عیلم و گەعدە!

‌ هێمن رەفیق

"سەعاتێک گەعدە ٧٠٠$ و سەعاتێک وانە ووتنەوەی مامۆستای زانکۆ ٧٠٠٠ دیناری عێراقی!!!!!!!

وەرن با پیکەوە گوزەرێک بکەین بەناو هەموو کەناڵەکانی گەیاندن لەکوردستان بەتایبەت لە ١٠ ساڵی ڕابردوو، ئەوە هەر باسی پێشتر ناکەم، بابزانین ئەم ئەرشیفە چی بەرهەم هێناوە؟با بەراوردێک بکەین لەنێوان عیلم و گەعدە و مامۆستای زانکۆ و گەعدەچی یان خوێندکارەکانی بەکالۆریۆس و ماستەر و دکتۆرا و هەلهەلەچییەکانی دەوری هونەرمەندی میللی بابزانین بۆ عیلم ئاوا دواکەوت و گەعدە پێشکەوت؟بڵێی هۆکارەکەی ئەوەبێت ئایا گەعدەکانی ئەوان ئێمە پێشەخات یان ئێمە دەستمان لە هەمانەی عیلم دەرچووە؟.

من پشت ئەبەستم بە پێویستی کۆمەڵگا لە ئێستادا کە ئاخۆ پێویستی بە چییە؟ئەگەر نا هوونەری میللیش هیچی کەمتر نییە لەو هونەرانەی میللەتێک زیندوو ئەهێڵێتەوە بەڵام بەمجۆرە نا!.ئەم کارە سەیر و سەمەرانەش هیچی بێ هۆ نین و هەموو ڕووداوێک لە هۆکارێکەوە یان کۆمەڵە هۆکارێکەوە پێکەوە دروست دەبێ و ڕووداوەکە ئەکەنە ئەمری واقیع وە کاتێ کەناڵەکانی گەیاندنی کۆمەڵگا بەهەموو جۆرەکانییەوە کە زۆر بەخێرایی ئەگەنە بەرگوێ و چاوی کۆمەڵگا نەتوانێ کێشە زانستییەکانی کۆمەڵگا ڕوون بکاتەوە و لەڕیی کادر و ئەندازیاری تایبەتەوە بە ناچاری ئەبێت ئەو فەراغەی هەیە بە شتێ پری بکەیتەوە کە کۆمەڵگا نەتوانێت خەیاڵی بەلای کیشە و دەردە سەرەکییەکانی خۆیا و لەئێستاشدا ئەوەی بەلای ڕاگەیاندنەوە گرنگە ختوکەیانی ئەو بەشەی کۆمەڵگایە کە دوورن لە زانستەوە و ئەمەش زۆرینەی ئێمە پێک ئەهێنن کە بەشێک لەوانە بروانامەی زانکۆشیان هەیە.

لە ئێستادا کۆمەڵگای کۆمەڵایەتی کۆنی ئێمە و نەوەی سۆشیاڵ میدیای نوێ کار لەسەر لایکی زۆر و ڤیوەری زۆر ئەکەن جا بەهەر ئاستێکی نوسین و قسەکردن بێت و نمونەشمان زۆرە وەکو کۆمیدیا ی پر لە تەشهیر و شکاندنی یەکتر و تیکدانی هەموو بەها سەرەکییەکانی کۆمەڵگا بەهەموو شێوازەکانییەوە.ڕاگەیاندن ئەگەر بییەوێت زانست پەخش بکات ئەوا ناتوانێ بەئاسانی بینەر بۆخۆی ڕاکێشێت بەتایبەت لەناو ئەم کۆمەڵگایەدا بکات بەڵام بۆ تێکدان و شێواندنی کۆمەڵگایەک کە خۆی لەسەر پەتەکە بێت ئاسانە و زۆرێک هەن دوای ئەکەون.با وای دابنێین ڕاگەیاندنێک نییەتی خراپە ئەی کێ هەیە بەر بەم خراپەییە بگڕیت؟بەشێکی زۆری پەیوەندی بە پچرانی پەیوەندی نێوان کادرە ناوەندی پێشکەوتووەکانی کۆمەڵگاوە هەیە کە لە ئێستادا هیچ پەیوەندییەکی وەها نایان بەستیتەوە ئەمەش وایکردووە کەناڵەکانی گەیاندن هەریەکەیان لە ئاڕاستەی خۆیەوە کۆمەڵگا بەرەوە خۆی پەلکێش بکات و کۆمەڵگاش لەنیوان ئەو هەموو لایەدا کە ئەیانەوێت پەلکێشی بکەن حەتمەن تەواو لەدەست دەردەچێت ڕاست و چەپی خۆی نادۆزێتەوە.

لەکۆتایدا ئەڵێم "ناکرێ لەبەر ئەوەی لەبێ کاری و بێ بژێوی و زۆر هۆکاری تر بڵێی ئەی میللەت چی بکا هەر ئەوەی بۆ ماوەتەوە، قسەیەکی کۆنی کوردی هەیە ئەڵێ "دۆم بە دانیشتن ماڵی ووێرانە".

*ئەندازیاری میکانیک


PM:03:38:16/01/2019

ئه‌م بابه‌ته 1492 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی