‌جەنگی دەروونیی.. بابەت و بوار و ئامانج
PM:05:44:09/08/2017
ئازا حەسيب قەرەداخی


 ئەو بابەت و بوارانەی لە جەنگی دەروونیدا دەکرێنە جێنیشانە، لە هەناویاندا ئامانجەکانی ئەو شەڕەی تێدایە. بە واتایەکی تر، بابەتگەلێک لە بوارە جیاجیاکانی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و ئەمنی دیاری دەکرێن و بە پڕوپاگەندە و وتی وتی پەلامار دەدرێن. ئەم بابەتانە و لە قوڵایی ئەوانیشدا کایەکانی پشتەوەیان ئەو ئامانجانەن کە شەڕخوازانی دەروونی مەبەستیانە تێکیان بشکێنن. یان لای کەمییەوە دەلاقەیەک بخەنە نێوانیان لەگەڵ خەڵکدا و پەیوەندی نێوانیان بپچڕێنن.

بۆئەوەی هەر تێورییانە قسە نەکەم، راستەوخۆ باسی ئەو بابەتانە دەکەم کە لە کوردستاندا، شڕخوازانی دەروونی لەماوەی سێ چوار ساڵی رابردوودا زۆریان جەخت لێ کردووە؛

( خوێنەری بەڕێز، هەموو کاری راگەیاندن و لێدوان و وتارەکانی سەران و پەرلەمانتاران و موفەکیرەکانی بەرەی دژی سەربەخۆیی با لە زیهنتاندا بێ، ئەوسا بە ئاسانی دەزانن من باسی چی و کێ دەکەم)؛
* بڵاوکردنەوەی رەشبینی و بێئومێدکردنی خەڵک لە ئێستاو ئایندەی ، لە رێی کەمکردنەوە و بێ ئەرزشکردنی بەها سیاسی و نیشتمانییەکان و چاندنی تۆوی خۆ بەکەمزانین لە ئاستی داگیرکەرانی کوردستان.

* لە سیاسەتدا لێدوان و لێکدانەوەی هەڵە هەیە. بواری ئەوەیش هەیە کە لێکدانەوەی هەڵە بۆ لێدوانێکی هەڵەش بکرێ. بەڵام سەبارەت بە هەردوو حاڵەتەکە بواریش هەیە بۆ راستکردنەوەیان، چونکە سیاسەت هونەری دەشێیەکانە. بەڵام ئەهلی جەنگی دەروونی ئیشیان کەمکردنەوەی دەرفەتی راستکردنەوە و قەبەکردنی هەڵەکانە. بۆئەوەی پردی متمانە لەنێوان حزب و سەرکردەکان و خەڵکدا نەهێڵن.
* دروستکردنی کەشی دردۆنگی لەناو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی کوردستان بە گوێرەی چارەنووس و ماف و پێگەیان لە دەوڵەتی کوردستانی سەربەخۆدا.

* گومان خستنە سەر توانا و ئازایەتی و گیانفیدایی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و وێناکردنی وەکوو میلیشیای حزبی و بێ توانا کە ئەگەر هاوکاری وڵاتان و فڕۆکەکانی ئەمریکا نەبوونایە بەرگەی داعشی نەدەگرت. ئەمە بۆیە دەکەن تاکوو خەڵکی کوردستان دڵنیا نەبێ لەوەی کە پشئەستوور بە پێشمەرگە سەربەخۆیی رابگەیەنێت. کە خانەوادەیەک لە ماڵەوە گوێ لەوە دەگرێ هێزی پێشمەرگە شەڕ بۆ حزبەکەی و سەرکردەکەی دەکات نەک بۆ خەڵک و نیشتمان.

یەکسەر لەدوای ئەمەش باسی هێرش و پەلاماری ئێران و تورکیا دەکرێ ئەگەر ریفراندۆم بکرێ، ئیتر لە جێی خۆیەوە تووشی نیگەرانی و دڵەڕاوکێ و ترس دەبێ. چونکە هەست دەکات پێشمەرگە داکۆکی لێ ناکا و لەگەڵ هەر هێرشێکدا گورگانخواردووی دەکات.

* پەیڕەوکردنی ئیرهابی فیکری و ئەخلاقی بەرامبەر هەموو حزبەکان و دروستکردن ناو و ناتۆرەی کەرامەتشکێن بۆیان. بۆ نموونە، دوکانی سیاسی، شاگردی پارتی، پارتییەکانی ناو یەکێتی، زیاتر و زیاتریشیان دەخەنە پاڵ بۆئەوەی دووچاری باری دەروونی خراپ و شڵەژانیان بکەن و ناچاریان بکەن لە هەموو یان بەشێکی هەڵوێستەکانیان پاشگەز ببنەوە.

* پشێوی خستنە بازاڕەوە کە ژیان و گوزەرانی خەڵکی پێوە بەندە. بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە کە نرخ بە گشتی یان هی هەندێ کاڵا بەرزبۆتەوە. یان فڵانە و فڵانە کاڵا لەبازاڕ نەماون. هەڵبەت خەڵکانی ناو تابووری پێنجی خۆیان دەنێرنە ناو بازاڕ و کامێرای یەک دوو تەلەڤزیۆنیشیان دوا دەخەندەن. سیناریۆکە ئاوا دروست دەکەن، ئەو خەڵکانە یەک دوو فەردە ئارد یان هەر کاڵایەکی تری سەرنج راکێش دەخەنە سەر پشتی عەرەبانەیەک و کامێراکەش وێنەیان دەگرێ و قسەیان لەگەڵ دەکەن. زۆر بە توڕەیی و شڵەژان و ترسەوە باسی ئەوە دەکەن کە کەلوپەل نەماوە. بازاڕ و نرخ گڕی گرتووە. نازانین چیمان بەسەردێ. سنوور دادەخرێ. شەڕ دەبێ.....هتد. ئەم دیمەنە لە رۆژێکدا چەندبارە دەکرێتەوە.

* گەڕان بەدوای هەر هەواڵێک یان لێدوانێکی نەرێنی لەبارەی ریفراندۆم و سەربەخۆییەوە ، بۆئەوەی چەندبارە بڵاوی بکەنەوە و چەند ئەوەندەی خۆی قەبەی بکەن و پێوەیهەڵبەستن. لەکاتێکدا دەیان هەواڵی ئەرێنی هەیە بەڵام بۆ یەکجاریش بڵاوی ناکەنەوە و پەردەی بەسەردا دەدەن.

کە لە روانگەی ئەم بابەت و کایانەوە تێبڕوانین، ئەوسا دەزانین لەماوەی سێ چوار ساڵی رابردوودا چ جەنگێکی دەروونی سەخت و بەئازار لەگەڵ خەڵکی کوردستاندا کراوە، بۆئەوەی ئیرادەی بشکێنن و ناچاری بکەن دەستبەرداری سەربەخۆیی خۆی بێ.



ئه‌م بابه‌ته 1311 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2017. westganews.com. All Rights Reserved.