کاک نێچیرڤان و کاک مەسروور

‌هیڤیدار ئەحمەد


دەڵێن کاتی خۆی کە بارزانی نەمر لە ئەمریکا بوو دۆخی تەندروستی باش نەبوو، ئەو کات لەنێو پارتییەکان و خەڵکی دیکە کە لە ئێران بوون، گوتیان دوای نەمانی مەلا مستەفا بارزانی، پارتی و کورد لەنێودەچن و کوڕەکانی بەتایبەت کاک ئیدریس و کاک مەسعود لەگەڵ یەکدی تەبانین و هەردووکیان شەڕیانە لەسەر ئەوەی کێ شوێنگرەوەی بارزانی نەمر دەبێت؟

بەڵام دوای کۆچی بارزانی نەمر، کە کاک مەسعود گەڕایەوە و کۆنگرەی حیزب کرا، ئەو بنەماڵەیە ئەوەندە تەبابوون، کاک ئیدریس یەکسەر گوتی، کاک مەسعود دەبێتە کەسی یەکەمی حیزب و هەرواش بوو. ئەوەی چاوەڕێی لەنێوچوونی پارتی بوون، خەونەکانیان بەتاڵ بوون.

ئێستاش ئەو قسەیە هەر دەکرێت، دەڵێن دوای جەنابی سەرۆک بارزانی کوڕەکانی کاک مەسعود و کاک ئیدریس کودەتا لەسەر یەکدی دەکەن!
هەندێ راستیم بە چاوی خۆم بینیوە، لێرە باسی دەکەم و دەینووسم.

فەرماندەیەکی سەربازیی پارتی شەوێک لە بەرەکانی شەڕی دژ بە داعش لە دەورووبەری شنگال بەمنی گوت "لە کۆنگرەی 13ی پارتی کە لە کۆتای ساڵی 2010 لە هەولێر کرا، پێش بەستنی کۆنگرە زۆرترین قسە لەسەر بوونی ناکۆکی نێوان کاک نێچیرڤان و کاک مەسروور هەبوو، منیش رۆژێک چوومە لای جەنابی سەرۆک و پێمگوت قوربان ئەم قسانە هەیە و بۆ ئێمە زۆر ناخۆشە. ئەو سەرکردەیە گوتی "جەنابی سەرۆک بەمنی گوت با پێتبڵێم، کاک نێچیرڤان ئێستا دێت لەبەردەرگای من پاسەوانی من دەبێت، کاک مەسرووریش پاسەوانی کاک نێچیرڤان دەبێت".
ئەم قسەیە لە کۆتای کۆنگرە، جەنابی سەرۆک بارزانی خۆی کردی و گوتی "منداڵەکانی کاک ئیدریس وا پەروەردەنەکراون گوللە بۆ کوڕی من بێت، کوڕی ئیدریس خۆی نەداتە بەرێ، یان بۆ کوڕی ئیدریس بێت و کوڕی من خۆی نەداتە بەری".

ساڵێک لەمەوبەر، برادەرێکی من سەردانی کاک مەسرووری کردبوو، باسی پەیوەندییەکانی نێوان ئەو و کاک نێچیرڤان کرابوو، کاک مەسروور گوتبووی "لەم دنیایە تەنیا من بە کەڵکی کاک نێچیرڤان دێم و تەنیا کاک نێچیرڤان بە کەڵکی من دێت".

رۆژی 31-7-2019 یەکەمجارە بەشداری مەراسیمی یادی ئەنفالی بارزانییەکان دەکەم لە بارزان. کە گەیشتمە ئەوێ، تیمی پاسەوانەکانی کاک نێچیرڤان و کاک مەسروور پێکەوەن و شوێنی مەراسیمەکە دەپارێزن، تیمی پڕۆتۆکوڵی هەردووکیان پێکەوە بەخێرهێنانی میوانەکان دەکەن و شوێنیان بۆ دابیندەکەن.

تەنانەت دوو برادەرم بینی، یەکێک لە ئۆفیسی کاک نێچیرڤان و ئەوی دیکە لە ئۆفیسی کاک مەسروور بوو، کە یەکدییان بینی سەرشانی یەکدییان ماچکرد.

ژن و منداڵ و نەوەکانی ئەنفالکراوەکانی بارزانییەکان لەوێ بوون، ئەوان بۆیە ئەنفالکران، چونکە کوردبوون، لەنێو کوردیش بارزانی بوون، بەڕاستی چونکە دڵسۆزی بارزانی نەمر بوون.

ئێستا دوای کوڕەکانی بارزانی نەمر، نەوەکانی جڵەوی دەسەڵاتی کوردستانیان لەدەستە، خەڵک لەبەرئەوان لەوێ بوون، ئەوانیش لەبەر خەڵکی خۆیان کە پشت و پەنای ئەوانن لەوێ بوون.

ئەوەی لەنێو پارتیدا کاربکەت، ئەو بیروباوەڕەی بۆ دروستدەبێت، کە دەسەڵات لەدەستی بنەماڵەی بارزانیدا بێت، ئەوا کوردستان لەدەستێکی ئەمیندایە.

لە 2013 دیپلۆماتکارێکی گەورەی ئەمریکا سەردانی منیکرد و دوای دوو کاژێر لە گفتوگۆکردن لە کۆتای بەمنی گوت "گەورەترین کێشەی ئێمە لە عێراق، مەسعود بارزانییە، چونکە زۆرجار بە ئێمە دەڵێ (نە) و خەڵکیش گوێی لێدەگرن".

بۆیە لەکاتی پێشکەشکردنی گوتارەکەیدا لە 36ـەمین ساڵڤەگەڕی یادی ئەنفالی بارزانییەکان، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتی، یەکەمجارە لە مێژووی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆمبی ناپاڵم لە دەڤەری بارزان بەکارهات "عەرەب، تورک، فارس و ئینگلیزەکان هەموویان هەوڵی لەناوبردنی بارزانییەکان داوە، بەڵام خودا حەقە و بەشێوەیەکی بەهێز هێشتوویانەوە''.

کاک نێچیرڤان بارزانی لە گوتارەکەیدا ئەوەشی باسکرد "خودانی بارزان (شێخ ئەحمەدی بارزان) دوای 9 ساڵ لە زیندان ئامادەنەبوو نامەیەک بو مەلیک بنووسێ و داوای لێبووردنی لێبکات".

ئەمە بەکردەوە و لەسەردەمی خۆشمان لە بارزانییەکان بینییوە، دوای ساڵێک لە رووداوەکانی 16ی ئوکتۆبەر، جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی سەردانی بەغدای کرد، خەڵک وایزانی بارزانی دەچێتە بەغدا و دەڵێت توو خوا ببوورن و هەڵەمکرد! کە گەڕایەوە نووری مالیکی، سەرۆکی حیزبی دەعوە کە دوو خول سەرۆکوەزیرانی عێراق بوو، گوتی "بارزانی بەرامبەر بە جیابوونەوە لە عێراق هیچ نەگۆڕاوە و هەر لەسەر بیرکردنەوەی خۆیەتی". 

دوای دەستبەکاربوونی کابینەی نویەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، قسە و باسی زۆر کرا، کە کاک مەسروور دەیەوێت کۆتایی بە سەردەمی نێچیرڤان بارزانی بهێنێت. گوتیان گوتارەکەی بەشێوەیەک بوو، کاک نێچیرڤانی ناڕەحەت کردووە! تەنیا بو زانیاری بەڕێزتان، ئەو گوتارە پێش ئەوەی کاک مەسروور بیخوێنێتەوە بۆ کاک نێچیرڤانی ناردبوو. بەبێ یەکدی هیچ بڕیار نادەن و هەردووکیشیان بەبێ جەنابی سەرۆک بارزانی هیچ هەنگاوێک نانێن. 


PM:02:40:07/08/2019

ئه‌م بابه‌ته 4660 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی