گرەو لەسەر عادل عەبدولمەهدی

‌بەهێز حوسێن


گرفت لەوەدایە  هەمیشە كورد خۆی لەو ساتانەدا دەبینێتەوە كە تیایدا دەژی و ئایندەی فەرامۆشكردووە ، هەمیشە هەر مامەڵە لەناو ئەو ڕۆژانەدا دەكات كە بۆی هاتۆتە پێش ، كورد هەر لەگەڵ باوەكاندایە و نایەوێت لە چوارچێوەی هەبوو دەربچێت و ڕۆڵ بۆ دیاریكردنی داهاتوو بەخۆی بدات ، بەڵكو هەر چاوەڕێیە ڕۆڵێكی پێبدەن.

ئەوەی لە عێراق ڕوودەدات ژانی گۆڕانێكی گەورەیە ، پێشبینی دەكرێت زۆرشتی ۱٥ ساڵی ڕابردووی عێراقی پاش سەدام سەراوژوور ببێت ، كەچی كورد هەر لە دەوری عادل عەبدولمەهدی دەخولێتەوە و دەڵێن ئەو بڕوات كورد وەزعی خراپ دەبێت چونكە ئەو نەرمونیانە و دۆستی كوردە و لێكتێگەیشتنی باشی هەیە .

ئەوەی لەعێراقدا دەگوزەرێت عادل عەبدولمەهدی ڕادەماڵێت و شوێنێكی بۆ ناهێڵێتەوە ، بەڵام لەم كابرایە گرنگتر بۆ كورد ئایندەی كوردستانە لە عێراقی پاش عادل عەبدولمەهدی .
كورد هەر چاوی لەوەیە كە حكومەتی ئێستای عێراق هەڵبوەشێتەوە كێ بودجەی عێراق بدات؟
بەڵام پرسیار گەڵێكی چارەنووسسازتر هەن بۆ ئایندەی كورد لە عێراق كە سەركردایەتی سیاسی كوردستان دەبێت لە هەوڵی زامنكردنیان بێت.

عادل دەڕوا و یەكێكی تر دێت كوردیش لە مێژووی ئەم وڵاتەدا دەیان سەرۆك و سەرۆك وەزیران و سەرۆكی پەرلەمانی بەڕێكردووە ، بەڵام پرسە سەرەكییەكەی هەر چارەسەر نەكراوە و هەمیشەش مەترسی لەسەر ئایندەی هەبووە .

ئێستا شەقامی عێراق كە لەلایەن چەند لایەنێكی سیاسی بەهێزەوە پشتیوانی دەكرێت داوای هەمواركردنەوەی دەستوور دەكات ، دەیانەوێـت دەستوور بە جۆرێك هەمواربكەنەوە كە دەستبخەنە بینی كورد و شتێ: بەناوی ناوچەی جێناكۆك لە دەستوور نەهێڵن ، كاتێكیش كە دەڵێن چەك تەنها بەدەستی دەوڵەتەوەبێـت دەیانەوێـت هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی و میلیشیا چەكدارەكانی تر ببەستنەوە بە هەڵوەشاندنەوەی هێزی پێشمەرگەوە ، یاسای نەوت و گاز بە جۆرێك بنووسنەوە كە كوردستان بكەنە مانگایەكی شیردەر و بۆهەتایە جارێكی تر كورد پیشەسازی نەوت نەگرێتە دەست .

ئەمانە گرنگترن بۆ كورد یان عادل عەبدولمەهدی ؟ پێویستە سەركردایەتی سیاسی لەكوردستان دەستبەرداری تاكپەرستی سیاسی بێـت ، سەردەمانێك كورد دەیوت ( لازعیم الا زعیم ) و پرسەكەی ئاڵۆزتربوو ، پاشان پەنایاندایە بەر قائیدی زەرورە و لە بری چارەسەر ئەنفال و كیمیاباران كرا ، كورد سیاسیەكانی شیعەی بە برای چاوڕەشی هاوزوڵملێكراو دانا و ئێستاشی لەگەڵدابێـت پرسەكەی هەر نەگەیشتۆتە چارەسەر ، بۆیە پێویستە  كورد خۆی بخزێنێتە ناو واقیعە داهێنراوەكە و هەوڵێ‌ گۆڕینی مەجراكان بدات لە بەرژەوەندی خۆی و خۆی بە كەسەوە نەبەستێتەوە كە دەست بۆ تاڵە پوشێكیش ئەبات تا نوقم نەبێـت .


AM:10:24:30/10/2019

ئه‌م بابه‌ته 5660 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی