گۆڕان و یەكێتی، ئیدارەدانی هاوبەش یان لادانی هەڤاڵ ئەبوبەكر؟

‌بەهێز حوسێن

یەكێتی و گۆڕان ئەوكاتەی رێكەوتنی بەرێوەبردنی هاوبەشی زۆنی سەوزیان مۆركرد كە هەم پەیوەندی یەكێتی و گۆڕان گرژی زۆری تێدابوو هەم واقیعی كوردستانیش لە ڕووی سیاسی و ئابووری و ئیدارەدانەوە بەمجۆرەی ئەمڕۆ بوو، لیژنەی تایبەتی یەكێتی و گۆڕان لە كۆبوونەوەدان بۆ ئەوەی هەربەپێی رێكەوتننامە كۆنەكەی پاش هەڵبژاردنەكانی 30-4-2014 ئاڵوگۆِر لە پۆستەكاندا بكەن و درێژە بە بەڕێوەبردنی هاوبەشی زۆنی سەوز بدەن.

بەڕای من باشترە یەكێتی و گۆڕان كە ئێستا  لە هەوڵدان بۆ باشتر رێكخستنەوەی پەیوەندییەكانیان ئەو رێكەوتننامەیە تێبپەڕێنن و لە چوارچێوەی نزیكبوونەوەی نێوانیان نەخشەرێگایەكی تر بۆ ئیدارەدانی هاوبەشی ئەم زۆنە دابڕێژن، پێشموانییە ئەو رێكەوتنەی لە نێوانیان هەیە بۆ ئیدارەدانی هاوبەش  لە رێكەوتننامەی دەباشانی نێوانیان گرنگتر و پێویستتر بێت ـ بەڵام ئەوەی دەباشان هەڵپەسێراوە.

پێویستە یەكێتی و گۆڕان لە دۆخی ئەمڕۆدا تێگەیشتنی هاوبەش و كاری هاوبەشیان هەبێت بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە پڕ لە قەیرانەی هەرێمی گرتۆتەوە و باشتركردنی بژێوی خەڵك، ئێستا كەی كاتی ئاڵوگۆڕی بێ ئەرزەشی ئیداری و پۆست بەخشینەوە و دڵ رازیكردنی چەند ئەندامێكی حیزبەكانە؟ ئەم دۆخەی كە هەیە بە ئاڵوگۆڕی پۆستی ئیدارەی خۆجێیی چارەسەر نابێت و بە پێچەوانەوە ئەوانەشی كە دڵیان بەوە خۆشە لەم ئاڵوگۆڕانەدا پۆست وەربگرن جگە لەوەی عەیبە دەهێننە سەرخۆیان هیچی تریان پێناكرێت.

لە كوردستان پارە مووچە و كەسابەت نییە، سێكتەرەكانی حكومەت تووشی ئیفلیجبوون هاتوون، شەفافییەت و سەروەری یاسا و چاكسازی و ریفۆرمی راستەقینە بوونیان نییە و سیستمەكە سەراپا خەلەلی تێدایە، ئەم قایمقام یان بەرێوەبەری ئەم شارە دێیە بگۆڕدرێت دەتوانێت چی ئەم وێرانەیە چاك بكات؟

زانیاری ئەوەم هەیە كە بزووتنەوەی گۆڕان خۆیان دەیانەوێت د. هەڤاڵ ئەبوبەكر لەپۆستی پارێزگاری سلێمانی دوور بخەنەوە، بەڵام لە ئێستادا كاك هەڤاڵ ئەدایەكی باشی هەیە و باوەڕ ناكەم چەند بەرپرسێكی گۆڕانی لێدەربچێت خەڵكی سلێمانی و لایەنەكان بە یەكێتیشەوە گلەییان لێی هەبێت، بۆیە مانەوەی باشترە و هەركێش لەئێستادا بچێتە شوێنەكەی ئەو یان هەر بەرپرسێكی ئیداری تر لە پارێزگا و قەزا و ناحییەكان لەمانەی ئێستا كە دەیكەن زیاتریان پێناكرێت.

باشترە یەكێتی و گۆڕان رێكەوتنی ستراتیژی بنەڕە‌تی و قوڵی سیاسی و كاری هاوبەش لە پەرلەمان و حكومەت بكەن و خۆیان بەكاری وردەی ترەوە سەرقاڵ نەكەن.


PM:12:33:07/07/2020

ئه‌م بابه‌ته 5528 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی