‌بۆیاخی زەردی سەر قەڵات تۆختر كرایەوە
PM:12:43:08/02/2021
بەهێز حوسێن

ئەمڕۆ بە دەنگی 18 ئەندامی پارتی و پڕۆ پارتی لە كۆی 30 ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر ( ئومێد خۆشناو) وەك پارێزگاری نوێی هەولێر دیاریكرا.

ئەگەر سەرنج لە شێوازی هەڵبژاردنی ئومێد خۆشناو بدرێت ئەبینرێت كە پارتی پارێزگارێكی پارتی سەپاند بەسەر شارەكەدا، وەك بینرا 6 ئەندامی یەكێتی و 4 ئەندامی گۆڕان و 2 ئەندامی كۆمەڵ و 1 ئەندامی یەكگرتوو دەنگیان بە ئومێد خۆشناو نەدا.

قسەكە ئەوەنییە كە ئومێد خۆشناو باشە یان خراپ بۆیە حیزبەكانی تر جگە لە پارتی دەنگیان پێ‌ نەدا، بەڵكو قسەكە ئەوەیە كە پارتی بێ‌ تەوافوق و بێ‌ پرس و ڕا لەگەڵ حیزبەكانی تر پارێزگاری سەپاند و بەردەوامی دا بەو دیدە قۆرخكارییەی كە هەولێر پارتی بە تەنها بەڕێوەی دەبات و بۆ هیچ كەسێكی تر نییە هیچ پێگەیەكی لەو شارەدا هەبێـت.

سەرنج بدەن كە حیزبەكانی تری ناو هەولێر كە خاوەنی 18 ئەندام لە كۆی 30 ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێرن بەڵام یەك پۆستی ئیداریی ئەو شارەیان لەدەستدا نییە و تەنها لەلایەن پارتییەوە قۆرخ كراون.

لە ساڵی 1992 ەوە پۆستی پارێزگاری هەولێر لە دەستی پارتیدایە بەبێ‌ ئەوەی حیساب بۆ لایەنەكانی تر بكرێت و نوێنەرانی شەریحەیەكی زۆرینەی خەڵكی هەولێر كە حیزبەكانی ترن ( كۆی دەنگیان لە دەنگەكانی پارتی زیاترە) لە پۆستە سیادی و ئیدارییەكانی ئەو پارێزگایەدا بەشدار ببن.

دووبارە بە دانانی پارێزگاری حەوتەمی پارتی لە هەولێر پارتی دووپاتیكردەوە كە ئەو حیزبە شەراكەت و هاوبەشی كەسی قەبووڵ نییە و رێگانادات فرە رەنگی لە هەولێردا هەبێت و بۆیاخی زەردی سەرقەڵاتی تۆخ و تۆختر كردەوە .
 

هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.