چيرۆکی کارەساتی 27ی شۆباتی زاخۆ

‌هیڤیدار ئەحمەد


باوکم لەگەڵ ئەبوسەدیق بەڕەحمەت بێ، شەریکی یەکدی بوون لە کاری بازرگانیدا، رێککەوتن کە کاژێر 9:10ی رۆژی دواتر واتە 27ی شۆباتی ساڵی 1995، لە سەری بازاری دولار فرۆشانی زاخۆ یەکدی ببینن.
من ئەو کات قوتابی بووم لە پۆڵی دووەمی ناوەندی.
لەبیرمە دەرسی کێمیامان هەبوو، ست نەزاهەت هاتە ژۆرێ، من دوو رەحلە پێش کۆتای لەریزی ناوەندەوە دانیشتبووم، پەنجەری سەفەکەمان دەستکەکەی تێکچووبوو، بەردێکمان لەبەردانابوو تاوەکو نەبێتەوە...
هێشتا وانەکە دەستپێنەکرابوو، دەرگا و پەنجەرەی هۆڵی خوێندن بوویەوە، ئەو بەردەی لەبەر پەنجەرەکەبوو، لە تەنیشت من کەوتە خوارەوە... دەنگێکی زۆر بەهێز هات... باش لە بیرمە مامۆستایەکەم دەستی لەسەر سینگی دانا و گوتی "بیسمیللا"... هەموومان رامانکرد بو دەرەوە، تەماشا دەکەین دۆکەڵەکی یەکجار زۆر گەورە بەسەر ئاسامانی زاخۆ بەرزبووەتەوە...
مەوعیدی باوکم وەبیرم هات، شوێنی مەکتەبی ئێمە کە ناوی "بەدرخان"بوو لەگەڵ بازاری دوڵار فرۆشان، زۆر نزیک بوو، بەراکردن لەگەڵ ئامۆزای خۆم "عیماد خالید" ئەویش لەو مەکتەبە بوو، بەرەو بازاری دولار فرۆشان رۆیشتین، تەماشا دەکەین چاڵێکی یەکجار گەورە لەبەردەم خۆمدا بینیم! دوکانەکان سووتاون...پارە لەسەر شەقامەکە بڵاوبوونەتەوە... عیمادی ئامۆزام دەڵێ "هیڤیدار هیڤیدار تەماشای بکە.. تەماشا دەکەم خەڵکی شارەکەم وەکو رەژۆ سوتاون بوونەتە خەلۆس، منداڵەکانی شارەکەم کەکاری بۆیاغی پێڵاویان دەکرد، تەرمییان لەوێ کەوتوون" لەو لا کەسێک دەرکەوت هاواری دەکات، لاقی فڕیوەو خوێنی لێ دەڕوات، دەم و چاوی سووتاون.. 
هەرچوار دەوری بازارەکە ئاگری لێ دەبارێ و مرۆڤەکان هەر دەسووتێن....
هێشتا کەس نازانێ ئەمە چییە روویداوە...
بەڵام دەنگی پیاو وئافرەت و خەڵکی دەھات و دەگریان و لە خۆیاندەدان.
مانگی رەمەزان بوو، سێ رۆژ بو جەژنی رەمەزان مابوون، خەڵک سەرقاڵی کڕینی چوکلیت و جل و بەرگی جەژن بوون بو منداڵەکانییان..
من بویە رۆیشتم بەدوای باوکی خۆمدا گەڕام گوتم ئەویش یەکێکە لە قوربانییەکان، چونکە دروست لەو کاتەی رووداوەکە روویدا لەوێ باوکم مەوعیدی هەبوو...
بەڕاکردن گەڕامەوە بو ماڵ... ماڵی ئێمەش نزیکی نێو بازاربوو، بینیم باوکم لە حەوشەکە وەستاوە، گریام.. ئەویش گریا.. دایکم نەیهێشتبوو بچێ بو مەوعیدەکەی و هەر دەیگوت، جارێ مەڕۆ... تەمەن بەدەستی خوایە.
بەڵێ کارەساتی 27ی شوبات بوو، یەکەمجاربوو لە مێژۆی کوردستان ئۆتۆمبێلی تی ئێن تی کراو دەتەقێ، لە زاخۆ ئەمە روویدا...
100 کەس شەهید بوون لەو رووداوەدا... منداڵ، کرێکار، گەورە و بچۆک... خوێنی هەر هەموویان تێکەڵی یەک ببوون...
خەڵک بەرەو گۆڕستان رۆیشتن...
دوای سێ رۆژ جەژن هات، خەڵکی زاخۆ بو نوێژی جەژن زۆربەی هەرە زۆرییان روویانکردە سەر گۆڕستانەکە و ئەوانی نەهاتبوون، ئەوان هاتبوونە سەر سەربانەکانی ماڵی خۆیان و چاوییان لە گۆڕستانەکەبوو، مەلا ئەحمەد شرنەخی گوتاری نوێژی جەژنی خوێند و گوتی "شەهیدەکان، جەژنی ئێوە پیرۆز بێ"، یەکسەر دەنگی گریانی ژن و پیاوەکان بەرزبوویەوە.. قەت ئەو مەشهەدە لەبیرم ناچێ...
حەوت رۆژ ماتەمینی راگەیێنڕا، ئەو کات گەرمەی شەڕی براکۆژی بوو، خەڵک هەمووی هاواریکرد خوایە حەقی ئەو خەڵکە بێ گوناهـ و مەزلۆمە بزر نەکەی... ئێستاش هەر ئەو دوعایە دووبارە دەکەینەوە...
ساڵانە لەو کاتەدا بەهۆی ئەو رووداوە قیزەونە، تووشی هەمان سەدمە دەبین و وا دەزانین ئێستا روویداوە...
خوایە ئەم وڵاتە هەمیشە بپارێزی...
هیڤیدار ئەحمەد


PM:12:33:27/02/2021

ئه‌م بابه‌ته 1268 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی