بەڵی بۆ ڕیفراندۆم !

‌بەهێز حوسێن

لە 15-10-2005 و 25 - 9-2017 نەك هەردەنگم بە (بەڵێ)دا بەڵكو بانگەوازیشم چڕكردبوەوە بۆ ئەوەی لە ڕاپرسی خەڵكی كوردستان بۆ سەربەخۆیی زۆرترین هاوڵاتی بەشداربن و دەنگیش بە بەڵێ‌ بێت .

من كە لە ناو (پارتی كۆمۆنیستی كوردستان / عێراق) یش بووم هەر كوردستانیی بووم و لەگەڵ سەربەخۆی كوردستاندابووم ، ئاواتیشمە نەمرم و كوردستان بە سەربەخۆیی ببینم ، ئەم نووسینەم بۆ ئەوەنییە كە بڵێم باشمكرد كە دەنگم بە بەڵێدا یان خراپم كرد ، بەڵكو بۆئەوەیە كە بۆ رابەر و سەركردە و بەرپرسانی ئەم كوردستانە ( بەڵێ) یان پێكردین و لە بری دەستكەوت زیانی زۆرمان بەركەوت ؟ تووڕەیی ئەمڕۆم لەو هەموو سەركردە و حیزبانەیە كە خۆیان بە ژیر و دەستەبژێری كوردستان دەزانن و فڕیان بەسەر خوێندنەوەی واقیعی سیاسییەوە نەبووە و نییە !.

وەك خۆم كاراكتەرێكی بێ‌ رۆڵ نەبووم لە بانگەشە بۆ سەرخستنی راپرسییەكە و هەموو ئەو بەرپرسە باڵایانەی لەم هەرێمە بینیومن ( لە هەموو حیزبەكان ) دڵنیایی ئەوەیان دەدا كە پرۆسەكە سەردەكەوێت و كێشەیەكی ئەوتۆمان نایەتە ڕێ‌.

لە ژمارەیەك بەرنامەی (گەرماوگەرم) دا لە تەمووز ز ئاب و ئەیلولی 2017 ( ئەرشیفی بەرنامەكان بەردەستن لە وێپسایتی GKSAT.TV ) لە كاتی گفتوگۆم لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم دەیانجار هۆشداری ئەوەم دەدا كە سوپای عێراق پاش ئازادكردنی موسڵ بەتەواوەتی دەستكراوە ئەبێت بۆ هاتنەوەی بۆ كەركوك و ناوچەكانی تری مادەی 140 ، بەڵام ئەوان هەر دڵنیاییان دەدا لەوەی ئەوكارە روونادات و پێشمەرگە ناگەرێتەوە بۆ چوارگۆشەی یەكەم .

ئێستا كاتی دادگاییكردن و لێپرسینەوەیە لە هەموو ئەو سەركردە و رابەر و بەرپرسانەی هەرێم لەسەر دوو شت :
1- ئەنجامدانی راپرسییەكە كە دەیانزانی سەری كورد لە قووڕ دەنرێت و پشتیوانییمان نابێـت و راستییەكانیان لە خەڵكی كوردستان شاردەوە 2- ئەو ئەمانەتەی خرایە ئەستۆیان كە داوای خەڵكی كوردستان بوو بۆ سەربەخۆیی بۆ بەجێیان نەگەیاندووە ؟.

ئاخر ئەگەر دادگاییكردنی سەركردەكان هەر لە سەردەمی شاخەوە ببوایە بە نەرێـت هەر لە هەرەسی شۆڕشی ئەیلوول و شەڕی چەكداری حیزبەكان دژ بە یەك و ئەوانەی هۆكاربوون بۆ راگواستنی گوندەكان و ئەنفال و كیمیابارانی هەڵەبجە و مفاوەزاتەكان لەگەڵ سەدام و شەڕی ناوخۆی پاش راپەڕین و داخستنی پەرلەمان و پەیوەندی ژێربەژێری حیزبەكان لەگەڵ وڵاتان و ... دەیان رووداوی تر ، ئەوا ئێستا كەس بێمنەت نەدەبوو لە ئەنجام و ئاكامەكانی ریفراندۆم !.

ئەكرێت لەم رووداوە مێژوویەوە ئیتر نەرێتی لێپرسینەوە لە سەركردە گەورەكان و بڕیار بەدەستەكان بهێنرێتە ئاراوە تا جارێكی تر بەهەوەس و نەزانانە چارەنووسی ئەم گەلە بەشمەینەتە نەخەنە مەترسییەوە و وەك بەرزەكی بابان بۆی دەربچن .


AM:11:31:21/09/2020

ئه‌م بابه‌ته 2872 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی