ڕاپەڕین لەپەنجەرەیەکی کانێسکانەوە

‌هەوراز محەمەد

لە کانێسکان، لەکەلەگیەکەی ماڵی وەستا جەلالی حەدادی باپیرم، لەگەڵ پۆلێک لە منداڵ و ژنانی کەس و دەرودراوسێ کۆببوینەوە، ژورەکە تاریک بوو، پەنجەرەیەک ئەیڕوانی بەسەر حەوشە و دەرگا شینە سێ تاکیەکەی کۆڵانا، تاکێکی دەرگاکە کراوە بوو، ئەو بەیانیە وەک هیچ بەیانیەکی تر نەبوو، شڵەژانێکی ناوەکی و خورپە و دڵخۆشیەکی سەیر، دەنگی دوعای بەشێک لە ژنەکان و نانکردنی نەنکم و پورەکانم، بێ حەوسەڵەیی باپیرم کە شکۆیەکی بێوێنەی هەبوو لەو دەستە رانکوچۆخە شینکیەی بەریەوە، کە بە ژورەکەدا دەهات و دەچوو، دەنگی ئێزگەکەش وەک هەموو رۆژێکی تر، بەڵام ئەم بەیانیە بە دەنگێکی بەرز و بێ ئەوەی کەس بڵێ کزی بکە دارو دیوار گوێی هەیە..

دەنگە بەسۆزەکەی دایکە حەپسەی داپیرم لەسەر تەنورەکەوە لەگەڵ کڵپەی ئاگر و تەپەتەپی گونک پانکردنەوەی پورەکانم و دەنگی رادیۆکەش دەگەیشتە گوێی هەموومان کە دەیگوت (ئۆه خوا مەحفوزانکات رۆڵە، خوایە جەرگ سوتاوم نەکەیت) دوای کەمێکیش ئەیوت (ئۆه بە کۆی زوخاڵ بن، تاقتان نەمێنێت) درەنگتر زانیم دوعا بۆ خاڵەکانم و باوکم و کوڕانی گەڕەک ئەکات کە هەموو کانێسکانی بەکوڕی خۆی ئەزانی شیری بە هەموو مناڵانی گەڕەک دابوو.. دوعاشی لە ئەمن و بەعسیەکان ئەکرد، کە ئەو رۆژە رۆژی تەواو بونیان بوو..

دەنگێکی وەک قریشکە، وەک نێڵەی گڕ، وەک کەڕەنایەک جاڕ بدات لە کۆڵانەوە بۆ حەوشە و لە حەوشەوە بەناو درەخت و ئاگری تەنور و تۆزی ئاردی سەر پنەکە و بەناو گوێی نەنکما و تا بەرقاپی کەلەگیەکە و بەناو شوشەی پەنجەرەکەدا هات و خۆی کرد بەناو بیستنی هەموومانا.. (هاتن، هاتن.. وا لەسەری کۆڵانەوە بە یەکڕز هاتن، پێشمەرگە هاتن..) دەنگەکە تەواو نەببوو تلیلەی دایکم تێکەڵ بە دەنگی (خوا مەحفوزتانکات) باپیرم و سوجدەی شوکرەکەی بوو.. ماوەیەکی باش بوو دەنگی تەقە لە دورەوە ئەبیسترا.. هەندێک جاریش نزیکتر..

چێشتەنگاو بوو، یەکەم مەفرەزەی پێشمەرگە بە کۆڵانەکەدا بەرەوخوار تێپەڕین.. (رێی خەباتمان چەندە دور و سەخت بێت، با چواردەورمان کڵپەی ئاگر بێت..) لەگەڵ دەنگی سرودەکەیا من سەرم بە شوشەی پەنجەرەکەوە نابوو لە دەرگای حەشەوە کۆڵانم ئەبینی وا سەرنجم تیژکردبۆوە، مێشولەش بەو بەردەگایەدا تێپەڕیایە ئەمبینی، لەگەڵ  دەرکەوتنی پێشمەرگەی یەکەمی ریزەکەدا، ئیشراقێک کەوتە روانینم ئەوەی لەو لەحزەیەدا من بینیم مرۆڤ نەبوو، شاخ بوو دەستێک جلی کوردی خاکی لەبەر کردبوو، ئینسان نەبوو پیرمەگرون بوو جامانەیەکی قوتی لەسەر کردبوو، ئەوەی من بینیم چەم بوو لە دامێنی کەژەوە بۆ ناو شار هاتبوو چەکی لەشان کردبوو..

ئەوە یەکەمین وێنەی پێشمەرگەبوو لە ناو شاردا کە لەو دیو دەرگاکەوە تێپەڕین و من بینیم..
دایکم وتی ئیتر پێشمەرگە حوکممان ئەکات، ئیتر پێشمەرگە ئەمانپارێزێت..
وێنەیەک هەرگیز و هیچ شتێک ناتوانێت جوانی ئەو لەحزانە تێک بدات..
شەڕ یەک دوو رۆژان درێژەی کێشا، ئەو بەر شەقامەکە مردوی لێبوو، بە بەتانیەکی عەسکەری داپۆشرابوو.
ئەو رۆژانە گرنگ بوون، ماڵمان جمەی دەهات لەو پێشمەرگانەی بەزمانی بەفر قسەیان دەکرد، گەڕەکمان پڕ بوو لە شکۆ، ئیتر باوکم بە دڵخۆشی و شانازیەوە باسی ساتەکانی پێشمەرگایەتی خۆی بۆ ئەگێڕامەوە، ئینجا زانیم بۆ ئەو رۆژانەی پێشتر باوکم و هاوڕێکانی تری لە رێکخستنی ناو شار خەریکی چی بوون و چۆن خۆیان بۆ ئەو لەحزانە ئامادەکردوە. ئەو رۆژانە خێرا خێرا شتی سەیر رویان ئەدا..
ئەو رۆژانە دوو خاڵم بە برینداری گەڕانەوە. ئەو رۆژانە باسی جاشیان دەکرد بون بە پێشمەرگە، ئەو رۆژانە گوێم لە وشەی فەرهود بوو، ڕاو ڕوت.. ئەو رۆژانە لەو سەرجادانە چەکبەدەستی لێبوو بەخۆی دەوت پێشمەرگە و شاخ نەبوو، جامانەی لەسەردا بوو پیرەمەگرون نەبوو، بە زمانی بەفر نەئەدوا..
ئەو رۆژانە گوێم لێ بێبوو ئەیانوت، جەماعەتێک دروستبون شۆفڵ ئاودیو ئەکەن، جەماعەتێک فێربون تەل ئەبڕن..
مناڵانی گەڕەک هاواریان ئەکرد؛
نان و سەمون و کەرە
سەدام قۆنەرەی گەلە
رۆژانێک تێپەڕی و مناڵەکان هاواریان ئەکرد؛
نان و سەمون و کەرە
سەدام باشترە لەبەرە
رۆژانی پڕ شکۆ زوو تەواو بوو، ئاوارەبوین، گەڕاینەوە و سێ ساڵ دوای راپەڕین، خاڵێکی پێشمەرگەی چوار شانەم، خاڵە کارزانی ئەفسەری یەکەم سوپای نیشتمانی ئازادکراوم، جەنازەکەیان هێنایەوە بۆ حەوشەکە، لەشەڕی براکوژیا شەهیدببوو، نەنکم جەرگ سوتاو بوو، باپیرم سوجدەیەکی تری بردوو سەری بەرز کردەوە و وتی (خوایە شکورم بەبەشت)..
ئەو ساتانە یادەوەری بچوکی مناڵین و بیر ناچنەوە..
پیرۆز بێت یادی راپەڕین و بەرزبێت یادی تێکۆشانی گەلی کوردی بەشمەینەت..
بەهیوام ئەو هەستی شۆڕشگێڕیە بۆ ئازادی و عەدەلات کۆتایی نەهاتبێت و ناشرینیەکانی رۆژانی دواتری ئەو ساتە مێژووییە گرنگەکەمان بیر نەبەنەوە..


AM:11:40:07/03/2019

ئه‌م بابه‌ته 2572 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی