تۆپەکە لە سەری ڕەشە

‌بەهێز حوسێن

بڕیارە دوو ڕۆژی تر مەراسیمی (شاهانە) ی سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی وەک دووەمین سەرۆکی هەرێم بەرێوە بچێت ، مەراسیمە (شاهانە)کەش وەک پارتی وای ناولێناوە گەدایش نابێت ئەگەر سەرۆک کۆماری عێراق و دووەم گەورە حیزبی کوردستان کە یەکێتییە تیایدا بەشدار نەبن ، بۆیە خودی نێچیرڤان بارزانی پەرۆشی ئەوەیە سوێندخواردنەکەی گرفتی بۆ نەیەتە پێش ، بۆ ئەم مەبەستەش تەلەفۆنی بۆ د.بەرهەم ساڵح کردووە و بەڵێنی ئەوەی داوەتێ کە تا ۱۰/٦ داواکارییەکانی یەکێتی بکەنە کردار.

ئەوەندەی زانراوە یەکێتی بە نییەتێکی باشەوە ئەم دەستپێشخەرییەی قەبوڵکردووە و وەفدێکیشی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ پارتی پێکهێناوە ، ئەوەندەی تەماشا دەکرێت نێچیرڤان فشاری گەورە دەکات بۆ ئەوەی بارزانی مامی قایل بکات بە داواکارییەکانی یەکێتی ڕازی بێت کە بریتییە لە دانانی پارێزگارێکی یەکێتی بۆ کەرکوک و پڕکردنەوەی پۆستی وەزارەتی دادی عێراق بۆ کاندیدێکی یەکێتی.

ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی پارتیدایە و لە قاچی خودی نێچیرڤان بارزانیدایە ، یان ئەوەتا ماڵی بارزانی قایل دەکات بە ڕێکەوتن لەگەڵ یەکێتی یان ئەوەتا گەمەکە لەخۆێ تێکدەدەن و دەیکەنە یەکەمین سەرۆکی ناتەوافووقیی لە هەرێم.

پێموایە یەکێتیش ڕێگەی سێیەمی لەبەردەمدا نەماوەتەوە یان ئەوەتا دەگاتە ڕێکەوتن و پۆستەکانی  پارێزگای کەرکوک و وەزارەتی دادی چنگ دەکەوێت و دەچێتە حکومەت یان ئەوەتا هەرکەس لە ماڵی خۆی و بەشی خۆی بۆ خۆی .

سینی و زەرف
لە پرسی جێگری سەرۆکی هەرێم و بە تایبەتریش پۆستی پارێزگاری کەرکوک پارتی دەڵێت ئەبێت چەند ناوێکم بخرێتە بەردەست و منیش فت و گوڵیان دەکەم ، ئەگەر یەکێتی بەمە ڕازی بێت ئەوە ئایندەی باشی نابێت و ئەم دوو پرسەش تێپەڕێنرێن ئینجا سەرەی وەزیرەکان دێت و دیسان پارتی هەر فت و گوڵیان دەکات.
ڕاستە دەبێت یەکێتی و پارتی بسازێن لەسەر کۆی پرسەکان ، بەڵام ئەم سازانە تاسەر بەو واتایە نایەت کە تەنها پارتی مافی ڤیتۆی هەبێت ، تا ئەم چرکە ساتەش یەکێتی هیچ قسەیەکی لەبارەی کاندیداکانی پارتی بۆ هەر پۆستێک یەکێتی قسەی نەکردووە کە بەڕای من دەبێت قسەی هەبێت ، بەڵام کە قسەی نییە نابێت لێبگەڕێت کە هەموو پرۆسەی سیاسی لە بێدەنگی خۆیدا بۆ پارتی بکرێتە یاری سینی و زەرف و بەدڵی خۆی ئەو فت و گوڵی لێبکات.

ئەگەر وایە با یەکێتی ەر ئەوەندەی لەسەربێت داوای پۆست بکات و پارتی خۆی لەبری یەکێتی کەسیان بۆ هەڵبژێرێت ، یەکێتی پێمان دەڵێت سەر بەرزبن کەچی خەریکە هەر بەخۆی سەر بە هەڤاڵەکانی خۆی کەچ دەکات و ئەمڕۆ لیستێک ناو کاندید دەکات و سبەینێ پارتی ڕەفزی و دەکات و هەمدیس لیستێکی تری ناو پێشنیار دەکات، وەک ئەوەی هەڤاڵانی یەکێتی کەروێشکی تاقیگەبن یان بێ ئەرزشترین  هاوڵاتی کوردستان بن!.


AM:08:40:08/06/2019

ئه‌م بابه‌ته 12424 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی