حکوومەتێکی خەمخۆر و خەڵکێکی خەمسارد

‌هەرمن ئەحمد

کۆرۆنا لە کوردستانە
حکوومەتێکی خەمخۆر و خەڵکێکی خەمسارد

پێش ئەوەی پەتای کۆرۆنا بگاتە هەرێمی کوردستان، لێرە و لەوێ و تەنانەت لە میدیای فەرمی و لە سۆشیال میدیاشدا، هەمووان بێ متمانەیی خۆیان دەردەبڕی، هەمبەر بە تواناکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دەزگا پەیوەندارەکانی لە رووبەڕووبوونەوەی ئەو نەخۆشییە کە خەریکە هەموو جیهان بە خۆیەوە گیرۆدە دەکات. زۆربەمان گومانمان هەبوو لەوەی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، ئامادەکاریی گونجاوی بۆ کردبێت، خودی خۆم کە لێدوانێکی بەڕێز وەزیری تەندروستی (دکتۆر سامان بەرزنجی)م خوێندەوە، گوتبووی: ”ئامادەکارییەکانمان بۆ رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشیی کۆرۆنا، لە ئاستێکی زۆر بەرزدایە"، لای خۆمەوە گومانم کرد و گوتم: جەنابی وەزیر یان زیاد لە رادە گەشبینە، یاخود زیاد لەڕادە متمانەی بە خۆیەتی!

بەڵام دواتر کە کۆرۆنا هات، دەرکەوت ئەو متمانەبەخۆبوونەی حکوومەت لەجێی خۆیدا بووە، ئامادەکارییەکان تا ئاستێکی باش لە هەرێمی کوردستان هەبوون و هەن، دەرکەوت حکوومەت لە پرسی رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنادا، زۆر باش لە خەمی خەڵکدایە، بەڵام بەداخەوە ئەو خەڵکەی کە متمانەی بە حکوومەت نەبوو، خۆی لە خەمی خۆیدا نییە!

حکوومەت دەوامی زانکۆ و پەیمانگا و قوتابخانەکانی راگرت، تا قەرەباڵغی و کۆبوونەوەی زۆر و بەریەککەوتن نەبێت و منداڵ و کوڕ و کچەکانمان پارێزراو بن، کەچی دایکان و باوکان، منداڵەکانیان دەبەن بۆ سەیران و سینەما و مۆڵەکان و گەڕان.

پارێزگارەکانی شارەکان، پرسەیان لە هۆڵەکانی مزگەوت و ماڵان و ژێر چادرەکان راگرت، کەچی خەڵکانێک پێوەی پابەند نەبوون. 
حکوومەتی هەرێم، بە بڕیارێک کێشانی نێرگەلەی لە کافیتریاکاندا قەدەغە کرد، کەچی شەوانە خەڵکانێک لە ماڵی خۆیانەوە، بە پەیوەندیی تەلەفۆنی داوای نێرگەلەی دەلیڤەری دەکەن.

ساڵۆن و سەنتەرەکانی جوانکاری بۆ پاراستنی ژیانی خەڵک دادەخرێن، کەچی ساڵۆن و سەنتەرەکان رێکلام دەکەن کە هەر خانمێک جوانکارییی بوێت، ئامادەن تەواوی ستاف و ئامێر و کەرەستەکانی بۆ بنێرنە ماڵەوە.

حکوومەت بە بڕیار، باڕ و شوێنەکانی خواردنەوەی کحوولیی داخستووە، کەچی لێرەو لەوێ شەوانە مەجلیسی قەرەباڵغ و گەعدەی خواردنەوە رێک دەخرێت، ئەمە چ بیرکردنەوە و خۆپاراستنیکە!   

ئەنجوومەنی وەزیران، بە بڕیارێک بۆ ماوەیەکی کاتی، نوێژی هەینیی مزگەوتەکان و هەروەها سرووتە قەرەباڵغەکانی کەنیسە و پەرستگەکانی راگرت، کەچی بەشێک لە مامۆستایانی بەڕێزی ئایینی، وەک ناڕەزایی و تانەدانێک لەو بڕیارە، چوون نوێژی بەکۆمەڵیان لەبەردەم مزگەوتەکان و هەندێ شوێنی تر دابەست، ئاخر بەرپرسیاری بەرامبەر ژیانی خەڵک و سەلامەتیی کۆمەڵگە چۆن وا دەبێ!
حکوومەت بەردەوام لە رێی میدیاکانەوە، داوا لەو کەسانە دەکات کە لە ئێرانەوە هاتوون پەیوەندی بە کەرەنتینەکانەوە بکەن، کەچی خەڵکانێکی بێویژدان بە قاچاخ خەڵک ئامدیو دەکەن، یان خەڵکانێک لە ئێرانەوە هاتوون و خۆیان رادەست ناکەن!
کەسانیکی زۆریش لە سۆشیال میدیاوە، گاڵتە بەو رێکارانەی حکوومەت دەکەن و کردوویانەتە مایەی نوکتە و پێکەنین.

حکوومەت شەو و رۆژ، رێنوێنی بڵاو دەکاتەوە، کەچی زۆربەی خەڵک شەو و رۆژ، سەرپێچی لەو رێنوێنییانە دەکەن.   

   
جێی داخە کە کۆرۆنا گەیشتە هەرێمی کوردستان لە ڕێی ئێرانەوە، بەڵام زۆریش جێی خۆشحاڵییە کە دەبینین لە کوردستان رووبەڕووبوونەوە و ئامادەکاریی باش هەیە لەلایەن دەزگا پەیوەندارەکانی حکوومەتی هەرێمەوە. کێ لەو باوەڕەدا بوو، هەرێمی کوردستان بگاتە ئاستێک، کە لە ١٠ رۆژدا نەخۆشخانەیەک بەهاوکاریی کۆمەکبەخشان دروست بکات بەتایبەتی بۆ پەتای کۆرۆنا.

هەر بۆ ئاگاداریتان، لە هەندێ وڵاتی ئەورووپی کە حکوومەتەکانیان زۆر لە حکوومەتی ئێمە دەوڵەمەندتر و پێشکەوتووترن، دیمەنەکە تەواو پێچەوانەیە، واتە خەڵک لە حکوومەت زیاتر لە خەمدایە.       

دوێنێ نیوەڕۆ لەگەڵ هاوڕێیەکی کوردم کە لە نەرویژ دەژی، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیم بۆ ئەحواڵپرسی کرد، بێ شک گرنگترین پرسی هەموو گفتوگۆیەک، لەو رۆژانەدا پەتای کۆرۆنایە، لەبارەی نەرویژەوە ئەو هاوڕێیەم گوتی: ”زۆر سەیرە، لێرە لە نەرویژ، خەڵک هەمووی گلەیی دەکات و زۆر دەترسێن لە پەتای کۆرۆنا، کەچی حکوومەت زۆر لە خەمدا نییە!"

لە بەلجیکا، کە من لەوێ دەژیم، ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا  تا نووسینی ئەم وتارە گەیشتووەتە پتر لە ٢٠٠ تووشبوو، کەچی هیچ رێکارێکی حکوومەت هەستی پێ ناکرێت و خەڵکیش زەندەقی چووە و خۆیان خۆیان دەپارێزن.
لە ئیتاڵیا، تا بە خۆیەوە هەموو ئەورووپاشی تووش نەکرد، رێوشوێنێکی ئەوتۆ نەگیرایە بەر.

دوای هەموو ئەم قسانە، ناچارم لە زاری حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە وەک کورد دەڵێ، بڵێم: من بۆ تۆمە، ئەی تۆ بۆ کێتە؟ 


PM:07:09:10/03/2020

ئه‌م بابه‌ته 2712 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی