بەرهەم ساڵح و کازمى بۆ هەڵبژاردن خەریکى چین

‌گۆران عەلی کەریم

یەکێتى و بەرهەم ساڵح و کازمى خەریکى چین بۆ هەڵبژاردنى ئایندە!

ئەو ناونیشانەى سەرەوە، ناونیشانى بابەتێکە، کەلەیەکێک لەپەیجەکانى نزیک لە حزبێکى باڵادەستەوە بڵاوکراوەتەوە. ئەوەى مەبەستە لێرە بوترێت، وەڵامدانەوە نییە بەو نووسینە، بەڵکۆ ئەو نوسینە تەنها وەک عەینەیەک وەرگیراوە لە بۆچوون و تێروانینى هەندێک لایەن کە ماوەیەکە بەبێ خستنە رووى هیچ بەڵگەیەک پروپاگەندەى ئەوە دەکەن.

گوایە سەرۆک کۆمار دکتۆر بەرهەم و سەرۆک وەزیران مستەفا کازمى، بەرنامەى هاوبەشیان هەیە، پێکەوە لیستیان هەبێت بۆ هەڵبژاردنى ئایندە، تەنانەت تا ئەو رادەیە قەڵەم کێشیان کردوەو پێش رووداوەکان کەوتوون، ناوى لیستەکەشیان بەخەیاڵى خۆیان ئاشکرا کردوە و باس لەوەش دەکەن دکتۆر بەرهەم لەپشتى پرۆژەکەوەیەو کارەکان هێندە بەبەرنامەو وردەکارى چووەتە پێشەوە، بەشێک لەپەرلەمانتارانى لایەنەکانى ترو هەندێک لەمیدیاکارانی کوردیش چوونەتە نا پرۆژەکەى دکتۆر بەرهەم و مستەفا کازمییەوە.

وەرگرتنى ئەم هەواڵە بێ دایک و باوکە لاى خوێنەرانى، دوو جۆر بۆچوون دروست ئەکات، یەکەم، هەواڵەکە بۆخۆى دەبێتە ریکلامێکى پێشوەختى هەڵبژاردن بۆ مستەفا کازمى و هەندێک لەخەڵکى نارازى و تورە لەحکومەتى هەرێم و حزبەکان، والێدەکات، خەیاڵى پشتیوانى بۆ کازمى لەسەر حسابى هەواڵیکى نادیار دروست ببێت و سۆسیال میدیا پربکات، لەوێنەى سەرۆک وەزیران مستەفا کازمى و وەک فریادرەسێک بۆ دۆخى چەق بەستووى هەرێم وێناى بکەن، بەجۆرێک ئێستا هەندێک میدیا کار رەسدى جوڵەکانى سەرۆک وەزیران دەکەن و بەشانازییەوە دەبێتە سەردێرى هەواڵەکانیان، ئەمەش بەهۆى ئەوەوەیە، کە چاودێرى کردنى جوڵەکانى سەرۆک وەزیران خۆێنەرى باشى هەیە.

 خاوەنى ئەم جۆرە هەواڵانە کە ئامانجى شکاندن و پەلاماردانى دکتۆر بەرهەم و یەکێتیە، بێ ئەوەى بەخۆى بزانێت، ئاودەکات بەئاشى نەیارەکەیداو ئەو بروایە لەناو راى گشتى دروست ئەکات کە ئەگەرى بەهێز هەیە لەهەڵبژاردنى ئایندە هاوسەنگى هێز گۆرانکارى گەورەى بەسەردا بێت. دیارە خستنە پاڵى دکتۆر بەرهەم و یەکێتیش بۆ ئەم پرۆژە وەهمییە، جارێکى تر وادەکات، خوێنەر بگەیەنێتە ئەو یەقینەى، کە کورد بۆخۆى هیچ پرۆژەیەکى نییە بۆ ئایندە، بۆیە یەکێک لەحزبە سەرەکییە کوردیەکەى کوردستان کە یەکێتیە و شەریک و هاوبەشى پێکهێنانى حکومەتى هەرێمە، لەنائومێدى بەهاوبەشەکەى خەریکى دروستکردنى شەریک و هاوبەشێکى ترە، کە ئەویش مستەفا کازمییە.

بۆچوونى دووەمیش، هیچ نییە جگە لەوەى گرەو کردنە لەسەر شکاندنى یەکترى و درێژەدانى لۆژیکى دارزیوى دروستکردنى رق و کینە لەسەر هەر کەس و لایەنێک، کە لەخۆى نەچێت. مەترسى ئەم جۆرە هەڵمەت و پەلاماردانەش وەک ئەوە وایە کەسێک دارى ژێرخۆت ببریتەوە، چونکە ئەوەى لەپشتى هەڵمەتەکەوەیە، لایەنێکى خاوەن بریارى حکومەتە و وا دەردەکەوێت کەترسى لەدەستدانى دەسەڵاتەکەى هەبێت.

لێرە جێگاى خۆیەتى خەڵک ئەو پرسیارە بکات، ئاخۆ ئەو هەموو ترسە لەپاى چییە؟  لەهەرێم کەماوەى ٣٠ ساڵە حوکمرانى لاى پارتى و یەکێتییە، پارەو دەسەڵات لاى خۆیانە، هەرێم زۆرینەى رەهاى دانیشتوانەکەى کوردە، زۆرینەى میدیا لەبندەستیانە، دەیان و سەدان دەزگاو سەندیکاو رێکخراوى پیشەیى و مەدەنیان هەیە، ئەبێت ئیتر بۆچى بترسن لە هەر پرۆژەو هەولێک کە بەرێگەى دەنگدان و لەرێگەى پرۆسەى هەڵبژاردنەوە ئەنجام بدرێت، ئەم ترسە چییە و لەکوێوە هاتوە، ئاخۆچى وادەکات هەرێمێکى دەستورى ٣٠ ساڵ حوکمرانى کوردى وابەئاسانى لەبەردەم پرۆژەکەى مستەفا کازمى (ئەگەر هەبێت)بەچۆکدا بێت، ئایا ئەوە جێگەى پرسیار نییە کە ئاخۆ ئەو لایەنەى ئەو ترس و فۆبیایە بڵاودەکاتەوە گومانى لە پێگەى جەماوەرى خۆى هەیە!. یان ئەو هەموو ترسە نیشانەى ئەوەنییە، کە خۆیان لەوە تێگەیشتوون کە خاوەن حوکمرانییەکى شکستخواردون و دەزانن خەڵک بەشوێن بەدیلێکەوەیە بۆ دۆخەکە و بێزار بوون لەحوکمرانى ئێستا، جا ئەگەر ئەو بەدیلە کەسایەتیکى غەیرە کوردیش بێت؟.

لەراستیدا ئێستا زیاتر لە رابردوو بۆ هەموان ئاشکرا بووە، کە دۆخى هەرێمى کوردستان پێویستى بەگۆرانکارى ریشەیى هەیە، دیارە تورەیى خەڵکیش گەیشتۆتە رادەیەک چیتر بۆ خەڵک گرنگ نییە کێ ئەو گۆرانکاریە دەکات و کێ خاوەندارێتى لێدەکات، گرنگ ئەوەیە پرۆژەو بەرنامەیەکى رۆشن هەبێت بۆ رزگار بوون لەم چەقبەستنەى ئێستا، متمانەش بەهێزەکانى ئێستا زۆر کەم بووتەوە کە بتوانن ببنە خاوەن پرۆژەیەکى لەوجۆرە و زۆرینەى خەڵک لاى وایە شتەکە لەدەست دەرچووە. خۆ گەر دەسەڵاتدارانى ئێستا نیەتیان هەرئەوە بێت، بەمشێوەیەى ئێستا درێژە بەدۆخەکە بدەن، ئەوە بەدڵنیاییەوە، کازمیش بەرنامەیەکى لەو شێوەیەى نەبێت، لەئایندەیەکى نزیکدا کەسانى تر دروست دەبن ختوکەى ئەو نائومێدییەى ناخى خەڵک بدات.

 دیارە مرۆڤ ئەتوانێت بۆ ماوەیەک بە نەبوونى و کەمدەرامەتى بژى، ئامادەشە قوربانى بدات لەپێناو شتێکدا کە برواى پێیەتى، بەڵام زۆر قورسە بتوانى مرۆڤ لەنائومێدیدا بۆماوەیەکى درێژ راگریت و داواى قوربانیدانیشى لێبکەیت، زۆر ئەستەمیشە بتوانرێت بۆ چەند جارێک خەڵک بەدروشم و بەڵێنى ناراست بخەڵەتێنرێت، چونکەى ئەوەى ئێستا لایەنە کوردیەکان  بەدەستیانەوەیە بۆ کێبەرکێى ئەوەى دى، تەنها پرسى خاک و نەتەوەو نیشتمانە، کەبەداخەوە هەڵەکانى رابردوو، یان لەبەرچاو نەگرتنى قودسیەتى پرسەکەو گۆرینەوەى بەپرسى حزبى و بەرژەوەندى کەسى و دورکەوتنەوە لەخواستى خەڵک وایکردوە، ئەو پرسەش لەپرسێکى راستەقینەى حەقخوازنەى مللیەوە، بکرێتە کارتێکى سوتاوى ئەدای گێلکردن و عەوام فریووى  هیچى تر.


AM:10:57:09/09/2020

ئه‌م بابه‌ته 1764 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی