ئەگەر یەکێتی نوێبێتەوە!

‌ئیبراهیم عەباس

بەستنی گۆنگرەی چوارەمی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، ئەگەر بەکرار بەدیهێنەری گۆڕانکاری ناوخۆی ئەو حزبە بێت، راستەوخۆ بەدیهێنەری کەمێکیش گۆڕانکاری ئەبێت لە سیاسەت و حوکمڕانی هەرێمی کوردستان، چونکە راستکردنەوەی باری لاری ناوخۆی یەکێتی، ئەگەر رێگایەکیش نەبێت بۆ چارەسەری ئەم دۆخە شێواوەی کوردستان، ئەشێت هۆکارێک بێت بۆ چیتر نەشێوانی دۆخی سیاسی و حوکمڕانی هەرێمی کورستان.

ئەزانم ئەوەی دۆخی کوردستانی شەپڕێوکرد یەکێتی بوو، هەر یەکێتیش بووەتە گۆچانی راگرتنی ئەم شپڕێویە، بەڵام پرسیارە جەوهەریەکە ئەوەیە کێ لە یەکێتی بووە هۆکاری خراپکردنی حوکمڕانی کوردستان و بەردەوامیدانی؟ بێگومان بەپلەی یەک مەکتەبی سیاسی‌ و ئینجا ئەندامانی سەرکردایەتی، کە بەشێکیان بەئاشکرا ڕایان کردە ناو پارتی و بەشێکی دیاریشیان بەئاشکرا بۆنی پارتی بوون لە دەمیان دێت و زۆریشیان لەژێرەوە کار بۆ پارتی یان لانی کەم ئەجنداکانی پارتی ئەکەن.

کەواتە ئەگەر یەکێتی نوێ بێتەوەو نوبوونەوەکەش لەسەر ئەساسی هەڵبژاردنێکی کەمێک پاک بێت، ئەشێت تا ئاستێکی زۆر هەم خۆیان لەژێر چەپۆک و هەیمەنەی پارتی دەربازبکەن و گەر مەبەستیشیان بێت خزمەتێکی دۆخی سیاسی و حوکمڕانی هەرێم بکەن.

لەهەردوو بارەکەشدا دەرفەتێکە لەبەردەمیان، بەڵام بێ نوێبوونەوەو سنوردارکردنی بەرپرسیاریەتی بەرپرسانی ئێستایان، ناتوانن گرەو لەسەر باشتر بوونی دۆخ و ژیانی سیاسی حزبی و رێکخراوەیی خۆیان و حوکمڕانی هەرێم بکەن.


PM:02:34:06/12/2019

ئه‌م بابه‌ته 4240 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی