خۆمان درۆ نەقاڕ دەکەین

‌بەهێز حوسێن


حکومەتی هەرێم ئەوەندەی پەشمەک فرۆشێک سیاسەتی ئابووری نییە و یەک و دوو لەیەک جیاناکاتەوە ، یان ماسەکەی پڕ لە مووە ، ئاخر جوولەکە دەڵێت لە فرۆشتنی وشکەکە پارەی گونییەکەم بەسە ، مریشک فرۆشەکانی ئەمڕۆ قازانج تەنها لە سەربڕین و پەرتکردنی مریشکەکە بەدەستدەهێنن ، مەعقوولە حکومەتی هەرێم کە نەوت فرۆشە هەر لە زەردابێت !؟

نەوت گەیشتە سەر 15$  حجومەتی هەرێم 650 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە دەفرۆشت ، لەکاتێکدا نرخی یەک بەرمیل نەوتی سپی (یەکێک لە بەرهەمەکانی پەترۆل ) 120 هتزار دیناربوو ، بەڵام حکومەت بەم هەموو خەبیر و موستەشارەوە نەک هەر نەیتوانی سوود لەم داهاتە لە ناوخۆدا ببینێت بەڵکو قەیرانی نەوتی سپی هەبوو ، باسی بەنزین و گازی شل هەر ناکەم .

حکومەتی ئێمە بە زەرەر و قەرزارباری ڕاهاتووە ، ئەگەر نا وەک کابرا وتی ئەم هەموو تەڕاییە بدەیتە دەست قالە شێت باشتر تەوزیعی دەکات.

ئەمڕۆ نرخی نەوت چووە سەرو 43$ و بڕیارە لە سایەی ڕێکارەکانی ئۆپیک+  لە مانگی تەمووز نرخی نەوت بگاتە 70$ ،حکومەتی هەرێمی گیرخواردوو بڕیاری کەمکردنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی داوە لە کاتێکدا نرخی نەوت بەرز دەبێتەوە ، ئەگەر قالە شێتیش بێت وا دەکات؟

ئەوەی زۆر بەلامەوە سەیرە ئەوەیە کە حکومەت بۆ ئەوەی کێشی دابەزێنێت لە بری ئەوەی خواردنی شیرین و چەور کەم بکاتەوە دێت و وەرزش کەم دەکاتەوە ، گوایە دەیەوێت بۆ چارەسەری قەیرانی مووچە پارە لە مووچەخۆران خۆیان بببڕێت .

کەواتە ئەوەی هەیە حکومەت ڕاستگۆ نییە لە چارەسەری قەیرانی دارایی و مووچە ،بەڵکو هاتووە و درۆمان بۆ دەکات ، نازانێت خۆمان درۆ نەقاڕ دەکەین و مەسەلەکە داهاتی شەخسی و بنەماڵەیی و شەخسی خۆیانە نەک مووچەخۆران.


PM:11:55:22/06/2020

ئه‌م بابه‌ته 2492 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی