‌وەزیری پەروەردەی هەرێم.. تكایە بە بڕیارەكەتدا بچۆرەوە
AM:10:48:06/11/2019
بەهێز حوسێن


بەهۆی بڵاوبوونەوەی وێنەیەك لە یەكێك لە خوێندنگەكانی شاری هەولێر ، كە تیایدا دەردەكەوێت چەند خوێندكارێكی بنەڕەتی و خانمێكی كارگوزار مەنهۆڵی خوێندنگاكەیان پاكدەكەنەوە ، وەزیری پەروەردەی هەرێم كە لە فەیسبوكەوە وێنەی دیبوو ، هەر دەمەو ئێوارە بڕیاری لەكارلادانی بەڕێوەبەری خوێندنگەكەی دابوو .

ئەم بڕیارەی وەزیری پەروەردە تەواو ناڕەوایە و هەرگیز لە بڕیاری كەسێك ناچێـ كە ئەركی پەروەردەكردنی نەوەی دوارۆژی ئەم گەلەی لە ئەستۆدابێـت .

لە ژاپۆن ڕۆژانە خوێندكاران لەگەڵ مامۆستاكانیان خوێندنگەكانیان پاك دەكەنەوە و پەنجەرە و زەوی و رارەو و مێزەكان پاك دەشۆن و دەیسڕنەوە و رێكیان دەخەنەوە ، چونكە فێركردنی خوێندكاران تەنها ئەركی خوێ،دنگا نییە بەڵكو پەروەردەكردنی تاكێكە بۆ داهاتوو بە جۆرێك كە ژینگەی خۆی پاك ڕابگرێت و هیچ كارێكی یێ‌ شوورەیی نەبێت و فێری كاركردن بێت و لە هیلاكی ئەوانەش بگات كە كاری خزمەتگوزاری و ژینگە پارێزی دەكەن .

تۆ بڵێی وەزیری پەروەردەی ئێمە و سیستمی پەروەردەیی ئێمە لە ژاپۆن پێشكەوتووتربێت .

دەبوو وەزیری پەروەردە دەستخۆشی لە بەڕێوەبەری ئەو خوێندنگایە و خوێندكارەكانی بكردایە و هانی هەموو خوێندنگەكانی تریشی بدایە تا لەو جۆرە كارانە بە هەرەوەزی و هاوبەشی خوێندكاران بكەن ، لەگەڵ ئەوەشدا تێبینی بدایە كە بۆ ئەو كارانە پێویستە دەمامك و دەستكێش و جزمە و بەدلە بەكار بهێنرێت ، نەك لە هەڵچوونێكی بێ‌ بنەما و نازانستیدا سزای بەڕێوەبەری ئەو خوێندگایە بدات .

بەهێوام وەزارەتی پەروەردەی ئێمە لەپاڵ فێركردنی زانستدا گرنگی بە پەروەردەی كۆمەڵایەتی و نیشتیمانی و ژینگەپارێزی و یەكترقبوڵكردن و وەرزش و هەرەوەزیش بدات .


هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.