). ئەمە بکەینە پرسیاری میحوەری و چەقی بیرکردنەوەمان. وەڵامە جیاجیاکانیشمان بکەینە بنچینە بۆ داڕشتنی ستراتیژی سیاسی و ئابووری و ئەمنی و سەربازیی و کۆمەڵایەتیمان.


PM:03:35:18/03/2018

ئه‌م بابه‌ته 1377 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی