100 ڕۆژ و 100 هیوا
هەرمن ئەحمد
لی كوان یوو، یەکەمین سەرۆک وەزیرانی سەنگافوورە (1923 - 2015) کە بە (دامەزرێنەری دەوڵەتی سەنگافوورە و گوێزەرەوەی ئەو وڵاتە لە جیهانی سێیەمەوە بۆ یەکەم)، ناودێر دەکرێ، له گوتهیهكدا دهڵێت: "كاتێ كه پۆستی سەرتۆپی دهسهڵاتم له وڵاتێكی ههژاری وهك سهنگافوورە وەرگرت، پێش هەموو شت بایهخم به بووژانەوەی كهرتی ئابووری دا زیاتر له سیاسهت، بایهخم به مامۆستا و پرۆسەی پەروەردە و خوێندن دا زیاتر له یاسای حوکمڕانی، قوتابخانەی باشم دروست کرد، زانکۆی پێشکەوتووم بنیات نا، بایهخم به ژینگهی وڵات و زیادکردنی سەوزایی دا".
فەلسەفەی بەڕێوەبردن و شێوازی حوکمڕانیی ئهو سیاسەتوانە ئهفسانەییەی كه سنگافوورەی گۆڕی، هێنده ئاڵۆز و قورس نهبوو، بەڵکوو زۆر بە سادەیی دەڵێت: "سەرەتا ههموو پێیان دهگوتم، چاكسازی کارێکی فرە ئاستەمە و به هیچ شێوهیهك ناكرێ، بەڵام من کۆڵم نەدا و پێداگریی زیاترم کرد، ڕووم كرده مامۆستاكان و پێم گوتن: بەڵێن بێت من دهوڵهت دروست ئهكهم، ئێوهش بەڵێن بدەن مرۆڤ و هاووڵاتیم بۆ دروست بكهن".
شرۆڤەی ئەم قسانەی سەرۆک وەزیرانی سەنگافوورە بۆ خوێنەری ئازیز جێ دەهێڵم.
ههڵبهت گەندەڵی لە زۆر وڵاتی دونیادا هەبووە و هەیشە، هەمووشمان دەزانین چ دەرد و بەڵایەکی سیاسی، ئابووری، کارگێڕی، کۆمەڵایەتی، دەروونی و کولتووری بەدوای خۆیدا دێنێ، سەرکردە و رابەران و حوکمڕانانی هەندێ وڵات شێلگیرانە و سەرسەختانە رووبەڕووی بوونەتەوە و تا ئاستێکی باش ئەو دەردەیان لە کۆمەڵگە و وڵاتەکانیاندا بنبەبڕ کردووە، بەپێچەوانەوە هەندێ وڵات و کۆمەڵگە بەهۆی رووبەڕوونەبوونەوەی گەندەڵییەوە، بەرەو داڕمان و پووکانەوە و وێرانبوون چوون.
مەخابن هەرێمی کوردستانیش (بە دانپێدانانی بەشێکی بەرچاو لە خودی بەرپرسە باڵاکانی وڵات و ئاگاداریی میدیاکان و تەواوی کۆمەڵگەی کوردستانی لە باشوور) یەکێکە لەو قەوارانەی دونیا، کە لە سەرەتای دامەزراندنی ئەزموونەکەیەوە، وێڕای هەر پێشکەوتن و گۆڕانکارییەکی ئەرێنی، گەندەڵییش لەگەڵیدا پەرەی سەندووە و تا ئێستاش یەکێکە لە نەخۆشییە مەترسیدارە گەورەکان کە بەرۆکی ئەزموونەکەی گرتووە، بۆیە دەکرێ راشکاوانە بڵێین: هەرێمەکەمان دواكهوتووه له چارهسەرنهكردنی گهندهڵی، ئیدی وەختیەتی.
ماهیهتی چاكسازی یان پاكسازی، به مانا سادهكهی گۆڕینی دۆخه نهرێنییهكانه بهرهو ئهرێنی، ئەمەش بە پرۆسەیەکی هێمن و لەسەرخۆ و دیراسەتکراو دەکرێت کە وەک سەرەتا چوار فاکتەری گرنگی پێویستە؛ یەکەم: بوونی ئیرادە... دووەم: بڕیار.. سێیەم: پلان.. چوارەم: جێبەجێکردن.
لەم رۆژانەدا بەوردی زیاتر لە جارێک گوێم لە وتاری رێزدار مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرت، کە بەبۆنەی تێپەڕبوونی 100 رۆژ بەسەر دامەزراندنی کابینەکەی (کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان)دا بڵاوی کردەوە، بۆ من ئەوەی زۆر گرنگە ئەوەیە، سەرۆک وەزیرانی کوردستان، لە رۆژی سوێندخواردنی و خوێندنەوەی کارنامەی کابینەکەیەوە تا دوایین وتاری، هەست دەکەم دەمێ کە بۆ خەڵکی کوردستان دەدوێ، سادە و راستگۆیانە و دوور لە رۆحی دروشمبازی دەئاخڤێت، ئەوەشی کە زۆر بەجدی پێداگریی لێ دەکات، ئەم خاڵانەن: (ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، پێوەندیی باش و پڕگفتوگۆی بەرهەمدار لەگەڵ بەغدا بۆ ئەوەی ماف و شایستە دارایی و سیاسییەکانی خەڵکی کوردستان نەفەوتێت، هەمەجۆرکردنی ئابووریی کوردستان و سەرچاوەکانی داهات و رێکخستنەوەی خەرجییەکان، بە سەنتەرکردنی هاووڵاتی وەک چەقی بایەخەکانی حکوومەت هەروەک لە دواوتاردا رای گەیاند: ”دەبێ حکوومەت لە خزمەت هاووڵاتیاندا بێت نەک بەپێچەوانەوە"، هەروەها گوتیشی: ”سهد ڕۆژ تهنیا دهسپێكه، ئومێدمان زۆره حكوومهتی ههرێمی كوردستان له ئاست چاوهڕوانیهكانی ئێوهدا بێت".
پێداگریی خودی سەرۆک وەزیران لەسەر ”چاکسازی و پاکسازی و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی" لە هەموو وتارەکانیدا و هەروەها ئەو زانیارییانەی لەبارەی پلان و بڕیارەکانی حکوومەت لەوبارەیەوە درکاندی، دوو راستیمان بۆ دەردەخات:
یەکەم: لای کابینەی نۆیەم، فاکتەرەکانی پرۆسەی بەگژاچوونەوەی گەندەڵی لە 100 رۆژی یەکەمی تەمەنیدا، هەندێکیان هەن و هەندێکیان وا گەڵاڵە دەبن (ئیرادە و بڕیار) هەن و (پلان و جێبەجێکردن) کاری جدییان تیدا دەکرێت.
دووەم: وەک چۆن گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان تەمەنی درێژە، ئاوهاش رووبەڕووبوونەوەی پرۆسەیەکی دریژخایەن و ورد و بەرنامە بۆداڕێژراوی گەرەکە، دەگوترێت:”زانینی نەخۆشییەکە، نیوەی چارەسەرەکەیەتی".
کەواتە ئیستا ویستێکی بەهێز بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، ئەوەشی جێی خۆشحاڵییە ئەم ویستەی حکوومەتی و سەرۆک وەزیرانەکەی، لەگەڵ ویستی خەڵکی کوردستاندا بەگشتی و میدیا کوردستانییە نیشتمانپەروەرەکاندا، یەک دەگرێتەوە، ئەمەش دەرفەتەکەی بۆ چاکسازی و پاکسازی زێڕینتر و گرنگتر کردووە.
ئەمە جیا لەوەی، ئەم ویستەی حکوومەت لە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و کار تێداکردنی، چەند ئامانجێکی گرنگتر دەپێکێت، بە مەرجێک پرۆسەکە گشتگیر بێت و هەموو ئاستێکی بەرپرسیاری و ناوچەکانی کوردستان بگرێتەوە و لە پرۆسەکەدا، کێشەی دووزۆنیی شاراوە نەبێتە گرفت و هەروەها لانی کەم حزبە بەشدارەکانی حکوومەت بەتایبەتی (یەکێتی و گۆڕان) خۆیان لە سەنگەری خەڵکدا ببیننەوە و پشتیوانی چاکسازییەکانی ئەو حکوومەتە بن کە خۆیان بەشێکن لە پێکهێنەرە سەرەکییەکانی.
ئەو ئامانجانەی دواتر هێدی هێدی لە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیدا دەیبینین، یەکەم: دادپەروەریی کۆمەڵایەتییە کە دیسان بەسەنتەرکردنی هاووڵاتی دەگرێتەوە، دووەم: گەڕاندنەوەی بڕێکی زۆر لە داهاتە بۆ خەزێنەی حکوومەت و دواتر خەرجکردنی لە پرۆژە خزمەتگوزارییەکاندا، سێیەم: بەرەوپێشچوونی ئابووریی کوردستان و بەرگەگرتنی باشتری قەیرانەکان، چوارەم: رێکخستنەوەی داهات و خەرجی، پێنجەم: سەروەرکردنی یاسا و ترساندنی ئەوانەی دەیانەوێ گەندەڵییش بکەن و سنگیش دەرپەڕێنن، لە ڕاستیدا نابێ چیتر مۆڵێکی گەورە یان کۆمپانیایەکی گەورەی کوردستانی داهاتی رۆژانەی ملیۆنان دۆلار بێت و پارەی ئاو و کارەبا نەدات و بە فرتوفێل خۆی لە دانی باجیش بدزێتەوە، ئەمە دزییەکی گەورەیە لە خەڵک ئنجا لە حکوومەت.
لە کۆتاییدا دەڵێم: پاش 100 رۆژ، هەموومان 100 هیوامان لەسەر ئەم حکوومەتە هەڵچنیوە، کە کوردستانمان بەهێزتر و رێکخراوتر و دامەزراوتر و پێشکەوتووتر بکات، هیوادارین هەمووان هاوکار بن بۆ ئەوەی هیچمان بێ هیوا نەبین.
PM:12:05:13/12/2019
ئهم بابهته 4540
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی