بەر لە دەنگدان
خەسڵەتی دەوڵەتەکەمان دەناسین
ئازا حەسيب قەرەداخی
ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم پاش کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە. جگە لە دووپات کردنەوەی بڕیاری دەنگدان لە 25ی مانگدا و هێشتنەوەی دەرگای گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بە کراوەیی، لە خاڵی چوارەمدا بڕیارێکی راگەیاندووە ئەمە دەقەکەیەتی:
ئەنجوونی باڵای ڕیفراندۆم بڕیاری دا، سکرتارییەتی ئەنجوومەنی باڵا، هەردوو پڕۆژەی مافی پێکهاتەکان و ڕاگەیاندنی پرەنسیپی گشتیی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان، پێش 25ـی9ـی2017، بڵاو بکاتەوە.
کەواتە لەم دوو رۆژەی داهاتوودا و بەرلەوەی دەنگ بدەین بۆ سەربەخۆیی، سیما و خەسڵەتە بنەڕەتییەکانی ئەو دەوڵەتەمان بۆ روون دەبێتەوە کە بە بەڵێ دەنگ بۆ دامەزراندنی دەدەین، ئەوەش لە دوو کایەی زۆر گرنگدا، مافی پێکهاتەکان و بنەما و هێڵە گشتییەکان، کە دەکاتە بنەما دەستوورییەکان.
ریفراندۆم نیشانەی مەدەنییەتی گەلەکەمان و پەیوەستبوونیەتی بە دیموکراسی و ئاشتەواییەوە بۆ گەیشتن بە دەوڵەتی سەربەخۆ، ئەم خاڵە ستراتیژی و پڕ بایەخەش نیشانەی ئیرادە و حیکمەتی سەرکردایەتی سیاسی کوردستانە کە پابەندە سیاسییەکانی خۆی بۆ شێوازی ئەو دەوڵەتە، بەر لە دامەزراندنی دەخاتە ئەستۆی خۆی.
گەلێک لەم ئاستە لە پابەندی بە ئاشتی و مەدەنییەتەوە، سەرکردایەتییەک لەم ئاستە لە پابەندی بە دیموکراسی و مافەکان و بنەماکانی پێکەوەژیان شاستەی سەربەخۆییە بە پلەی ئیمتیاز.
PM:09:26:21/09/2017
ئهم بابهته 1528
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی