چ روودەدات؟

‌هیڤیدار ئەحمەد

حەوت مانگ ئەو ماوەیە بوو، پارتی لەگەڵ یەكێتی دانوستاندنی وردی كرد، دوو جار لەنێو "ماڵی" یەكێتی رێككەوتنی ئیمزاكرد. بەڵام لە خولەكی كۆتایی دوای حەوت مانگەكە، برادەرانی یەكێتی گەڕانەوە بۆ خاڵی سفر. بەڵام هێشتاش دەرگای نوێ دەكرێنەوە.

دەنگنەدانی یەكێتی بە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان ، پێشبینیكراوبوو، چونكە لە ماوەی ئەو حەوت مانگەدا یەكێتی چەندین جار لەگەڵ پارتی رێككەوتووە و پەشیمان بووەتەوە. پارتی بەم هەنگاوەی یەكێتی ناڕەحەت بووە، بەڵام ئەوە نییە دەستبەرداری یەكێتی ببێت. تاوەكو دەكرێ تووند جارێكی دیكە دەستی یەكێتی دەگرینەوە. قۆناخی خۆش و ناخۆشمان پێكەوە دەربازكردوون .

رەنگە ئەم كێشەیە ئاسانتر لە هەموو كێشەكانی دیكە چارەسەر ببێ، ئەویش لەبەرئەوەی ئامانجی سەرەكی پارتی ئاشتەوایی و سەقامگیری كوردستانە، ئەگەر نرخەكەی چەندە گەورەبێ، ئامادەین بیدەین بۆ ئەوەی ئەم قەوارەیە بەهێز بمێنێتەوە.

وەك سەركردەیەكی ئەو حیزبە دوای تەواوبوونی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بەمنی گوت " یەكێتییەكان دوو رێگەیان لەبەردەمە، یان دابڕان لە پارتی، یانیش رێككەوتن". گوتی "دابڕان پێش هەمووان لەبەرژەوەندی خودی یەكێتی نییە. هەرچەندە دەنگی ئەوەش لەنێو یەكێتی هەیە كە كۆتایی بەهەموو شتێك بێنین لەگەڵ پارتی". بە بۆچوونی من، ئەوە بۆچوونێكی مام جەلالانە نییە و ناشبێ ئەو بۆچوونە لەنێو حیزبێكدا هەبێ كە ناوی "یەكێتی نیشتمانی كوردستان"ە.

شایەتی ئەوە بۆ فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان دەدەم، كە لەگەڵ ئەو بڕیارەی حیزبی خۆیان نەبوون، ئەوان زیاتر لەگەڵ تەبایی و پێكەوە كاركردنن ، چونكە پێكەوە لە پەرلەمانی كوردستان كاردەكەین . بەڵام سەرئەنجام بەناچاری ملكەچی بڕیاری حیزبەكەیان بوون .

لە هەڵبژاردنی 30/9/2018ی پەرلەمانی كوردستان دەنگی ملیۆنێك و 567 هەزار و 547 دەنگدەر هەژماركران. لە هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەنێو پەرلەمان (یەكێتی، كۆمەڵی ئیسلامی، نەوەی نوێ، یەكگرتوو، شیوعی) دەنگی هەموویان دەكردە 644 هەزار و 18 دەنگ ، كە دەكاتە 42 كورسی نێو پەرلەمان. بەڵام دەنگی پارتی بەتەنیا لە دەنگی ئەو پێنج لایەنە زیاترە، ئەویش 686 هەزار دەنگبوو ، دەنگی (پارتی، گۆڕان، نەتەوەكانی دیكە و سەردەم) نزیكەی 902 هەزار دەنگ بووە كە دەكاتە 69 كورسی نێو پەرلەمان .

كاك نێچیرڤان بە دەنگی 68 ئەندامی پەرلەمان بووە سەرۆكی هەرێمی كوردستان كە نوێنەرایەتی 902 هەزار دەنگدەر دەكەن.

نێچیرڤان بارزانی، دەبێتە سەرۆكی ئەوەی دەنگی پێداوە و ئەوەی دژیشی بووە، سەرۆكی هەموو هەرێمی كوردستانە و بەناوی خەڵكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغدا و دەرەوە قسە دەكات و بەرگری لە مافی خەڵكی كوردستان دەكات. بەوەش ناسراوە كە ئەو گرێیانەی بە دەست و ددان نەكرێنەوە، لای ئەو بە ئاسانی دەكرێنەوە .

یەكێتی و پارتی جگە لە دیالۆگ هیچ رێگەیەكی دیكەیان لەبەردەمدا نییە، كاك نێچیرڤان "چەتری یەكڕیزی و كۆكەرەوەی سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەكان دەبێت ".

جەنابی سەرۆك بارزانیش لەهەموو كەس زیاتر قیمەتی "ئاشتەوایی و تەبایی" دەزانێت. واتە لەنێو پارتیدا ئاراستەی چارەسەركردن لەگەڵ یەكێتی لەهەموو ئاراستەكانی دیكە زاڵترە. چاوەڕێی ئەو ئاراستەیە لەنێو یەكێتیش دەكەین.

ئەوەی لە پەرلەمانی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان روویدا، كە یەكێتی نەهات و دەنگینەدا، كێشە گەورەكەی بەردەم هەرێمی كوردستان – عێراق نییە، نا ئەوە كێشەكە نییە. كێشەی كوردستان لەگەڵ عێراق و دەورووبەرە، كێشەی كەركووك و سووتاندن و بەعەرەبكردنی ناوچە كوردستانییەكانە، كێشەی جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستووری عێراقە.

دەبێ بیر لەوە بكەینەوە چۆن كێشە یاخود قەیرانەكانی نێو خۆمان چارەسەر بكەین، بۆ ئەوەی دەرەقەتی قەیرانی دەرەكی بێین كە بەسەر كوردستان و ناوچەكەدا دێن .

راستە حەوت مانگ بەسەر هەڵبژاردندا تێپەڕیون، بەڵام ئەوەی ماوە زیاترە، پێكەوەكاركردنە لە حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە مامەڵەكردن لەگەڵ بەغدا، لەهەموویان گرنگتر، چارەسەركردنی دۆخی كەركووك و ناوچە دابڕێنراوەكانە .

ئەگەر بەحەز بوایە، حەزمان دەكرد یەكێتی نەبووایە، بەڵام یەكێتی هەیە، لەنێو یەكێتیش ئەو حەزە هەیە كە دەبووایە پارتی ئێستا نەمابووایە، بەڵام پارتی هەیە و دەمێنێتەوە و بەهێزتریش دەبێت . ئیدی سەرباری جیاوازی لە تێڕوانینی پارتی و یەكێتی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، بەڵام چونكە هەردوو حیزب هەن، جێگرەوەی رێككەوتن لەنێوان پارتی و یەكێتی تەنیا "رێككەوتنە".


PM:03:37:29/05/2019

ئه‌م بابه‌ته 5424 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی