كۆبوونەوەكەی مەسرور و لاهوور

‌بەهێز حوسێن



كۆبوونەوەی لیژنەی هەماهەنگی هەردوو مەكتەبی سیاسی یەكێتی و پارتی لە هەڵمەتی راگەیاندن و چەلەحانێی هیچ بەدەستەكان لەناو راگەیاندنەكان زۆر باشترە ، بەتایبەتی كە كۆمەڵانی خەڵك خۆیان بڕست لێبڕاوی دەرد و نەخۆشی و نەهامەتی و بارگرانییەكانی ژیانن .

خەڵكی لای ئێمە بەدوای ئەوەدا دەچێـت كە بۆ كۆبوونەوەكە لە دووكان كراوە و بۆ نەهێنراوەتە سلێمانی !؟ یان دەپرسن كاك بافلچ هاوسەرۆكە چۆن ئەبێت لەگەڵ وشیار زێباری دابنیشێت !؟ یان بۆ وەفدی یەكێتی 5 كەسە و هی پارتی 3 !؟

خۆ ئەمانە هەمووی پرسیارن ، بەڵام پرسیارێكن بۆ ونكردنی پرسیارە سەرەكییەكە كە بۆچی یەكێتی و پارتی لەسەر ئاستی سەرۆك و هاوسەرۆكان كۆنابنەوە ؟

ئایا رێكەوتنەوەی یەكێتی و پارتی و سەر رێخستنەوەی كاری هاوبەشی ئەم دوو حیزبە كە رێكەوتنی ستراتیژی و كاری هاوبەشی حوكمڕانییان لە نێواندایە بە كۆبوونەوەی لیژنەی هەماهەنگی دەگاتە ئەنجام !؟

كۆبوونەوەی ئەم جۆرە لیژنانە كات كووشتنە ، ئەگەرنا ئەوەندە كێشەی جدی لەم هەرێمەدا هەن كە پێویستە یەكێتی و پارتی بەجدی بۆ چارەسەركردنیان رێكەوتنی بەپەلە لە مڕۆدا بكەن و نەیسپێرن بە سبەی .

كۆرۆنا دیلیڤەریی
ئەو لیستی خەرجیانەی وەزارەتی تەندروستی بۆ چارەسەریی تووسبوانی كۆرۆنا لە نەخۆشخانەكانی كەرتی تایبەت بڵاوی كردوونەتەوە مایەی ئەوەیە تەواوی ئەم حكومەتی هەرێمەی پێ‌ بدرێتە دادگا .

ئەمریكای باوكی سەرمایەداری و دونیای كەپیتاڵیزم لە سەردەمی كۆرۆنادا 80% ی كرێ‌ و مووچەی بێكارانی دەدا و لە رێگەی كۆبۆنەوە دەستەبەری كۆمەڵایەتی هەژاران و بێنەوایانی دەكرد ، كەچی وەزارەتی تەندروستی هەرێم كە تا ئەمڕۆش زۆربەی دەرمان و هاوكارییەكانی لە رێگەی بەغدا و W H O وە بۆ دابیندەكرێـت ، بۆتە دەڵاڵی نەخۆشخانەكانی كەرتی تایبەت و نرخیان بۆ پێشنیاز دەكات بۆ چارەسەری تووسبوانی كۆرۆنا بەڵام چ نرخێك !؟ بوك و زاوایەك لە هۆتێلێكی 5 ئەستێرەدا ئەوەندە ناكەون ، ئەمە گومانی ئەوە دروست دەكات كە نەمانی ئۆكسجین بۆ تووسبوانی كۆرۆنا لە نەخۆشخانەكانی حكومەت دەستئەنقەست بێت بۆ ئەوەی تووشبوان زیاتر لە كەرتی تایبەت بكەن بۆ چارەسەر وەرگرتن .

وەزارەتی تەندروستیش بەم لیستەی ئیفلاسبوونی خۆی راگەیاند ، راست و چەپی بە هەموو ئەو هەوڵانەیدا هێنا كە لە سەرەتای سەرهەڵدانی كۆرۆناوە جێگەی تەقدیری هەموان بوون .


PM:01:22:11/08/2020

ئه‌م بابه‌ته 2344 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی