چاومان لەسەر كابینەی نوێیە

‌ئیمان دەرباز


لەگەڵ دەستبەكاربوونتی نێچیرڤان بارزانی، وەك سەرۆكی ھەرێمی كوردستان، چاوەڕێ دەكرێت، پڕۆسەی پێكھێنانی كابینەی نوێی حكومەتیش بكەوێتە كار، ئێمەی ژن چاومان لەسەر یەكە بە یەكەی ھەنگاوەكانی كابینەی نوێیە، چاومان لەوەیە زۆرترین پێگەمان ھەبێت و سوود لە تواناكانمان وەربگیرێت.

بەداخەوە لە كابینەكانی رابردوودا، پێگەی ژن لە ئاستی باڵای حوكمرانیدا وەك پێویست نەبووە، بەقەد چالاكی و توانای ئافرەتانی كورد، پێگەیان پێنەداوە و رێگەیان لەبەردەم خۆشنەكردووە، بگرە ئاستەنگی زۆریش ھەبووە، لەو ھەموو وەزارەتە، تەنیا وەزارەتێك دراوەتە ژن، وەك بینیشتمان ئەو تاكە وەزیرە چ رۆڵێكی كارای ھەبووە لە كارەكەیدا.

لە كوردستاندا ھێشتا بواری بەردەم ژنان تەسك دەكرێتەوە و بگرە كۆسپیان لەبەردەم دروست دەكرێت، ئەوەش پەیوەستە بەو كولتوورەی كە لە دێر زەمانەوە بۆمان ماوەتەوە، لە باوەڕنەبوون بە توانای ژن، یاخود شەرمكردن لە پێدانی رۆڵ بە ژن، لە كاتێكدا توانای ژنانن زۆر لەوە زیاترە و ژنی كورد زۆر ئازا و چاونەترسە. بەداخەوە كولتووری كۆمەڵگە ھێشتا كاریگەری گەورە بەسەر پڕۆسەی سیاسی و حوكمرانییەوە ھەیە و بە ترسەوە بوار لەبەردەم ئافرەت دەكرێتەوە، ئەوەش كە ھەیە بەرای من لە شەرمی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رێكخراوەكانە، تا بە جیھان بڵێن، ئەوەتا دەرفەتمان بە ژن داوە، لە كاتێكدا لە ئاستی زۆر بچووكدایە و وەك پێویست نییە، ھێشتا پرۆسەی حوكمڕانی خۆی لەدەست دابونەریت دەرباز نەكردووە، بەڵكو پێیەوە پەیوەستە.

جیاكردنەوەی دابونەریتی كۆنی كۆمەڵگە و حكومەت و حوكمڕانی، ئەركی ئێمەی ژنە، پێویستە بە كار و كردەوەكانمان، بوونی خۆمان بسەلمێنین و ئەو سیحرە بەتاڵ بكەینەوە، كە متمانە بە ئافرەت ناكاتك پێویستە ئافرەتان خۆیان بەوە جیابكەنەوە، كە واز لە قسەی بریقەدار و دروشم بھێنن، بە كار و كردەوە، بە چالاكییەكانیان بسەلمێنن، كە تاكێكی كارای كۆمەڵگەن و لە پیاوان كاراترن، بەشێكی پیاوان خراپ سوود لە تواناكانی ئافرەت وەردەگرن كە وەك رۆبۆت بەكاریان دەھێنن و ئاڕاستەیان دەكەن و كۆمەڵگەی كوردی و سیستمی حوكمڕانی بە شامی شەریف نیشان دەدەن، بەڵام ئەوەی ھەیە لە ئاست داخوازییەكانی ژن نییە و پێویستە بە كردەوە، مافەكانمان بەرجەستە بكەین و پێگەی سیاسی و حوكمرانی و ئیداریمان فراوان بكەین. 

چاومان لەوەیە كابینەی نوێی حكومەتی ھەرێمی كوردستان زیاتر جێگەی ئافرەت بكاتەوە و دەستیان بگرێت و متمانەیان پێ ببەخشێت، چاومان لەوەیە سەرۆكی داھاتووی ئەنجوومەنی وەزیران پێداگیری لە مافەكانمان بكات و سوود لە تواناكانی ئافرەتان وەربگرێت لە كابینەكەیدا، ئەگەر رێژەیەكی بەرچاوی ژنان متمانە وەربگرن و لە پلە و پۆستی باڵای جیاوازدا كار بكەن، دەبێتە دەستكەوتێكی گەورە بۆ خودی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران، ئەمە كابینەكەی نۆیەم لە ھەموو كابینەكانی دیكە جیادەكاتەوە. پێویستە ئێمەی ئافرەتیش فشارەكانمان چڕتر بكەینەوە و تێبكۆشین لەپێناو فراوانكردنی رۆڵ و پێگەمان و سەلماندنی تواناكانمان.


AM:11:36:10/06/2019

ئه‌م بابه‌ته 2420 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی