بودجەكەمان چوو

‌بەهێز حوسێن


بە درێژایی تەمەنی 9 كابینەی حكومەتی هەرێم لە ماوەی 28 ساڵدا ، تەنها لە كابینەی سەردەمی د. بەرهەم ساڵحدا (2009 - 2013 ) شتێكی رێكوپێك و یاسایی  هەبووە بە ناوی بودجەوە و لە لایەن پەرلەمانی كوردستانەوە پەسەندكراوە .

ئەم كابینەیەی حكومەتی هەرێم كە دەڵێت شەفافین  كەچی كەس نازانێت بوودجەكەی چەندە و وەك پڕۆژە یاسا نەخراوەتە بەردەم پەرلەمان و نەبووە بەیاسا ، ئیتر شەفافییەتی چی ؟

بەپێی بنەماكانی كاری دارایی و كارگێڕیی  هەر پارەیەك بەدەر لە یاسا خەرجبكرێت ، نایاسایی و سەرپێچییە .
لەمەش گرنگتر ئەوەیە كە چەند مانگێكە پەرلەمانی كوردستان خۆی شین و مۆركردۆتەوە بۆ شتێك بەناوی یاسای چاكسازی لە مووچە و دەرماڵە و خانەنشینیدا ، كەچی ناپرسن كە ئەوان  موناقەشەی بابەتێك دەكەن كە لە چوارچێوەی بودجەی گشتیدایە ، بەڵام زەحمەت نەبێـت بودجەكە خۆی كامەیە و لە كوێیە ؟ هیچتان بەناوی بودجەوە هاتۆتە بەردەست و هیچی لەبارەوە دەزانن ؟

ئاخر یەكێك لە كارە سەرەكییەكانی پەرلەمان لەپاڵ یاسادانان و چاودێریكردنی حكومەت پەسەندكردنی بوجەیە ، كە ئەمەناكات كەواتە وەك كورد دەڵێـت : ئەو پارەیەی وەریدەگرن پێیان حەرامە .

پەرلەمان ئەگەر بوودجەی لەبەردەست نەبێـت واتە ئەركی دووەمیشی ناتوانێت جێبەجێبكات كە چاودێریكردنی حكومەتە؟

كەتۆ بودجەت لەبەردەست نەبوو چۆن دەزانیت چۆن و لەكوێ‌ گەندەڵی كراوە و لە بودەی گشتی دزی و فزی هەیە ؟

بۆیە باشترە پەرلەمانتاران خەڵك و خۆشیان سەرقاڵی شتی لابەلا نەكەن و تا بودجە نەهێننە پەرلەمان هیچ یاسایەكی تر دەرنەكەن ..




AM:11:06:20/01/2020

ئه‌م بابه‌ته 3400 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی