هەرێمی حەمە قەدۆكان

‌بەهێز حوسێن

ئەوەی ئەم حكومەتی هەرێمەی ئێمە دەیكات كەپیتاڵیزمەكانی دونیاش بە مێشكیاندا نایەت ، ئەم هەرێمە بە جۆرێك بە رێوە دەبەن هەر دەڵێی لەسایەی سەری ئەواندا داهاتی ساڵانەی تاكی كورد 100 هەزار دۆلارە.

ئەم حكومەتەی كوردستان خۆی كەڕكردووە لەوەی كە هێشتاش خەڵكانێكی زۆری ئەم هەرێمە پشتی بە كۆبۆنی خۆراك بەستووە بۆ ژیان كردن ، نابیناكانمان 150 هەزار دینار وەردەگرن ، بێكاریی 8%ی تێپەڕأندووە ، زیاتر لە 250 هەزار كرێچی هەن ، شلەو برنجێكی سادە بووە بە 1000 دینار و  هێشتاش كەسانێك هەن ناتوانن بیخۆن  و هتد.

ئاخر بە چ پێودانگێك خەڵكی ئەم هەرێمە بە حەمە قەدۆی موسڵ تێگەیشتوون ؟ بە چ پێوەرێك ژیان لەم هەرێمە دادەڕێژن كە تەنها دەوڵەمەندەكان دەتوانن تیایدا بژین؟

خوێندنتان كردووە بە پارە ، چارەسەری تەندروستیتان كردووە بە پارە ، جام رەشكردنی ئۆتۆمبێلتان كردووە بە پارە، چوونە ناو سەیرانگاكانتان كردووە بە پارە، پاراستنی ئەمنییەتی مۆڵ و باڕو بازاڕەكان بووە بە پارە ،هەرچی بەهاكانی مرۆڤایەتی و دادپەروەریی هەیە هەمووی بووە بە پارە و لە بەرامبەریشدا مووچە و خانەنشینی و داهاتی خەڵكیشتان كەمكردۆتەوە ، ئاخر چۆن لەم هەرێمەدا چینەكانی ناوەڕاست و هەژار بژین؟

ئەوەی ئەم حكومەتی هەرێمە دەیكات ئەمریكای باوكی سەرمایەدارییش نایكات، كە لەوێ‌ داهاتی تاك دە هێندەی داهاتی تاكی لای ئێمەیە ، لێرە هەموو جۆرە خزمەتگوزارییەك بۆتە پارە و حكومەت یەك كاری ماوە ئەویش دابەشكردنی مووچەیە ئەویشی بەرێكو پێكی پێناكرێت و لەهەر ساڵێك سێ‌ مانگی لێ‌ كەمدەكاتەوە، بۆیە كاتی ئەوەیە هەموو پێكەوە و بە تایبەتی چەپ و سۆشیالدیموكرات و كۆمۆنیستەكان ئەم حكومەتە بەئاگا بهێنینەوە و پێیان بڵێین :هێواش .. نە ئێمە گەلی خواپێداوی نەرویژین و نە ئێوەش حاكمی هەرێمی لاسڤیگاس.


PM:02:18:18/01/2020

ئه‌م بابه‌ته 5040 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی